هۆکارەکانی درۆکردنی منداڵ و چارەسەری

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-01-25-16:35:00 - کۆدی بابەت: 7703
هۆکارەکانی درۆکردنی منداڵ و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

درۆ

درۆ (بە ئینگلیزی: Lie) بانگەشەیەکی ناڕاستە کە مرۆڤ بە ویستی خۆی لە جێی ڕاستی دەری دەبڕێت، درۆ بەگشتی بۆ فێلکردن، هەڵخەڵەتاندن یان ڕێگریکردن لە بارودۆخێک کە لە بەرژەوەندی کەسەکە نییە، دەکرێت.

درۆکردنی منداڵ

درۆکردنی منداڵ شتێکە کە زۆرێک لە دایکان و باوکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بابەتێکە جێگای نیگەرانییە، دایکان و باوکان هەمیشە دەیانەوێت منداڵەکانیان ڕاستگۆ بن، بویە باشترە لە کاتی درۆکردنی منداڵەکە پێش هەر کارێک و سەرزەنشتکردنی منداڵەکە، هۆکاری درۆکردنەکەی بزانرێت، چونکە هەموو درۆکان بە یەک شێوە و بۆ یەک هۆکار نییە، منداڵ لە دونیایەکی ئاڵۆزدایە بەشێوەیەک کە بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی ژیانی پێویستی بە گەورەکانە، زۆربەی ئەو درۆیانەی منداڵ دەیکات بۆ هەوڵی پاراستنی خۆیان و ئارامکردنەوەی گەورەکان دەیکەن.
لە پێنج بۆ دە ساڵی، منداڵ کەم کەم تێدەگات چ شتێک درۆیە، لە تەمەنی دە ساڵ زیاتر، کاتێک منداڵ ڕاستی دەڵێت یان بە ئاشکرا درۆ دەکات، بەتەواوی دەزانێت خەریکە چی دەکات. 

هۆکارەکانی درۆکردنی منداڵ

هەڵەکردن

هەندێک کات منداڵەکان بەبێ بیرکردنەوە درۆ دەکەن و دوای ئەوە دووچاری دڵتەنگی دەبن،  کەواتە لەکاتێکدا کە ئەو هەڵەکەی خۆی دەزانێت بەڵام نایەوێت دانی پێدا بنێت تۆ یارمەتی بدە و ڕوونکردنەوەی پێ بدە کە کارەکەی هەڵەیە

ترس

هەندێکی تر لەو درۆیانەی بێ بیرکردنەوە دەکرێن لەبەر ترسن، کاتێک کە گەورەکان ڕەفتاری توندوتیژی یان ناڕاستیان بەرامبەر منداڵ هەبێت، هەروەها سزای خراپیان بدەن، منداڵەکان درۆ دەکەن بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتانەی گەورەکان.

ڕۆڵی دایک و باوک لە درۆکردنی منداڵدا

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان سەلماندووە ئەگەر منداڵەکان ئەوە بزانن کە گەورەکان ڕاستییان پێ ناڵێن، زیاتر درۆ دەکەن، دەبێت دایک و باوک ئاگاداری ئەو قسانە بن کە بە منداڵەکانی دەڵێن، چونکە درۆکردن لەگەڵیان ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ڕاستگۆییان، لەڕاستیدا هەرچەند کە زیاتر درۆ لەگەڵ منداڵ بکرێت، زیاتر درۆ دەکات.

ڕێگاکانی چارەسەری درۆکردنی منداڵ

- ئاگاداری ئەوە بن کە چۆن کاردانەوە بۆ ڕەفتارە خراپەکانی نیشان دەدەن، ئەگەر منداڵەکەتان لەکاتێکدا کە کارێکی ناڕاست و هەڵە ئەنجام دەدات، نیگەرانی سزا و سەرزەنشتەکانی ئێوە بێت و بترسێت لەوەی توڕە ببن لێی، بە وتنی ڕاستییەکان هەست بە پارێزراوی ناکات، دەنگی هێواش و ئارام تاقی بکەنەوە و ڕاهێنانی لەسەر بکەن، هەرچەند ڕەنگە لە کاتی توڕەییدا سەخت بێت، هەروەها سەرنج بخەنە سەر ڕێگا چارە لەبری ئەوەی منداڵەکەتان سەرزەنشت بکەن.

- ڕێگە مەدەن منداڵەکەتان هەست بە کەمی بکات، بە پرسینی پرسیارێک کە خۆتان وەڵامەکەی دەزانن ڕێگە بەوە مەدەن منداڵەکەتان درۆ بکات، بۆ نموونە، لەبری ئەوەی بڵێن ئەرکەکانت جێبەجێ کردووە؟، هەوڵ بدەن بپرسن پلانت چییە بۆ نووسین یان جێبەجێکردنی ئەرکەکانت؟، بەم شێوەیە ئەگەر منداڵەکە ئەرکەکانیشی تەواو نەکردبێت، دەتوانێت لەبری درۆکردن و چیرۆک دروستکردن، بیر لە پلانێک بکاتەوە.

- سەرنج بخەنە سەر هەستەکان، هەوڵ بدەن لەوە تێبگەن چی وای لە منداڵەکەتان کردووە هەست بکات دەبێت درۆتان لەگەڵ بکات، لەبری ئەوەی وشەی درۆ و درۆزنی بەسەردا بسەپێنن، هەوڵ بدەن پرسیاری لێ بکەن بۆ نموونە، هەست دەکەم ئەم بابەتە بەم شێوەیە نەبێت، وادیارە دەترسیت ڕاستییەکە بە من بڵێیت، وا باش نییە دەربارەی ئەمە گفتوگۆ بکەین؟.

- درک بە ڕاستگۆییەکانی بکەن و بینرخێنن، کاتێک منداڵەکەتان ڕاستییەکە دەڵێت دەست خۆشی لێ بکەن و بەپەرۆشی خۆتان بۆ ڕاستگۆییەکەی دەرببڕن، بۆ نموونە، “بۆ تۆ قورس بوو کە ڕاستییەکە بە من بڵێت، ئافەرین بۆ  وتنی ڕاستییەکە، بەڕاستی گەورە بوویت”.

- خۆشەویستی بەبێ مەرج بە منداڵەکەتان بدەن، دڵنیایی بە منداڵەکەتان بدەن ئەگەرچی هەندێک کات هەندێک ڕەفتاریتان خۆشناوێت و پێتان باش نییە، بەڵام هیچ شتێک بوونی نییە کە خۆشەویستی ئێوە بەرانبەری کەم بکاتەوە، تەنانەت درۆکردنیش.


سەرچاوەکان



1774 بینین