مەترسی بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمان

له‌لایه‌ن: - بەڵێن قادر - به‌روار: 2022-02-08-14:01:00 - کۆدی بابەت: 7779
مەترسی بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمان

ناوه‌ڕۆك

دەرمانە دژە میکرۆبییەکان 

مەترسی بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمان بە (ئینگلیزی: Antibiotic resistance crisis)، دۆزینەوەی دەرمانە دژە میکرۆبییەکان (Antibiotics) جیهانی گۆڕی، بە جۆرێک کە بوون بە چارەسەری نەخۆشییە کوشندەکان، هەروەها بەهۆیانەوە کردارە پزیشکییەکانی وەک نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی بەبێ مەترسی ئەنجام دەدرێن، ژیانی ملیۆنان مرۆڤییان ڕزگارکرد و بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەندروستی مرۆڤەکان گەشەسەندنێکی باشی بەخۆیەوە بینی. بەڵام خەریکە دەگەینە کۆتایی ئەو دەرمانانە، دژە میکرۆبەکان زۆر بە بڵاوی بەکارهێنراون بە ڕاددەیەک کە زۆربەیان توانای لەناوبردنی بەکتریایان لەدەستداوە، ساڵانە ١.٢ ملیۆن کەس بەهۆی بەرهەڵستی میکرۆبەکان بۆ ئەو دەرمانانە دەمرن، ئەگەر هەڵویستێكی بەپەلەش نەبێت لە بەرامبەر ئەم دیاردەیە، ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە. هەرچەندە دەرمانی نوێش دۆزراوەتەوە، بەڵام بەرەوپێشچوون لە لایەنی بەرگری میکرۆبەکانەوە بەدینەهاتووە.

ئاگادارییەکەی ئەلێکساندەر فڵێمینگ

لە ساڵی ١٩٤٥، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)، (ئەلێکساندەر فڵێمینگ) کە لەو ساڵەدا خەڵاتی نۆبڵی بردەوە لە بەرامبەر دۆزینەوەی دەرمانی دژە میکرۆبی (پەنسیلین)، ئاماژەی بە مەترسی خراپ بەکارهێنانی دەرمانەکان کرد، گوتیشی کە دەکرێت ببێتە هۆی پەیدابوونی بەکتریای بەرهەڵستکار، هەروەکو پێشبینیشی کرد، دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ لە دەستپێکی بەکارهێنانی بەرفراوانی (پەنسیلین)، بەرگری بەکتریاکان بەدەرکەوت، هەرچەندە دژە میکرۆبەکان کاردانەوەی باشیان هەبووە بۆ نەخۆشییە بەکتریاییەکان، بەڵام بەکارهێنان و پێشنیارکردنییان لەلایەن کەسانی هەڵەوە وای لە کۆمەڵگەی بەکتریایی کردووە دژی کاریگەریی زۆربەیان بوەستێتەوە، بارودۆخەکە بە ڕادەیەکی مەترسیدارە کە زۆر لە شارەزایان بڕوایان وایە دوای سەد ساڵی تر ئەو دژە میکرۆبانەی ئێستا بوونیان هەیە ڕەنگە هیچ کاریگەرییەکییان نەمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک بڕوایان وایە کە ئەگەر ڕێکاری پێویست بگردرێتەبەر دژی بەرگری بەکتریاکان، لەوانەیە جارێکی تر دەرمانەکان وەکو سەرەتای دروستکردنییان دژی میکرۆبەکان و بەتایبەت بەکتریاکان چالاکبن.

پەیوەندی بەکارهێنانی دەرمان بە پەیدابوونی بەکتریای بەرهەڵستکارەوە

بەکارهێنانی دژە میکرۆبەکان لە هەر کاتێکدا، کاریگەری بەسەر بەرگری بەکتریاکانەوە دەبێت، ئەمەش پەیوەستە بە یەکگرتنی میکرۆبەکان لە کاتی بەرکەوتنییان لەگەڵ دژە میکرۆبەکان، هەروەها بڵاوبوونەوەی ئەو میکرۆبانە و ڕێگاکانی بەرهەڵستییان، دژە میکرۆبەکان لایەنە باشەکانیان زیاترە لە لایەنی خراپییان، بەڵام زۆربەیان لە کاتی ناپێویستدا و بە هەڵە بەکاردەهێنرێن، ئەمەش مەترسی نەمانی لایەنە باشەکانیان زیاددەکات، بۆ نموونە لە ئەمریکا ساڵانە ٤٧ ملیۆن خشتەی وەرگرتنی دژە میکرۆب لەلایەن پزیشکەکانەوە دادەنرێت بۆ بارودۆخی ناپێویستی وەک سەرمابوون و هەڵامەت.

هەموو کەسێک ڕۆڵی خۆی هەیە لە ڕاست و دروستی بەکارهێنانی دەرماندا، ڕاستکردنەوەی ئەم دیاردەیەش گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی بەرگری دژی دەرمانەکان و پاراستنییان بۆ ساڵانی داهاتوو.

نەبوونی دەرمانی نوێ

زۆربەی کۆمپانیاکانی دەرمان لە ئێستادا کار لەسەر دۆزینەوەی دەرمانی نوێ ناکەن، نیوەی دژە میکرۆبەکان کە لە ئەمڕۆدا بەکاردەهێنرێن دۆزینەوەیان دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیست، لە دوای ئەو کاتەوە، دۆزینەوە و بەرەوپێشبردنی دەرمانی نوێ ئاڵۆزتر و خەرجی زۆرتربووە، هەروەها کاتیشی زیاتر پێویستە، ئەو دەرمانانەی تازەش بەرهەمدەهێنرێن و پەسەند دەکرێن، بۆ ماوەیەکی کورت بە نەخۆش دەدرێن و بەکارهێنانییان سنووردار کراوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەرهەڵستی بەکتریاکان، بەمەش کۆمپانیاکان کەمتر قازانج دەکەن، تەنانەت ئەگەر دەرمانی نوێش بەردەستخرا، بە دەگمەن بەکتریا بەرهەڵستکارەکان دەکەنە ئامانج و تەنیا لە ژمارەیەکی کەمی وەڵاتەکان بەکاردەهێنرێت.

دەرئەنجامەکان

بەگوێرەی راپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٩ـی ناوەندی جڵەوکردن و ڕێگریکردن لە نەخۆشی، زیاتر لە ٢.٨ ملیۆن کەس بەهۆکاری بەرگری بەکتریاکانەوە لە هەر ساڵێکدا لە ئەمریکا تووشی نەخۆشییەک دەبن، لە ئەنجامدا ٣٥٠٠٠ کەس دەمرن، ئەگەر بەکتریای (کڵۆستریدیەم دیفیسیڵ)یش هەژمار بکرێت کە لە باری ئاساییدا بەکتریایەکی بەرهەڵستکار نییە، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە سکچوونێکی کوشندە، ژمارەکە بەرزدەبێتەوە بۆ ٣ ملیۆن تووشبوو، لەگەڵ ٤٨٠٠٠ کەسی مردوو.

بەرگریی بەکتریاکان کاریگەری هەیە لەسەر هەموو مرۆڤەکان لە هەر تەمەنێکدا، هەروەها لەسەر کەرتە تەندروستی و کشتوکاڵییەکانیش، ئەمەش وادەکات ببێتە یەکێک لە گەورەترین كێشە تەندروستییەکان لە جیهاندا. مەرج نییە میکرۆبەکان بەرگرییان بۆ هەموو دەرمانەکان هەبێت ئینجا ببنە جێگای مەترسی، ئەگەر بەرگرییان بۆ یەک دەرمانیش هەبێت، دەبنە هۆی کێشەی گەورە.

نموونەی هەندێک لەو کێشانە:

  • تووشبوون بە نەخۆشی بەهۆی بەکتریایەکی بەرهەڵستکارەوە کە پێویستی بە دەرمانی تر بۆ چارەسەرکردن، وادەکات زیان بە نەخۆشەکە بگەیەنێت لە ڕێگەی چەندین لایەنی خراپەوە وەکو پەککەوتنی ئەندامەکانی جەستە، هەروەها درێژبوونەوەی ماوەی وەرگرتنی چارەسەر کە هەندێک جار بۆ چەند مانگێک درێژەدەکێشێت.
  • ئەنجامدانی زۆرێک لە کردارە پزیشکییەکان بەندە بە ڕێگریکردن لە توشبوون بە میکرۆبەکان، وەکو گۆڕینی جومگە، چاندنەوەی ئەندام، چارەسەری شێرپەنجەیی و چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەکو شەکرە، هەناسەتەنگی و هەڵئاوسانی جومگەی ڕۆماتیدی.
  • هەندێکجار توشبوون بە نەخۆشی بەهۆی ئەو میکرۆبانەوە هیچ چارەسەرێکی نییە.

خۆپاراستن

دەتوانیت خۆت و کەسە نزیکەکانت بپارێزیت لە مەترسی بەرگری بەکتریاکان لە ڕێگای:

  • خۆ پاراستن لە نەخۆشی و هەڵبژاردنی رێگای تەندروست لە ژیانی ڕۆژانەدا.
  • خاوێنڕاگرتنی دەستەکان.
  • داپۆشینی دەم لەکاتی کۆکیندا.
  • مانەوە لە ماڵەوە لە کاتی نەخۆشکەوتندا.
  • وەرگرتنی کوتانی پێویست وەکو کوتانی هەڵامەت.

وەرگرتنی دەرمانەکان لە کاتی پێویستدا یەکێکی دیکەیە لە رێگاکانی خۆپاراستن لە بەرگریی میکرۆبەکان، یەکێک لە هەڵە باوەکانیش زۆرکردنە لە پزیشک بۆ پێشنیارکردنی دەرمانی ناپێویست، هەروەها لەکاتی پێشنیارکردنی دەرمانی پێویست لەلایەن پزیشکەوە، پێویستە ئەم خاڵانە پەیڕەوبکرێت:

  • وەرگرتنی دەرمانەکان بەپێی ڕێنماییەکانی پزیشک.
  • دەرمانەکان نابێت بە کەسی تر بدرێن.
  • نابێت دەرمانی کەسی تر وەربگیرێت، لەوانەیە ببێتە هۆی خراپترکردنی نەخۆشەکە و دواخستنی چارەسەری.
  • قسەکردن لەگەڵ پزیشک لەبارەی فڕێدانی پاشماوەی دەرمانەکان، هەڵگرتنی دەرمانەکان و هەر پرسیارێکی تر لەبارەیانەوە.

"ئەگەر لە کاتی ناپێوستدا دژە میکرۆبەکان بەکاربهێنین، لەوانەیە لە کاتێکدا کە زۆر پێویستمانن، نەتوانین بەکاریانبهێنین."


سەرچاوەکان



446 بینین