ناوهڕۆك
سەرەتا
لەبارچوونی منداڵ واتە منداڵەکە پێش گەیشتنی بە هەفتەی بیستەم لە سکی دایکیدا نامێنێت و لەناودەچێت، لەبارچوون بەگشتی لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا ڕوودەدات و باوترین کێشەی کاتی دووگیانییە، لە کۆنەوە لەسەر هەموو حاڵەتێک کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەڵە بووە، بەتایبەت لەسەر دووگیانی و نەخۆشییەکانی ئافرەتان، لەبارچوونیش یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەڵەی لەسەر هەیە کە هێشتا هەندێک لە خەڵکی باوەڕیان پێی هەیە.
بیروباوەڕە هەڵەکان کامانەن لەسەر لەبارچوون؟
لەبارچوون دەگمەنە
لەڕاستیدا ٪١٥ بۆ ٪٢٥ـی دووگیانییەکان بە لەبارچوون کۆتاییان دێت، هەر بۆیە لەبارچوون دەگمەن نییە و زۆرێک لە خانمان ئەزموونیان کردووە و هەندێکیان زیاتر لە جارێک و دووجاریش.
دایکەکە تاوانبارە
زۆرینەی جار لەبارچوون بەبێ ویستی دایکەکەیە و هیچ هەڵەیەکی نەکردووە، بەڵام کۆمەڵێک ئەم بیروباوەڕە هەڵەیان هەیە و پێیان وایە کاتێک خانمێک منداڵەکەی لەباردەچێت بەدڵنییایەوە هەڵەکە لە ئەوەوە بووە و تاوانبارە، لە کاتێکدا کە ٪٦٠ـی لەبارچوونەکان بەهۆی تێکچوونێکی کرۆمۆسۆمییەوە ڕوودەدات و هیچ پەیوەندییەکی بە شێوازی ژیان و ڕەفتاری دایکەکەوە نییە، ڕاستە کۆمەڵێک هۆکاری وەک جگەرەکێشان و وەرزشی قوورس و جووتبوونی نەگونجاو هەڵگرتنی شتی قوورس هۆکارن بۆ لەبارچوونی منداڵ بەڵام کەمن ئەو دایکانەی کە بیانەوێت بە یەکێک لەم هۆکارانە منداڵەکەیان لەناوببەن و ئەگەریش بە یەکێک لەم هۆکارانە منداڵەکە لەبارچوو زۆرجار لە نەزانی دایکەکەوەیە، زۆرینەی دایکان دوای لەبارچوونی منداڵەکەیان فشاری دەروونی زۆریان لەسەر دەبێت و تووشی تەنهایی و هەستکردن بە تاوان و دڵەڕاوکێ دەبنەوە.
لەبارچوون دوای بەرکەوتنی زەبرێک ڕوودەدات
ئەستەمە دایکەکە تەنها بە کەوتن و یاخود هەڵگرتنی شتی قوورس و زەبرێک تووشی لەبارچوون ببێت و هەندێک پێیان وایە ئەگەر منداڵێک لەباربچێت ئەوا بەدڵنیاییەوە هۆکارەکەی زەبرێکی دەرەکی بووە، بێ ئاگا لەوەی کە زۆر تێکچوونی زگماکی و نەخۆشی هەیە کە لە سێ مانگی یەکەمدا دەکرێت ببنە هۆی لەبارچوون.
فشاری دەروونی دەبێتە هۆی لەبارچوون
لە ڕاپرسییەکدا ٪٧٠ـی کەسەکان پێیان وابووە کە فشاری دەروونی دەبێتە هۆی لەبارچوونی منداڵ لەماوەی دووگیانیدا، بەڵام ئەمە دەگمەنە و فشاری دەروونی نابێتە هۆی لەبارچوون، ئەم فشارە دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت چونکە زیانی زۆرە و کێشەی زۆر دروست دەکات بۆ دایکە دووگیانەکە وەک:
- منداڵبوونی پێش وەختە
- لەدایکبوونی منداڵ پێش کاتی خۆی
- بوونی کێشەی ڕەفتاری لە داهاتووی منداڵەکەدا
ئەوەی حەپی دژە دووگیانی بەکارهێنابێت تووشی لەبارچوون دەبێت
هەندێک پێیان وایە ئەگەر بێت و خانمێک ڕێگری بکات لە دووگیانی بە بەکارهێنانی حەپی دژە دووگیانی و دواتر وازبهێنێت و دووگیان ببێت ئەوا کاریگەری حەپەکە وادەکات کە خانمەکە تووشی لەبارچوون ببێت، بەڵام ئەمانە هیچ بنەمایەکی زانستییان نییە و نوێترین توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەگەر بێت و لە کاتی بەکارهێنانی حەپەکەشدا واتە بەسەر حەپەکەوە دووگیان ببیت هێشتا نابێتە هۆی لەبارچوون و دروستبوونی کەمووکوڕی بۆ منداڵەکە لە کاتی لەدایکبوونیدا.
وەرزش هۆکارێکە بۆ لەبارچوون
بە بیانووی ئەوەی کە دووگیانیت واز لە وەرزشکردن مەهێنە، وەرزش بەشێکی گرنگە لەماوەی دووگیانیدا، لەم ماوەیەدا جگە لە سوودە جەستەییەکانی و ئامادەکاری خانمەکە بۆ منداڵبوون کە وادەکات ماسولکەکانی ناوچەی حەوز و ڕانەکان ئامادەبن بۆ منداڵبوونێکی ئاسانتر، سودی زۆریشی دەبێت بۆ لایەنی دەروونی خانمەکە و ئارامی دەکاتەوە و دوور دەبێت لە فشاری دەروونی، بەڵام دەبێت بزانرێت چی جۆرە وەرزشێک دەکرێت لەماوەی دووگیانیدا و دەبێت چۆن بکرێت، بۆیە دەبێت بە ڕێنوێنی پزیشک وەرزش بکەیت و دوورکەویتەوە لە وەرزشی قوورس لەم ماوەیەدا.
نابێت وابزانرێت هەموو جۆرە وەرزشێک دەبێتە هۆی لەبارچوون.
لەبارچوونێک لەبارچوونی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت
ئەو خانمەی کە جارێک منداڵی لەبارچووە مەرج نییه کە دواتر منداڵی دیکەشی لەباربچێت، بۆیە هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ دووبارە دووگیان بوونەوەی لە ترسی ئەوەی کە منداڵەکەی لەبارنەچێت، تەنها ٪١ـی خانمان دووبارە دوای لەبارچوونیان تووشی لەبارچوونی زیاتر دەبنەوە و سکەکانی دیکەیان لەناودەچێت کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆر کەمە، تەنانەت ئەو خانمانەشی کە بەردەوام بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو منداڵیان لەباردەچێت ٪٥٦ـیان لە کۆتاییدا دەتوانن دووگیانییەکی سەرکەوتوویان هەبێت.
خوێنبەربوون لەماوەی دووگیانیدا هەمیشە نیشانەی لەبارچوونە
خوێنبەربوون لەماوەی دووگیانیدا ئەزموونێکی ناخۆش و قوورسە بۆ دایکەکە، بەڵام مەرج نییە هەموو خوێنبەربوونێک نیشانە بێت بۆ لەبارچوون چونکە هۆکار زۆرە کە لەماوەی دووگیانیدا خوێنبەربوون ڕووبدات بە تایبەت لە سێ مانگی یەکەم و سێ سێیەمی دووگیانیدا، ٪١٥ بۆ ٪٢٥ـی ژنان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا خوێنبەربوونیان دەبێت، تەنها خوێنبەربوون نیشانە نییە بۆ لەبارچوون بەڵکوو نیشانەکانی وەک ئازاری خوارەوەی پشت، ئازاری سک، هەبوونی کڵۆخوێن لە دامێنەوە، کەشەنگبوونی ماسولکەکان نیشانەی لەبارچوونن.
دوای لەبارچوون دەبێت ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بکەیت ئینجا دووگیان ببیتەوە
هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە چەند مانگ یان ساڵێک چاوەڕێ بکەیت و ئینجا دووگیان ببیتەوە، چونکە دوای لەبارچوون و نەمانی خوێنبەربوون لە ڕووی جەستەییەوە دەتوانیت دووبارە دووگیان ببیتەوە بەڵام لەوانەیە لە ڕووی دەرونییەوە هێشتا ئامادە نەبیت.
دووگیانی لەماوەی شیرداندا دەبێتە هۆی لەبارچوون
هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە لەماوەی شیرداندا دووگیان ببیت و منداڵەکە لەباربچێت و یاخود زیان بگات بە منداڵەکە ئەمە هەمووی کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەڵەیه.
خوێنبەربوون دوای لەبارچوون توندە
هەندێک کات بەڵێ وایە کە خوێنبەربوونی دوای لەبارچوون زۆر توندە، بەڵام ئەمە هەمیشە ڕاست نییە چونکە ئەگەر لەبارچوونەکە لەژێر چاودێری پزیشکدا بێت و نەخۆشەکە لەژێر دەرمانی تایبەتدا بێت تووشی خوێنبەربوونێکی توند نابێت و خوێنێکی ئاسایی دەبێت وەک سوڕی مانگانە و دەتوانێت سانتی بەکاربهێنێت.
سەرگێژخواردن و بێهێزی دوای لەبارچوون ئاساییه
بەهۆی خوێنبەربوون و گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونییەکانەوە ئاساییە کە دایکەکە تووشی بێهێزی و سەرگێژخواردن ببێت، بەڵام ئاسایی نییە ئەمە تاکوو ماوەیەکی زۆر بەردەوام بێت بەتایبەت ئەگەر دایکەکە خوێنبەربوونەکەی زۆر توند بێت، دەکرێت ئەمە نیشانە بێت بۆ کەمخوێنی و پێویستە زوو چارەسەر بکرێت.