ناوهڕۆك
ناساندن
سەنگاپوورە وڵاتێکی بچووکی کیشوەری ئاسیایە ڕووبەرەکەی نزیکەی ٦٩٧ کیلۆمەترە، دەوڵەتێکی دوورگەییە، سنووری خاکی نییە لە هەموو ئاڕاستەیەکەوە بە ئاو دەورەدراوە، پایتەختی ئەم وڵاتە سەنگاپوورەیە، ئەم وڵاتە لە ڕووی جوگرافییەوە شوێنێکی ستراتیجی و ئابووری تایبەتی هەیە.
ئابووری سەنگاپوورە
ئابووری سەنگاپوورە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای بازاڕی ئازاد دامەزراوە، لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە پشت بە بازاڕی ئازاد دەبەستن بە پلەی دووەم هەژماردەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کرانەوەی ژینگەی بازرگانی و ڕوونی لە جێبەجێکردنی یاساکان و دانایی لە گەشەپێدانی سیاسەتی دراو و دارایی، ئاڕاستەکردنی دانایانەی حکوومەت لە پێشخستنی ئابووری وڵات لە ڕێگای هاندانی وەبەرهێنانەوە، پێشکەشکردنی هاندانی دارایی و هێنانەدی هەمەجۆری ئابووری، ڕەتکردنەوەی هەموو شێوەکانی گەندەڵی.
سێیەم وڵاتە لە ڕووی ئابوورییەوە نزمترین ئاستی گەندەڵی تێدا تۆمارکرابێت، لە ڕووی هەبوونی بەرهەمی ناوخۆییەوە لە جیهاندا بە پلەی سێیەم هەژماردەکرێت، ئابووری ئەم وڵاتە پشت بە کڕینی کەرەستەی خاو و دووبارە بەکارهێنانەوەی لە پیشەسازیدا و هەناردەکردنەوەی، هەروەها کەرتی گەشتەوەری، خزمەتگوزاری دارایی، گواستنەوەی دەریایی و هەندێک پیشەسازی سەرەکی ئامێرە ئەلیکترۆنیەکانی تر دەبەستێت، سەنگاپوورە لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕیزبەندی (زانستی تەکنەلۆجیای زیندەیی ئەمریکی)دا پلەی دووەمی بەدەستهێنا، ئەمەش بوویە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی تر لە ڕووی ئابوورییەوە، سەنگاپوورە بەراورد بە ساڵانی شەستەکان گەشە سەندنێکی گەورەی ئابووری بەخۆیەوە بینیوە بەجۆرێک داهاتی تاکە کەسی لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی لە ۳۲۰ دۆلارەوە بۆ ٦۰٫٠٠٠ دۆلار بەرزبوویەوە.
سەنگاپوورە بە ناوەندێکی گواستنەوەی جیهانی و هەرێمی دادەنرێت، یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵە گشتگیریەکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی تێدایە کە کاری خزمەتگوزارییە دەریاییەکان دەکەن وەک: نوسینگەی نێوەندگیری کەشتی، بەڕێوەبردنی کەشتی، خزمەتگوزاری دڵنیایی، خزمەتگوزارییە یاساییەکان.
ئەمانە و چەندان پیشەسازی تر هۆکاری مانەوەی ئابوورییە بەهێزەکەی سەنگاپوورەن، لەسەر ئاستی جیهان نزمترین ڕێژەی بێکاری لەم وڵاتەدا تۆمارکراوە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئابووری سەنگاپوورە بووە بە یەکێک لە جێگیرترین ئابوورییەکانی جیهان دادەنرێت، بەهۆی بوونی زیادە لە خەزێنەی دەوڵەت واتە داهاتی ئەم وڵاتە زیاترە لە خەرجییەکانی.
دراوی فەرمی وڵات
دۆلاری سەنگاپوورە (بە ئینگلیزی: Singapore dollar) دراوی فەرمی ئەم وڵاتەیە، لە ساڵی ١٩٦٧ـەوە ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت، لەلایەن "دەسەڵاتی دراوی سەنگاپوورەوە" دەردەکرێت، یەک دۆلاری سەنگاپوورە لە ١٠٠ سەنت پێکدێت بەڵام پۆلێنەکانی تری ئەم دراوە کاغەزییە بریتین لە جۆرەکانی (٢.٥،١٠،٢٠،٥٠،١٠٠،١،٠٠٠،١٠،٠٠٠)، بە (SGD یاخود S$) هێما دەکرێت و لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی دەرەکیدا بەکاردێت، کە گەورەترین بازاڕی دارایی جیهانە، تێکڕای ئاڵوگۆڕی ڕۆژانەی پێنج تریلیۆن دۆلارە، دۆلاری سەنگاپوورەش لە ڕیزبەندی١٣ـە هەمی ئەو دراوانە هەژماردەکرێت کە زۆرترین ئاڵوگۆڕیان پێوەدەکرێت.
پیشەسازی سەنگاپوورە
پێشتر کەرتی پیشەسازی سەنگاپوورە سنوردار بوو، ژمارەیەک پیشەسازی سەرەتایی سادەی تێدا بووە بەڵام
لەساڵی ١٩٦١ ئەنجومەنی گەشەپێدانی ئابووری دامەزرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مۆدێرن لە وڵات دەستپێبکات، لە دوای ساڵی ١٩٦٧ـەوە پرۆسەی بەرهەمهێنان فراوان بوو، بە هۆی دامەزراندنی کارگەکان کە سەر بە کۆمپانیا ئەلیکترۆنییە گەورە فرە نەتەوەییەکان بوون سەنگاپوورە کەرتە پیشەسازییەکەی گەشەی کرد بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی گرنگترین چالاکییە پیشەسازییەکان ئەوانیش (بەرهەمە ئەلیکترۆنییەکان، کیمیاییەکان، ئەندازیاری گواستنەوە، دابینکردنی پێداویستی و خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوە، زانستە پزیشکە زیندەییەکان)، ئەمانە جگە لە پیشەسازی و خزمەتگوزاری دارایی تر کە زیاتر لە ٢٠٠ بانک و سەنتەری دارایی تێدایە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەبین لە گواستنەوەی زانیاری، تەکنەلۆجیا، شارەزا بوون لە بازاڕە جیهانی و ناوچەییەکاندا.
بازرگانی سەنگاپوورە
لە دوای لەندەن، نیو یۆرک، تۆکیۆ، سەنگاپوورە لە ڕیزبەندی ناوەندە بازرگانییە گەورەکانی دراوە بیانییەکانە لە جیهاندا و بە پلەی چوارەم هەژماردەکرێت، نزیکەی ١١٩ ملیار دۆلاری ئەمریکی لە یەدەگی دراوی بیانی ئەم وڵاتەدا هەیە، ئەمەش یەکسانە بە ١٩٧ ملیار دۆلاری سەنگاپوورە، لەساڵی ١٩٦١ ئەنجومەنی گەشەپێدانی ئابووری دامەزرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کەرتی بازرگانی ئەم وڵات گەشە سەندنێکی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت، دوای ئەوەی وێستگەیەکی بۆ هەناردەکردن و هاوردەکردن لەگەڵ وڵاتانی هاوسنوور کردەوە بەمەش سەنگاپوورە بوویە هەناردەکار گرنگترین بەرهەمە هەناردەکراوەکانی لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا بریتی بوون لە (لاستیک، بیبەر، قاوە، ڕۆنی خورما)، بە تێپەڕبوونی کات هەناردەکردن گەشەی کرد، بۆ ئەوەی ئەم بەرهەمانە بگرێتەوە (ئامێری پرۆسەکردنی داتا، ئامێرە پەیوەندییە تەلدار و بێتەلەکان، پێداویستی و نەخشەی بابەتە ئەلیکترۆنییە سادەکان، بەرهەمە نەوتییە پوختەکراوەکان، ماددەی کیمیایی ئەندامی، پارچە کارەباییەکان).