ناوهڕۆك
بەنگلادیش
بەنگلادیش (بە ئینگلیزی: Bangladesh، بە عەرەبی: بنغلاديش) یەکێکە لە وڵاتانی باشووری ئاسیا، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی هیندستان و ڕووباری پادما و براهماپۆترا. وشەی بەنگلادیش واتا وڵاتی بەنگال و وەک نیشتمانی بەنگالییەکان دادەنرێت. سیستمی وڵاتەکە کۆماریی پەرلەمانییە.
زانیاری گشتی
پایتەخت | دەککا |
سەرۆک | محەمەد عەبدولحامید |
زمانی فەڕمی | بەنگالی، ئینگلیزی |
جۆری دەسەڵات | کۆماری فرەحیزبی یەکگرتوو، یەک ئەنجوومەنی یاسادانان |
ڕووبەر | ١٤٨،٤٦٠ کیلۆمەتری دووجا |
ڕۆژی سەربەخۆیی لە پاکستان | ٢٦/٣/١٩٧١ |
دراو | تاکای بەنگلادیش (TK) |
سەروەزیران | شەیخ هەسینە |
سەرۆکی دادوەری | حەسەن فۆئیز سەدیقی |
بەرزترین لوتکە | سەکا هافۆنگ ١،٠٥٢ مەتر |
نزمترین خاڵ | کەنداوی بەنگال -٩٠٠ مەتر |
ڕێڕەوی لێخوڕین | چەپ |
ژمارەی تەلەفۆنی نێودەوڵەتی | ٨٨٠+ |
جوگرافیا
لە ڕۆژئاوا و باشوور و بەشێکی ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ هیندستان و لە باشووری ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ میانمار هاوسنوورە، باشووریشی کەنداوی بەنگالە. نزیکەی ١٠،٠٠٠ کیلۆمەتری دووجا لە کۆی ڕووبەری بەنگلادیش ئاوە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی وڵاتەکەوە بەشێوەیەکی گشتی کەشوهەواکەی گەرم و شێدارە و بارانیشی زۆرە، ساڵنامەی وڵاتەکە بە شێوەیەکی نەریتی بۆ شەش وەرز دابەشکراوە هاوین، باراناوی، پاییز، کۆتایی پاییز، زستان و بەهار، هەر وەرزێک دوو مانگ دەخایەنێت. لە %٦٠ بۆ %٧٠ ـی دانیشتوانەکەی لە لادێیەکان دەژیین ئەو ڕێژە زۆرە وای کردووە ژمارەییەکی زۆریان بە کشتوکاڵکردنەوە سەرقاڵ بن.
مێژوو
خاکی وڵاتەکە لەگەڵ وڵاتانی هاوسنووری تێکەڵە، سەرەتا بەنگلادیش خاکی بەنگال بوو کە لە نێوان پاکستان و هیندستان دابەشکرابوو، لە سەرەتاکانی سەدەی نۆیەم بازرگانە عەرەبەکان ئایینی ئیسلامیان گەیاندە بەنگال و ئیسلام بووە ئایینی زۆرینەی دانیشتوان، پاش نەمانی دەسەڵاتی بەریتانیا و بەجێهێشتنی هیندستان، هەریەک لە پاکستان و ئەو بەشەی پاکستان کە دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی هیندستان کەوتنە جەنگ و ماوەی نۆ مانگی خایاند، سەرەنجام لە ساڵی ١٩٧١ لە ئاکامی جەنگەکە وڵاتی بەنگلادیش سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند.
گەشتوگوزار
بەنگلادیش سروشتێکی جوان و دڵڕفێن و کەشوهەوایەکی لەباری هەیە بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە لە هەموو وڵاتێکی جیهانەوە سەردانکەری هەبێت. چەندەها ڕووباری بەناوبانگ، کەنارەکان، شوێنەوارەکان، شوێنە ئاینییەکان، دارستانەکان، تاڤگەکان و مزگەوتی دێرینی شاری باگەرهات دیمەنێکی دڵڕفێنیان بە وڵاتەکە بەخشیووە. بەشێوەیەکی گشتی ساڵانە ٣٠٠،٠٠٠ گەشتیار سەردانی دەکەن، لەڕووی گەشتوگوزارەوە لە ڕیزبەندی ١٤٨ـەیەمین وڵاتانی جیهاندایە.
دانیشتوان
زۆرینەی دانیشتوانی بەنگلادیش بەنگالیین پاشان "بیهاری" کە بنچینەیان پاکستانە، چەندین هۆز و نەژادی وەک چاکما، تانچانیا، کوکی، باوم و مارما ـی لێ دەژین. نزیکەی ٣٥ زمانی جیاواز لە وڵاتەکەدا قسەی پێدەکرێت. ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٢ـی زایینی ١٦٧,٨٨٥,٦٨٩ ملیۆن بووە، لە ڕیزبەندی هەشتەم وڵاتی جیهاندایە لە ڕووی ژمارەی زۆری دانیشتوان، کۆی %٢،١١ ـی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن.
ئابووری
لە ڕووی ئابوورییەوە خێراترین وڵاتی گەشەسەندووی باشووری ئاسیایە و بەردەوام هەوڵی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری دەدات، بە پێی ئاماری سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٢٢ داهاتی تاک ٢،٣٢٦ دۆلاری ئەمریکی بووە ئەم ڕێژەیەش بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە. ئابووری بەنگلادیش بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە کشتوکاڵ دەبەستێت و برنج بەروبومی سەرەکی وڵاتەکەیە. چەندەها بەروبومی تری وەک گەنم، گەنمەشامی، پاقلە، میوە، سەوزەوات، گۆشت، ماسی، خواردنی دەریایی و شیرەمەنی بەرهەم دەهێنێت. زۆرترین هەناردەکردنەکانی بەنگلادیش جلوبەرگی چندراوە، زۆربەیان بۆ ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئیسپانیا و پۆڵەندایە، ئەمەش داهاتێکی باش بۆ وڵات گلدەداتەوە و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابووریەکەی. زۆرترین هاوردەکردنەکانیش نەوتی پاڵاوتەکراو، لۆکە، گەنم و قوماشە. زۆرترین هاوردەکردنەکانی لە چین، هیندستان، سەنگاپوورە، ئەمریکا و ئەندەنووسیایە.
ئایین
ئایین ڕۆڵێکی بنەڕەتیی دەبینێت لە وڵاتی بەنگلادیشدا، پێنجەم گەورەترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی زۆری موسوڵمانەوە، بەهۆی ئەو تێکەڵاو بوون و نزیک بوونە لە هیندستان هیندۆسیش بووەتە ئایینێکی سەربەخۆ لە وڵاتەکە، بەشێوەیەکی نەریتی ڕێز لە ئایین و بیروباوەڕە جیاوازەکان دەگیرێت.
دابەشبوونی ئایین لە وڵاتەکە
ئیسلام: %٩٠.٠
هیندۆس: %٨
بوودیزم: %٠.٦
مەسیحی: %٠.٤
ئەوانی تر: %٠.١