ناوهڕۆك
ناساندن
مزگەوتی ئایاسۆفیا (بە عەرەبی: آيا صوفيا، بە تورکی: Ayasofya Camii، بە ئینگلیزی: Hagia Sophia) تەلارێکە کە سومبوولی مێژوویی و ئایینی و سیاسییە لە تورکیا، دەکەوێتە شاری ئیستەنبووڵەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵ پێش ئێستا.
مێژوو و سەرەتای بنیاتنانی ئایاسۆفیا
لە ساڵی 532ـی زایینیەوە ئیمپڕاتۆری بیزەنتیی ئەو سەردەمە بە ناوی "جۆستینیانی یەکەم" بڕیاریدا لە "قوستەنتینییە" (ئیستەنبووڵی ئێستا) کڵێسایەکی تایبەت لە جێی کڵێسایەک کە خاپوور کرا بوو بنیات بنرێتەوە، لەو سەردەمەدا ماوەی بنیاتنانەکەی پێنج ساڵی خایاند و ناوی لێنرا "ئایاسۆفیا" کە بە زمانی یۆنانی واتاکەی بریتییە لە "دانایی خودایی"، ئەو شوێنەی کرا بە كاتێدراڵی ئایینی مەسیحییەکان.
شێوازی بنیاتنانەکەی تایبەت و جیاوازە، گومەزێکی ناوەندی گەورە کە بە نیوە بازنەیەک دەوردراوە لە سەر ڕووی کڵێساکەیە، چونکە تەلارسازانی ئەو سەردەمە ویستیان ناوازەترین کڵێسا بنیات بنێن کە نموونە و هاوشێوەی نەبێت و بەرز و فراوان بێت، بەڵام لە ساڵی 558 زایینی بەهۆی بوومەلەرزەوە گومەزە سەرەکییەکە خاپوور بوو، پاشان دووبارە بنیاتنرایەوە بە چل ستوونی درێژ و پان پاڵپشتی کرا، باشترین کەرەستەکانی بیناسازی ئەو سەردەمە لە دروستکردنیدا بەکارهێنرا و لە چەندان شوێنەوە کەرەستەکانی بیناسازییان بۆ دابینکرد، بنمیچ و دیوارەکانی ناوەوەی بە ئاڵتوون، زیو، شوشە و بەردی گرانبەهای ڕەنگاوڕەنگ نەخشێنران و دیزاین و وێنەی جۆراوجۆریان بۆئەنجامدا.
ئەم کڵێسایە تاکوو ساڵی 1520 وەکوو گەورەترین کاتێدڕاڵی ئایینی مەسیحیی لە جیهاندا مایەوە و بە دەسکەوتێکی مەزنی بیزەنتینییەکان دادەنرا.
ئایاسۆفیا بۆ ماوەی 900 ساڵ ناوەندی کڵێسای ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵات بوو، لەو ماوەیەدا لە نێوان ساڵەکانی 1204 بۆ 1261 لە کاتی جەنگی خاچ پەرستان گوڕدرا بۆ کاتێدڕاڵی ڕوومی کاسۆلیک (کاسۆلیک و ئۆرتۆدۆکس دوو ڕێبازی سەرەکی ئاییینی مەسیحیین)، بەڵام دواتر بیزەنتینییەکان توانیان کۆنتڕۆڵی بکەنەوە و بەدەستی بهێننەوە و کردیانەوە بە کاتێدڕاڵی ئۆردتۆدۆکس.
ئایاسۆفیا لە کڵێساوە کرا بە مزگەوت
لە پاش شکستهێنانی دەسەڵاتی بیزەنتینییەکان و فەتحکردنی قوستەنتینییە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەکانەوە، لە کۆتاییەکانی مانگی ئایاری 1453 سوڵتان محەمەدی دووەم ناسراو بە "محەمەد فاتیح" لە پاش کەوتنی شارەکە یەکەمین نوێژی هەینی لەو مزگەوتە ئەنجام دا و بڕیار درا کە وێنە و هێما و دروشمەکانی ئایینی مەسیحی لە ئایاسۆفیا داپۆشرێت و هەندێکیشیان لابران، بەپێی زۆرێک لە بەڵگە مێژووییەکان سوڵتان محەمەد کڵێساکەی لە قەشەکان کڕیوەتەوە و دواتر کردووەیەتی بە مزگەوت و شوێنی نوێژکردن،
پاشان سیمایەکی ئیسلامی بەخشرایە شوێنەکە و بڵندگۆ و مینبەر و شوێنی نوێژکردنی بۆ زیادکران، هەروەها لەسەر شێوازی هونەری عوسمانی کۆن دیزاین و نۆژەنکردنەوەی بۆ کرا و بە "مزگەوتی گەورە" ناوزەندە کرا و بووە مزگەوتێکی سەرەکی لە قستەنتینییە، هەروەها بووە هێمایەکی سەرکەوتن کە گوزارشت لە ئازادکردنی تورکیا دەکات لەژێر دەسەڵاتی بیزەنتینییەکان.
ئایاسۆفیا لە مزگەوتەوە کرا بە مۆزەخانە
لە دوای کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، دروستبوونی کۆماری تورکیای هاوچەرخ و وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن موستەفا کەمال ئەتاتورک، لە ساڵی1931ـەوە ڕێگری کرد لە ئەنجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان لە مزگەوتەکاندا، ئایاسۆفیاش یەکێک بوو لەو مزگەوتانە، بۆیە لە ساڵی 1934 بە بڕیاری حکوومەت بە فەرمی کرا بە مۆزەخانەیەکی هونەری وڵاتی تورکیا.
لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو "ئایاسۆفیا" بە فەرمی لەسەر لیستی کەلەپووری جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری یۆنیسکۆ تۆمار کرا، لە ئیستەنبووڵ بووە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ و ساڵانە بە ملیۆنان گەشتیار سەردانی دەکەن.
تورکیا بڕیار دەدات ئایاسۆفیا بکاتەوە بە مزگەوت
چەندان ساڵ حیزب و لایەنە ئیسلامییەکانی تورکیا داوای ئەوەیان دەکرد کە مۆزەخانەکە بکرێتەوە بە مزگەوت و نوێژی تێدا ئەنجام بدرێت، لەدوای پێشکەش کردنی چەند بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بە دادگای تورکیا کت دەرخەریئەوە بوون کە لە پاش بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان، "سوڵتان محەمەد فاتیح" پێش ئەوەی بڕیاری کردنە مزگەوتی کڵێساکە بدات، زەوی کڵێساکەی لە ڕەبەن و قەشە کاربەدەستەکانی ئەو سەردەمە کڕیوەتەوە و دواتر بڕیاری داوە بیکات بە مزگەوت، بۆیە دادگای تورکیا بەپێی ئەو بەڵگە مێژووییانە لە 12ـی تەمووزی ساڵی 2020 بە فەرمی بڕیارەکەی ئەتاتوورکی ساڵی 1934ـی هەڵوەشاندەوە و ئایاسۆفیا کرایەوە بە مزگەوت و سەرۆکی تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان" پاڵپشتی بڕیارەکەی کرد، لە 24ـی تەمووزی ساڵی 2020 یەکەمین نوێژی تێدا ئەنجام درا.
لە ڕەمەزانی ساڵی 2022 دوای 88 ساڵ نوێژی تەراویحی تێدا ئەنجام درا، نوێژکردن و قورئان خوێندن لە نوێژی تەراویحدا بەپێی چەند پڕۆگرامێک بەڕێوە دەچێت، هەروەها بە شێوازی "ئەندرۆن" نوێژەکە ئەنجام دەدرێت، کە شێوازێکی کۆنی سەردەمی عوسمانییەکانە و لە ڕابردوودا لە ڕۆژە تایبەتەکاندا بە شێوەیەکی تایبەت قورئانیان لە نوێژەکان خوێندووەتەوە، واتا چەند مەقامێک بەکاردەهێنرێت لە خوێندنەوەی قورئاندا، بە جۆرێکە کە لە سێ ڕکاتی یەکەمی نوێژەکە قورئان لەسەر "مەقامی ئەسفەهان"دەخوێندرێتەوە، لە ڕکاتی چوارەم پێشنوێژ "مەقامی سەبا" لە خوێندنەوەی قورئاندا جێبەجێ دەکات، دواتر لە پاش ئەو چوار ڕکاتە سروود و سەڵاواتدان و ویرد و پاڕانەوە هەر لەسەر هەمان جۆری مەقام دەخوێندرێتەوە، هەر چوار ڕکات جارێک ئەم شێوازە دووبارە دەکرێتەوە و سەڵاوات و پاڕانەوە لەنێوان ڕکاتەکانی نوێژی تەراویح ئەنجام دەدرێت.