ناوهڕۆك
سەرەتا
ڕووداوی فڕۆکەخانەی بەغداد (بە عەرەبی: حادثة المطار بغداد) لە درێژەی ئاڵۆزیی و کێشەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەرەنجام ئەم ڕووداوە دروست بوو کە بووە هۆی کوژرانی دوو کەسایەتی دیار و ناسراوی ئێران و عێراق قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس.
قاسم سولەیمانی
قاسم سولەیمانی فەرماندە و کەسایەتی سەربازی باڵای ئێرانی، لەدوای "خامنەیی" دووەم کەسایەتی بەهێز و دەستڕویشتووی ئێران بووە، لەدایکبووی ساڵی 1957ـی پارێزگای کرمانە، سەرکردەی "فەیلەقی قودسی" ئێران بووە کە بەرپرسی ئەو کردەوە سەربازییە نهێنیانەیە کە لەدەرەوەی سنووری هەرێمەکان ڕوودەدات، هەروەها بەشداری جەنگی ئێران و عێراقی کردووە و ڕابەرایەتی "فەیلەقی ثارالله"ـی بووە، کەسێکی چالاک و دەستڕۆیشتوو بووە و ڕۆڵی هەبووە لە زۆرێک لە کێشە و نەهامەتییەکانی ناوچەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەی عێراق و سوریا و لوبنان.
ئەبوو مەهدی موهەندیس
کەسایەتی ناوداری سەربازی و سیاسەتمەداری شیعەی عێراقی بووە، لەدایکبووی ساڵی 1954، هەر لەسەرەتای لاوییەوە چووەتە ڕیزی حیزبە ئیسلامییەکانی ئەو سەردەمە، لە ساڵی 1980 کۆچی وڵاتی ئێرانی کردووە و هەر لەوێش چالاکییە سەربازییەکانی دەستی پێکردووە، چەندان پۆست و پلە و دەسەڵاتی باڵای وەرگرتووە، ڕۆڵی کاریگەری هەبووە لە کایە سیاسییەکانی عێراق و فەرماندەی چەندین هێزی چەکداری بووە، نموونەی حەشدی شەعبی و حیزبووڵڵای عێراقی.
پەیوەندی نێوان سولەیمانی و موهەندیس
موهەندیس ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە جێبەجێکردنی پلانەکانی ئێران لە عێراق، هەمیشە ڕێگەخۆشکەر و یارمەتیدەر بووە بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە، سەرەتای هاریکاری و هاوڕێتی نێوان سولەیمانی و موهەندیس بۆ سەدەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە و دوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی سەدام حسێن موهەندیس ڕەگەزنامەی ئێرانی وەرگرت و بووە ڕاوێژکاری نزیکی سولەیمانی، لە ساڵی 2007 موهەندیس لەسەر داوای ئێران "کەتائب حیزبووڵڵای عێراقی" دامەزراند، سولەیمانی و موهەندیس بە دروستکەر و دامەزرێنەر و بەڕێوبەری میلیشیا سەربازییەکان دادەنرێن نموونەی حەشدی شەعبی عێراقی و حیزبووڵڵای عێراقی و حیزبووڵڵای لوبنانی، پلانداڕێژەری چەندان هەوڵی سەرنەکەوتووی تیرۆرکردنی کەسایەتییە ناودارەکانی وەکوو ئەمیری سعودیە و ئەمیری کوەیتیان داوە، هەروەها بەشداری جەنگی داعشیان کردووە.
هۆکار و سزاکان
لە ساڵی 2009 کاتێک ناوی ئەبوو مەهدی موهەندیس لەلایەن واشنتنەوە لە لیستی سزادراوان بڵاوکرایەوە دەرکەوت 19 ناو و نازناوی تری هەیە و لە کردەوەی سەربازی بەکاریان دەهێنێت، ناوی موهەندیس لە لیستی تیرۆر بووە، سزای ئابووری لەسەر بوو، هەروەها سولەیمانی بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی تیرۆر بووە و هەوڵی تیرۆرکردنی چەندان کەسایەتی داوە و ڕۆڵی هەبووە لە دروستبوون و دامەزراندنی چەندان میلیشیای سەربازی بەتایبەتی لە عێراق، ناوی لە لیستی تیرۆر دانرا بوو، لە ساڵی 2011 بەهۆی دەستێوەردانی لە ڕووداوەکانی سوریاوە ئەمریکا سزای ئابووری بەسەردا سەپاند.
ڕووداوی کوشتن و تیرۆرکردنیان
لە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی پارێزگای بەغداد، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی هێرشی مووشەکیان کردە سەر ئۆتۆمبێلی قاسم و موهەندیس، کە سولەیەمانی لە سەردانێکی وڵاتی سوریاوە گەڕابووەوە و موهەندیس و کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی پێشوازیان لێدەکرد، لە هێرشەکەدا چەند مووشەکێکی جۆری "MQ-9A Reaper" بەکارهێنران و جگە لە سولەیمانی و موهەندیس، دە کەسی تریش کوژران کە پێنجیان سەر بە حەشدی شەعبی بوون و پێنجیشیان سەربازی ئێرانی و یاوەری سولەیمانی بوون، دوابەدوای ڕووداوەکە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەم کردەوەیە بە پێشنیار و فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ ئەنجام دراوە، ساڵانە ئەم یادە لە عێراق و ئێران دەکرێتەوە، هەر بەوهۆیەوە لە چەند پارێزگایەکی عێراق پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە، تا ئێستا وڵاتی ئێران و لایەنە شیعەکانی عێراق هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکەن بەڵام هیچیان لەدەست نەهاتووە.