ناوهڕۆك
ناساندن
مزگەوتی ئیستیقلال (بە ئینگلیزی: Istiqlal Mosque، بە عەرەبی: مسجد الاستقلال)، مزگەوتێکە لە شاری جاکارتا لە وڵاتی ئەندەنوسيا، مزگەوتی ئیستیقلال گەورەترین مزگەوتی باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیایە و لەڕووی توانای لەخۆگرتنی پەرستیارەوە شەشەم گەورەترین مزگەوتی جیهانە. ئەم مزگەوتە نیشتیمانییەی ئەندەنوسیا بۆ یادکردنەوەی سەربەخۆیی ئەندەنوسیا دروستکرابوو، ناوی "ئیستیقلال"ـی لێنرا، کە وشەیەکی عەرەبییە بەرامبەر وشەی ئینگلیزی (Independence) کە بە واتای "سەربەخۆیی" دێت. مزگەوتەکە لە ٢٢ی شوباتی ١٩٧٨ بەڕووی خەڵکیدا کرایەوە.
مێژوو
پێش مزگەوتەکە
مزگەوتی ئیستیقلال پێشتر شوێنی پارکی وێڵهێڵمینا و قەڵایەکی سەدەی نۆزدەهەم بوو.
دیزاین و کێبڕکێ
دوای سەربەخۆیی ئەندەنوسیا لە ساڵی ١٩٤٥، بیرۆکەیەکی گەشەسەندوو هەبوو بۆ بنیاتنانی مزگەوتێکی نیشتیمانی بۆ کۆمارە نوێکە، کە لە ساڵی ١٩٧١ـدا زۆرترین ژمارەی موسڵمانی جیهاندا لێ نیشتەجێبوو. بیرۆکەی دروستکردنی مزگەوتێکی نیشتیمانی گەورەی ئەندەنوسیا هی وەحید حەسیم بوو، کە یەکەم وەزیری کاروباری ئایینی ئەندەنوسیایە، لیژنەی دروستکردنی مزگەوتی ئیستیقلال بە سەرۆکایەتی ئەنوەر جۆکرۆمانیتۆ لە ساڵی ١٩٥٣ دامەزراوە، پێشنیاری مزگەوتێکی نیشتیمانی بۆ سەرۆکی ئەندەنوسیا (سوکارنۆ) کرد، ئەویش پێشوازی لە بیرۆکەکە کرد و دواتر یارمەتی سەرپەرشتیکردنی دروستکردنی مزگەوتەکەی دا.
چەند شوێنێک بۆ مزگەوتەکە پێشنیار کران؛ محەمەد حاتا، جێگری سەرۆکی ئەندەنوسیا پێشنیاری کرد کە مزگەوتەکە لە نزیک ناوچە نیشتەنییەکان لە شەقامی تامرین دروست بکرێت، لەسەر پارچە زەوییەک کە ئەمڕۆ هۆتێلی ئەندەنوسیا لێیە. بەڵام سوکارنۆ پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە مزگەوتێکی نیشتیمانی لە نزیک گرنگترین گۆڕەپانی میللەتەکە بێت، کە لە نزیک کۆشکی میردیکایە. ئەمەش لەگەڵ نەریتی گەلی جاویدا دەگونجێت، کە لەلای ئەوان دەبێت کۆشکی پادشا و مزگەوتی گەورە لە دەوروبەری گۆڕەپانی سەرەکی شارە جاوییەکەدا بێت، ئەمەش واتە دەبێت لە نزیک گۆڕەپانی میردیکا بێت. هەروەها سوکارنۆ پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە مزگەوتی نیشتیمانی دەبێت لە نزیک كاتێدراڵی جاکارتا و کڵێسای ئیمانوێل دروست بکرێت، بۆ هێماکردنی هاوسەنگی و لێبردوویی ئایینی. دواتر بڕیاردرا کە بڕیارە مزگەوتی نیشتمانی لە پارکەکەی وێڵهێڵمینا دروست بکرێت، لەبەردەم كاتێدراڵی جاکارتا. بۆ ئەوەی شوێنی پێویست بۆ مزگەوتەکە دابین بکرێت، قەڵا پرینس فرێدریک کە لە ساڵی ١٨٣٧ دروستکرابوو، ڕوخێنرا.
بنیادنان
بەردی بناغەی مزگەوتی ئیستیقلال لە ٢٤ـی ئابی ١٩٦١ـدا لەلایەن سوکارنۆوە دانرا؛ بیناسازییەکە ١٧ ساڵی خایاند. سەرۆک سوهارتۆ لە ٢٢ـی شوباتی ١٩٧٨ بەفەرمی مزگەوتەکەی کردەوە. مزگەوتی ئیستیقلال لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە گەورەترین مزگەوتە لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، جێگەی زیاتر لە ١٢٠ هەزار نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە.
ڕووداوەکانی هاوچەرخ
شەوی هەینی ١٤ـی نیسانی ١٩٧٨ بۆمبێک کە لە تەقەمەنی پلاستیکی دروستکرابوو لە نزیک میمبەر لە مزگەوتی ئیستیقلال تەقییەوە، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ و لە ١٩ـی نیسانی ١٩٩٩ـدا دووەم هێرش کرایە سەر مزگەوتەکە، بۆمبێک لە ژێرزەمینی مزگەوتەکەدا تەقییەوە و شووشەی پەنجەرەی ژوورەکانی نوسینگەکەی شکاند. لە نێوان مانگی ئایاری ٢٠١٩ تا تەممووزی ٢٠٢٠ مزگەوتەکە بە تێچووی ٣٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی نۆژەنکرایەوە. هەروەها تونێلێک کە مزگەوتی ئیستیقلال و كاتێدراڵی سەینت مەریەم بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەندەنوسیاوە دروستکرا. ئەم تونێلە کە بە "Terowongan Silaturahmi" (تونێلی هاوڕێیەتی) ناسراوە، پێشبینی دەکرا لە نیسانی ٢٠٢٠ پێش ڕەمەزانی ٢٠٢٠ تەواو بێت.
پێکهاتە
مزگەوتەکە حەوت دەرگای چوونە ژوورەوەی هەیە و هەر حەوت دەروازەکە بە ناوی ناوە پیرۆزەکانی خوا (الاسماء الحسنی)ـەوە ناونراون. لە گەردوونناسی ئیسلامیدا ژمارە حەوت گوزارشت لە ژمارەی ئاسمانەکان دەکات کە حەوت دانەن. فوارەکانی دەستنوێژگرتن لە نهۆمی خوارەوەن، لە کاتێکدا هۆڵی نوێژی سەرەکی و حەوشەی سەرەکی لە نهۆمی یەکەمدان. بیناکە لە دوو پێکهاتەی چوارگۆشەیی پێکەوەبەستراو پێکهاتووە: پێکهاتەی سەرەکی و پێکهاتەی لاوەکی بچووکتر. پێکهاتە بچووکترەکە وەک دەروازەی سەرەکی و هەروەها پلیکانە و شوێنی نوێژکردن خزمەت دەکات.
دەروازەکانی چوونە ژوورەوە
مزگەوتی ئیستیقلال حەوت دەروازەی چوونە ژوورەوە هەیە. هەر دەرگایەک بە ناوی یەکێک لە ٩٩ ناوەکانی خواوە ناونراوە، لە خوارەوە ئاماژە بە هەریەکەیان دەکەین.
دەروازە سەرەکییەکان
١. الفتاح ("دەرووکەرەوە و واڵاکەری هەموو گەنجینە و دەروویەک"): دەکەوێتە بەرامبەر كاتێدراڵی جاکارتا. ئەمە دەرگای سەرەکییە بۆ سەردانکەران، کە هەروەها دەچێتەوە شوێنی سەرەکی وەستانی ئۆتۆمبێل.
٢. ٱلْرَّزَّاقُ ("ڕزق و ڕۆزی و بژێوی بێ سنوور و کۆتا بە هەموو دروستکراوەکانی"): دەکەوێتە جالان پێرويرا. دەرگاکە دەچێتەوە سەر شوێنی سەرەکی وەستانی ئۆتۆمبێل.
٣. ٱلْسَّلَامُ ("زۆر ساغ و بێ گەرد و بێ عەیب و ئاشتیخواز و ئاشتیدار و ئاشتی پەروەرە"): دەرگای چوونە ژوورەوەی میوانە گرنگەکان بۆ نموونە. پیاوانی ئایینی یان باڵیۆز. دەرگاکە دەچێتە سەر ڕیزەکانی پێشەوە لە نزیک ئیمام.
دەروازەکانی تر
١. ٱلْقُدُّوسُ ("زۆر پاک و بێ گەرد و بێ نەنگ و بێ کەموکوڕی و هەڵە و ناتەواوییە"): ئەم دەرگایە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆبیناکەوە.
٢. الملك ("هەمیشە پادشا و دەسەڵاتدار و سەرۆک و خاوەنی هەموو شتێکە لە بوونەوەر و دونیا و دواڕۆژ"): دەکەوێتە ڕۆژئاوای کۆبیناکەوە. بۆ میوانە زۆر گرنگەکان بەکاردێت بۆ نموونە. سەرۆکی ئەندەنوسیا یان میوانە گرنگەکانی تر.
٣. ٱلْغَفَّارُ ("لێخۆشبەر و داپۆشەری گوناهـ و تاوانەکان لە دونیا و دواڕۆژدا"): دەکەوێتە سەر کۆتایی باشووری بینای هۆڵی حەوشەکە، ڕێک لە خوار منارەی مزگەوتی ئیستیقلالەوە. ئەم دەرگایە نزیکترینە لە دەروازەی باشووری ڕۆژهەڵات و هەروەها دوورترین دەروازەیە لە میحرابی مزگەوتەکە.
٤. ٱلْرَّحْمَان ("بەخشندە و میهرەبان و بەسۆز و بەزەییە لە دونیا بەرامبەر بە هەموو شتێک لە بوونەوەردا"): دەکەوێتە گۆشەی باشووری ڕۆژئاوای بینای هۆڵی مزگەوتەکە، نزیک دەروازەی چوونە ژوورەوەی ئەلمەلیک.
گومەز
بینا چوارگۆشەکەی هۆڵی سەرەکی نوێژکردن بە گومەزێکی خڕیی تیرە ٤٥ مەتری سەری گیراوە؛ ژمارەی "٤٥" هێمای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەندەنوسیایە کە لە ساڵی ١٩٤٥ـدا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. گومەزە سەرەکییەکە بە سەرەمنارەی جوانیی پۆڵای ژەنگنەهێن لە شێوەی داسە مانگ و ئەستێرە رازاوەتەوە، کە هێمای ئیسلامە. هەروەها گومەزە لاوەکییە بچووکەکە بە سەرەمنارەی جوانیی پۆڵای ژەنگنەهێن رازاوەتەوە و بە دەستنووسێکی جوان ناوی خودا (اللە)ـی لێ نووسراوە.
گومەزەکە بە دوانزە ستوون ڕێگیراوە و هۆڵی نوێژەکە بە پایە چوارگۆشەکان دەورە دراوە کە چوار باڵكۆنەیان هەڵگرتووە. ژمارەی ستوونەکان کە دوانزە دانەن گوزارشت لە ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد ﷺ دەکات کە لە دوانزەی ڕەبیعل ئەوەلدا لەدایکبووە.
بەشی ناوەوەی مزگەوتەکە
نهۆمی یەکەم و چوار نهۆمی باڵکۆندار بە شێوەیەکی گشتی پێنج نهۆم پێک دەهێنن؛ ژمارەی "پێنج" گوزارشت لە پێنج پایەکەی ئیسلام و پانچاسیلا (پێنج بنەماکەی ئەندەنوسيا) دەکات. پلیکانەکان لە گۆشەکانی بیناکەدان و دەگەنە هەموو نهۆمەکان. لە ڕێگەی دەرگای چوونە ژوورەوەوە کە بە گومەزێکی تیرە هەشت مەترییەوە سەری گیراوە دەگەیت بە هۆڵی سەرەکی؛ ژمارە هەشت هێمای مانگی ئاب کە لەو مانگەدا ئەندەنوسیا سەربەخۆیی بەدەستهێنا. دیزاینی ناوەوەی مزگەوتەکە سادە و جیاوازە، لەگەڵ ئەوەشدا کەمترین رازاندنەوەی ئەندازەیی پۆڵای ژەنگنەهێنی تێدا بەکارهاتووە. هەروەها ١٢ ستوونەکە بە جۆرە پۆڵایەکی ژەنگنەهێن ڕووپۆشکراون. لەسەر دیواری سەرەکی ڕووگە میحراب و مینبەرێک لە ناوەڕاستدا هەیە و لەسەر کانزایەکی گەورە بە زمانی عەرەبی و بە جوانی ناوی خوا لە لای ڕاست و محەمەد لە لای چەپەوە نووسراوە، هەروەها ئایەتی ژمارە چواردەی سورەتی تەها بە جوانی لە ناوەڕاستدا نووسراوە. کانزا، ڕووپۆشی پۆڵای ژەنگنەهێن و بابەتەکانی رازاندنەوەی مزگەوتەکە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە هاوردەکراون. لە بنەڕەتدا وەکوو شوێنەوارە نیشتیمانییەکەی نزیکی مزگەوتەکە، پلانی ئەوە دانرابوو کە لە ئیتاڵیاوە مەڕمەڕە سپییەکان هاوردە بکرێت. بەڵام بۆ کەمکردنەوەی تێچوو و پشتگیری پیشەسازی مەڕمەڕی ناوخۆیی، بڕیاردرا مەڕمەڕەکانی کانەبەردەکانی ڕۆژهەڵاتی دوورگەی جاوە لە مزگەوتەکەدا بەکار بهێنرێت.
منارە
پێکهاتەی سەرەکی مزگەوتەکە ڕاستەوخۆ بەو ڕێڕەوانەوە بەستراوەتەوە کە بەشی سەرەوەیان کەوانەییە و بە دەوری حەوشەی گەورەدا بڵاودەبنەوە. ڕێڕەوە کەوانەسەرەکان بینای سەرەکی بە تاکە منارەیەکەوە دەبەستنەوە کە لە گۆشەی باشووردایە. بە پێچەوانەی زۆرێک لە مزگەوتەکانی عەرەب، فارس، تورکیا و هیندییەوە کە چەندین منارەیان تێدایە، مزگەوتی ئیستیقلال یەک منارەی هەیە، کە ئەویش هێمای یەکتاپەرستی خوای باڵادەستە. درێژی منارەکە ٦٦٫٦٦ مەترە و هێمایە بۆ ٦٫٦٦٦ ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزە. ٣۰ مەتری بەشی سەرەوەی منارەکە بە پۆڵای ژەنگنەهێن ڕووپۆشکراوە کە ئاماژە بە ٣۰ جوزئی قورئانی پیرۆز دەکات.
هەروەها لە بەشی باشوور نزیک منارەکە تەپڵێکی دارینی گەورەی لێیە کە لە پێستی مانگا دروستکراوە. هەموو جیهانی ئیسلامی و بە شێوەیەکی نەریتی موسڵمانانی ئەندەنوسیا لەگەڵ بانگداندا تەپڵیان لێدەدا. نوسینگەکانی مزگەوت، هۆڵی چالاکی و ڕێوڕەسمەکان و فێرگە لە نهۆمی خوارەوەن. مزگەوتەکە ئاسانکاری بۆ چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان دەکات.
هەندێک لە موسڵمانانی ئەندەنوسیا دەڵێن پێکهاتەی گومەز و منارەی مزگەوتی ئیستیقلال زۆر مۆدێرن بوون و لەسەر شێوازی عەرەبی بوون.
توانای مزگەوتەکە
مزگەوتی ئیستیقلال دەتوانێت ٢۰۰٫۰۰١ کەس لەخۆبگرێت. ژووری سەرەکی نوێژکردن و باڵکۆنە و سووچ جێگەی ٦١٫۰۰۰
کەس و شوێنە کراوەکانی بیناکە ٨٫۰۰۰ کەس، هەیوانە کراوەکەی نهۆمی دووەم ٥٠٫۰۰۰ کەس و هەموو ڕاڕاوەکان و شوێنەکانی تر جێگەی ٨١٫۰۰۰ کەسیان تێدا دەبێتەوە. هەروەها لە کاتی ئاهەنگە گەورە مەسیحییەکانی وەک کریسمس، مزگەوتی ئیستیقلال شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی كاتێدراڵی جاکارتای نزیکی خۆی دابین دەکات.
سیستەمی دەنگ و ماڵتیمیدیا
لە مزگەوتی ئیستیقلالدا سیستەمێکی دەنگی کۆنتڕۆڵکراوی ناوەندی بەکاردەهێنرێت کە دەکەوێتە پۆلی دواوەی نهۆمی دووەم، لەگەڵ ئەوەشدا ٢٠٠ بڵندگۆی هەیە. ژمارەی ئەو بڵندگۆیانەی لە ڕێڕەوەکەدا هەن ١٥٨ کەناڵن، سیستەمی دەنگ لەلایەن ٢٦ ئامێری دەنگ گەورەکەرەوە و پێنج میکسێر کۆنتڕۆڵ دەکرێت و لەلایەن شەش کەسەوە بە نۆرە و لە شەو و ڕۆژدا سەرپەرشتی دەکرێت. هەروەها لە نهۆمی سەرەکیشدا سیستەمی تەلەفزیۆنی پلازما دانراوە بۆ ئەوەی لە کاتی پەرستش و چالاکییدا زانیارییەکان بە هەمووان بگەن.
باخچە
مزگەوتی ئیستیقلال دەکەوێتە سەر پارکی پێشووی وێڵهێڵمینا، بەمجۆرە پێش دروستکردنی مزگەوتە، ژمارەیەک ڕووەکی ڕازاندنەوە و دار لە باخچەکەدا چێنراون. ڕەنگە تەمەنی هەندێک لە دارە گەورەکانی باخچە کۆنەکە سەد ساڵ بن. هەروەها لقێکی ڕووبار بەم پارکەدا دەڕوات و بە دەمەوانەیەک کۆتایی دێت. لە گۆشەی باشووری ڕۆژئاوای باخچەی دەوروبەری مزگەوتەکە، حەوزێکی گەورە و فوارەیەکی گەورەی لێیە. فوارەکە تەنها لە ڕۆژانی هەینی لە کاتی نوێژی جومعە و لە جەژنە ئیسلامییەکانی وەک جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قورباندا کاردەکات.
ئیمام و بانگدەرەکان
مزگەوتی ئیستیقلال یەک ئیمامی گەورە، یەک جێگر و حەوت ئیمامی تری هەیە. لە ساڵی ٢٠١٦ ئیمامی گەورە، جێگری پێشووی وەزیری کاروباری ئایینییە (٢٠١١-٢٠١٤)، نەسرەدین عومەر بوو. هەروەها سەرۆکی مزگەوتی ئیستیقلال، محەمەد موزەمیل بەسیوونی بوو، کە باڵیۆزی پێشووی ئەندەنوسیا بوو لە سوریا (٢٠٠٦-٢٠١٠). حەوت ئیمامی دیکەش هەن کە لە مزگەوتەکەدا سەرپەرشتی نوێژی ڕۆژانە دەکەن، لەوانە محەمەد سەلیم غەزالی و ئەحمەد حوسنی ئیسماعیل. جگە لەوەش، مزگەوتی ئیستیقلال حەوت بانگدەری هەیە، لەوانیش، عەبدول واحید و حەسەن بەسری.
سەردانکەران
دوای سەردانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا باراک ئۆباما و هاوسەرەکەی بۆ مزگەوتی ئیستیقال لە تشرینی دووەمی ٢٠١٠، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ سەردانکەر سەردانی مزگەوتەکە دەکەن. لە نێو کەسایەتییە بیانییە دەسەڵاتدارەکان کە سەردانی مزگەوتی ئیستیقلالیان کردووە، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بیل کلینتۆن؛ سەرۆکی ئێران مەحمود ئەحمەدی نژاد؛ شازادە چارڵز لە شانشینی یەکگرتوو؛ لی یوان چاوی جێگری سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستی چین؛ سێباستیان پینێرای سەرۆکی چیلی؛ هاینز فیشەر، سەرۆکی نەمسا؛ یێنس ستۆڵتنبێرگ، سەروەزیرانی نەرویج، و ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە ساڵی ٢۰١٢، هەروەها شا سەلمانی سعودیە لە مانگی ئازاری ٢٠١٧ لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ئەندەنوسیا سەردانی مزگەوتی کرد.