ناوهڕۆك
سەرەتا
میم (بە ئینگلیزی: Meme) وێنە یان ڤیدیۆیەکە کە بیرۆکە، بیرکردنەوە یان هەستی کەسێکی دیاریکراو دەردەبڕێت، میمەکان دیاردەیەکی جیهانگیرین، بە جیهانی ئینتەرنێتدا بڵاوبوونەتەوە و لەگەڵ هەموو ڕووداوێکی مێژوویی جیهانیدا خۆیان دەگونجێنن.
سەرەتا و دەستپێکی میمەکان ئینتەرنێت نییە، هەندێک لە شارەزایانی زمان دەڵێن کە بۆ ماوەی سەتان ساڵ مرۆڤەکان بە بەکارهێنانی میم گفتوگۆیان کردووە. میمەکان لە جیهاندا بەوە ناسراون ڕێگەیەکن بۆ گفتوگۆ و پەیوەندی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا.
میمەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەواوکەری یەکترن، بەو پێیەی هەردووکیان ڕێگەیەکن بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ بە شێوەیەکی ئۆنڵاین. لە کاتێکدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەکۆیەکن بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ، میمەکان ڕێگەیەکی گونجاون بۆ دەربڕینی ئەو بیرۆکانەی پەیوەندییان بە بابەت و ڕووداوە کولتورییەکانەوە هەیە.
وشەی میم لە چییەوە هاتووە؟
میم لە بنەڕەتدا لە وشەی (Mimema) وەرگیراوە کە وشەیەکی یۆنانییە و بەواتای لەبەر گرتنەوە یان لاساییکردنەوە دێت. وەشانە مۆدێرنەکەی لە زمانی ئینگلیزیدا لە ساڵی ١٩٧٦ لەلایەن نووسەر و زانا ڕیچرد داکینزەوە داهێنراوە لە کتێبی (جینی خۆپەرست). لە کتێبەکەیدا میم بە شتێکی کولتووری پەسن دەدات کە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر لە ڕێگەی پەیوەندیکردنەوە دەگوازرێتەوە. میم بەشێکە لە پەرەسەندنی کولتووری، هەروەکو جین کە بەشێکە لە پەرەسەندنی بایۆلۆژی. بەلای داکینزەوە، میم دەکرێت بیرۆکە، هەست یان هەر شتێکی تر بێت.
لە ساڵی ٢٠١٢ پـاتـریـک دڤـیژن، میمی بە شێوەیەکی زیاتر مۆدێرنانە ناساند. بە بیرکردنەوەی ئەو، میمی ئینتەرنێت پارچەیەکە لە کولتووری ناوچەیەکی دیاریکراو، بە زۆری گاڵتە و نووکتە، کە لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە دەتوانێت بە ئاسانی بڵاوبکرێتەوە.
مێژووی میم
هەندێک لە توێژەران و زانایان بیرۆکەی میم دەگەڕێننەوە بۆ سەدان ساڵ پێش ئێستا. لە ساڵی ١٩١٩ یان ١٩٢٠ لە گۆڤاری (Wisconsin Octopus) وێنەیەکی کۆمیکیی بە شێوەی میم بڵاو بووەوە کە لە ئێستادا بە میمی (ئەوەی خەیاڵی بۆ دەکەیت - ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوودەدات) دادەنرێت، هەر ساڵێک دوای ئەوە لە گۆڤارێکدا کە لەلایەن زانکۆی (Lowa) بڵاوکراوەتەوە، دووبارە وێنەیەکی کۆمیکیی بە شێوەی میم لە هەمان بابەت تێدایە. بە پێی ئەو پێناسەیە بێت کە بۆ میم کراوە بیرۆکەکە توانیویەتی بڵاو ببێتەوە و پەرەبسێنێت، هەر بۆیە ئەمە بە یەکەم میمی پێش جیهانی ئینتەرنێت دادەنرێت تا ئێستا
وێنە کۆمیکەکەی گۆڤاری (Wisconsin Octopus) ساڵی ١٩١٩ یان ١٩٢٠
وێنە کۆمیکەکەی زانکۆی (Lowa) لە ساڵی ١٩٢١ بڵاوکرایەوە
بەڵام لە جیهانی ئینتەرنێتدا (بەیبی چا- چا) بە یەکەمین میم دادەنرێت کە لە ساڵی ١٩٩٦ بە هەموو ئینتەرنێتدا بڵاوبووەوە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕکردنی ئیمەیڵ و تەنانەت لە پڕۆگرامە تەلڤزیۆنییەکانیش پیشان دەدرا.
هەتا ساڵی ٢٠١٠ میمەکان بە شێوەیەکی تەواو نەبوونە دیاردەیەکی کولتووری. لە ئەمڕۆدا میمەکان یەکێکن لە ڕێگە سەرەکییەکان کە لە ڕێگەیەوە خەڵک بە شێوەی ئۆنڵاین بەکاری دەهێنن بۆ گفتوگۆ و پەیوەندی کردن، بە بەردەوامی لە گۆڕاندان و جیاکردنەوە و پۆلێن کردنیان کارێکی ئەستەمە. خێرایی بڵاوبوونەوە و دروستکردنیان بەردەوام لە زیادبووندایە بۆیە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە هەموویان کارێکی ئەستەمە.
سوودی میمەکان بۆ براندەکان
ئیمۆجییەکان دروستکران بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن بە ئاسانی هەست و سۆزە جیاواز و ئاڵۆزەکان دەرببڕن، لە کاتێکدا میمەکانیش هەمان کار دەکەن. بە وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک لەسەر شێوەی میم دەتوانیت هەست، سۆز، بیرۆکە و بیرکردنەوە ئاڵۆزەکان دەرببڕیت و بڵاوی بکەیتەوە کە هەم بە خێرایی و بە ئاسانیش بڵاودەکرێتەوە. بە سوودبینین لەم لایەنە ئەرێنیانەی میم لە ئێستادا کۆمپانیا و براندەکان سوود لە میم وەردەگرن بۆ بڵاوکردنەوە و بازرگانی کردن بە بەرهەمەکانیانەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زانیارییەکان بە شێوەیەکی سادە و ئاسان کە لەبیر نەچێتەوە بگەیەنن بە کڕیارەکان.
داهاتووی میم
دروست کردن و بڵاوکردنەوەی میم هەست و سۆزی کۆمەڵگەیەک ئاڕاستە دەکات و کاریان تێدەکات لە کاتێکدا هەستی تایبەت بوونیش دەپارێزێت. کیت چیڵڤەرس دامەزرێنەری گرووپی (Pubity) دەڵێت: "میمەکان خەڵکی لە یەک نزیک دەکەنەوە و دەتوانن وەکو ئامرازێک بەکاریبهێنن بۆ لێدوانە ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها هەندێک جاریش دەکرێت میمەکان تایبەت بن بە شێوەیەک کۆمەڵەیەکی دیاریکراوی خەڵک کە ئاشناییان بە بنچینەی میمەکە هەیە بتوانن لێی تێ بگەن"
کولتووری میم بە بەردەوامی لە گەشەسەندندایە و ناتوانرێت پێشبینی بکرێت لە داهاتوودا چی لێ دێت، بەڵام هەندێک لە بەناوبانگترین میم دروستکەرەکان باوەڕیان وایە لە داهاتوودا میمەکان بتوانرێت کڕین و فرۆشتنی ئۆنڵاینیان پێوە بکرێت لە ڕێگەی دراوی ئەلکترۆنی. پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو یان زووتریشدا، هەر هەواڵێک و هەر ساتێکی کولتووری میمێکی لەگەڵدا بێت و ئەو میمە دەبێتە بەشێکی گەورەی گفتوگۆ لەبارەی ئەو هەواڵە یان ڕووداوە کولتوورییەوە.