پێکەنین لەماوەی خەوتندا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-29-21:11:00 - کۆدی بابەت: 8431
پێکەنین لەماوەی خەوتندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پێکەنین لە کاتی خەودا (بە ئینگلیزی: Laughing during sleep یان hypnogely) حاڵەتێکی باوە کە تووشی مرۆڤەکان دەبێت و مایەی نیگەرانی نییە. زۆربەی کات لە منداڵاندا ڕوودەدات. بەشێوەیەکی گشتی حاڵەتێکی بێزیانە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا نیشانەیە بۆ جۆرێک لە نەخۆشییە دەمارییەکان.

سوڕی خەو

دوو سوڕی خەو هەیە: (خەوی خێرا جووڵاندنی چاو و خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو)، مرۆڤ کاتێک خەوتووە بە درێژایی شەو بە ئەم دوو سوڕی خەوەدا تێپەڕ دەبێت:

خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو

خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاو سێ قۆناغ لەخۆ دەگرێت:

  1. قۆناغی یەکەم بریتییە لە ڕۆیشتن لە دۆخی ئاگاییەوە بۆ خەوتن، ماوەکەی زۆر کورتە، لە ماوەی ئەم قۆناغەدا خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان و جووڵەی چاوەکان و ماسولکەکان خاودەبنەوە، شەپۆلەکانی مێشک دەست دەکەن بە خاوبوونەوە.
  2. قۆناغی دووەم ماوەیەکی خەوی سووکە پێش ئەوەی بکەویتە خەوی قووڵەوە، خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان کەم دەبێتەوە، ماسولکەکان زیاتر خاودەبنەوە، پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت و جووڵەی چاو دەوەستێت، چالاکی شەپۆلەکانی مێشک خاودەبنەوە.
  3. قۆناغی سێیەم بریتییە لەو ماوەیەی خەو کە تیایدا دەکەویتە ئەو خەوە قووڵەوە کە پێویستتە بۆ ئەوەی تێرخەو ببیت و لە بەیانیاندا هەست بە نوێبوونەوە بکەیت. ئەم قۆناغە زیاتر لە بەشی یەکەمی شەودا ڕوودەدات. خێرایی لێدانی دڵ و هەناسەدان خاودەبنەوە بۆ خاوترین ڕێژە، ماسولکەکان خاو دەبنەوە، هەروەها شەپۆلەکانی مێشک خاوتر دەبنەوە.

خەوی خێرا جووڵاندنی چاو

دواتر مرۆڤ دەچێتە سوڕی خەوی خێرا جووڵاندنی چاوەوە، کە زۆربەی خەونەکان لە ئەم سوڕەدا دەبینرێن. سەرەتا لەدوای نزیکەی یەک کاتژمێر و نیو دوای خەو لێکەوتن دەست پێدەکات. هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە چاوەکان زۆر بە خێرایی لەژێر پێڵووی چاودا بەرەوە دواوە و پێشەو دەجووڵێن، شەپۆلەکانی مێشک جیاوازن بەڵام نزیکن لە شەپۆلی کاتی ئاگایی.
کاتێک کە هەناسەدان ناڕێکە و لێدانی دڵ و پەستانی خوێن وەک دۆخی ئاگاییە، دەست و قاچەکان بەشێوەیەکی کاتی ئیفلیج دەبن، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو شتەی لە خەونەکەتدا دەیبینیت و ئەو کارەی ئەنجامی دەدەیت دووبارەی نەکەیتەوە.
ئاساییانە پێکەنین لە خەودا بە درێژایی سوڕی خێرا جووڵاندنی چاو ڕوودەدات، بەڵام هەندێک نموونەش هەیە کە لە سوڕی خەوی جێرا نەجووڵاندنی چاودا ڕووی دابێت. هەندێک جاریش ئەم پێکەنینە بەهۆی ڕەفتارە نامۆکانی کاتی خەوتنەوەیە (parasomnia)، ئەم ڕەفتارانە کۆمەڵێک کێشەی کاتی خەوتن دەگرنەوە کە دەبنە هۆی جووڵەی نائاسایی، تێبینیی یان هەستکردنی نائاسیی لەماوەی خەودا.

هۆکار

پێکەنین لە خەودا شتێک نییە کە مایەی نیگەرانی بێت. زۆربەی توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە لە سوڕی خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا لە کاتی خەوبینیندا ڕوودەدات. بەڵام دەکرێت لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لە سوڕی خەوی خێرا نەجووڵاندنی چاویشدا ڕووبدات.

کێشە ڕەفتارییەکانی سوڕی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو

لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا پێکەنین لە کاتی خەوتندا دەکرێت ئاماژە بێت بۆ هەندێک حاڵەتی جدی وەک کێشە ڕەفتارییەکانی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو. لە کاتی تووشبوون بەم کێشە و ناڕێکییانە، ئیفلیجبوونی دەست و قاچەکان لەماوەی خەوی خێرا جووڵاندنی چاودا ڕوونادات، ئەمەش وادەکات کە کەسەکە بەشێوەیەکی جەستەیی ئەوەی لە خەوندا دەیبینێت دووبارەی بکاتەوە. ئەم ڕەفتارانەش دەکرێت قسەکردن، پێکەنین، هاوارکردن بگرێتەوە و کاتێک کەسەکە لەو کاتەدا خەبەری دەبێتەوە خەونەکەی لەبیرە.
کێشەکانی کاتی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو دەکرێت پەیوەست بێت بە نەخۆشییەکی ترەوە وەک نەخۆشی پارکینسۆن.

خوە نامۆکانی کاتی خەوتن

پێکەنین لە خەودا دەکرێت پەیوەست بێت بە خوە نامۆکانی کاتی خەوتنەوە (بە ئینگلیزی: Parasomnia)، کە حاڵەتێکە تیایدا کەسەکە نیمچە خەوتوو و نیمچە بە ئاگایە.
نموونەی ئەم خوە نامۆیانە بریتییە لە ڕۆیشتن لە خەودا و تۆقین لە خەودا. ئەم حاڵەتانە زیاتر لە منداڵاندا باون، بەڵام دەکرێت تووشی کەسانی پێگەیشتووش ببن. مەترسی تووشبوون بە ئەم ڕەفتارە نامۆیانە دەکرێت بەهۆی ئەمانەوە بێت:

هۆکاری پێکەنینی منداڵ لە خەودا

بەشێوەیەکی زانستی بە تەواوەتی ڕوون نییە کە هۆکاری پێکەنینی منداڵ لە خەودا چییە، هەروەها منداڵ ئەزموونی سوڕێکی هاوسەنگی خەوی خێرا جووڵاندنی چاو دەکەن کە پێشی دەوترێت خەوی چالاک.
لە کاتێکدا کە مەحاڵە بەتەواوی بزانرێت منداڵ لە کەیدا خەون دەبینێت. بەڵام باوەڕ وایە کە کاتێک منداڵ لە کاتی خەوتندا پێدەکەنێت، ئەم پێکەنینەی زیاتر پەرچەکردارە نەک کاردانەوەی بۆ بینینی خەونێک. بۆ نموونە زۆربەی توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە دەکرێت منداڵان لەماوەی خەوی چالاکدا پێبکەنن یان جووڵەی لەناکاو بکەن. کاتێک منداڵان بەم جۆرە خەوەدا تێدەپەڕن دەکرێت جووڵەی خۆنەویستانە بکەن، ئەم جووڵە خۆنەویستانەش دەکرێت پەیوەندییان بە پێکەنینی منداڵەوە هەبێت لە کاتی خەوتندا.
لە حاڵەتی زۆر دەگمەندا جۆرێکی گەشکە هەیە کە تووشی منداڵی تازە لەدایکبوو دەبێت، دەبێتە هۆی پێکەنینێکی زۆری کۆنترۆڵ نەکراو کە پێی دەوترێت گەشکەی پێکەنیناوی. 
گەشکەیەکی کورتە کە ١٠ بۆ ٢٠ چرکە دەخایەنێت، لە کۆرپەی نزیکی ١٠ مانگدا ڕوودەدات. دەکرێت لە کاتێکدا منداڵ خەوی لێدەکەوێت یان کاتێک خەوتووە تووشی ببێت و خەبەری ببێتەوە.
ئەگەر تێبینی ئەوە دەکەیت کە ئەم حاڵەتە بە شێوەیەکی بەردەوام و چەند جارێک لە ڕۆژێکدا بەسەر منداڵەکەتدا دێت، هەروەها لەگەڵیدا چاوتێبڕین یان جووڵەی نائاسایی دەکات، سەردانی پزیشک بکە.

پوختە

لە کاتێکدا کە چەند نموونەیەک هەیە دەربارەی ئەوەی پێکەنین نیشانەبێت بۆ هەندێک حاڵەتی تەندروستی جدی، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بێ‌زیانە و مایەی نیگەرانی نییە.
لە هەمان کاتدا پێکەنینی منداڵان و کۆرپە لە خەودا بەشێوەیەکی گشتی مایەی نیگەرانی نییە، بەڵام تەنها لە کاتێکدا کە هەڵسوکەوتی نامۆی لەگەڵدا نەبێت، چونکە بوونی هەڵسوکەوتی نامۆ دەکرێت دەرخەری کێشەی تری تەندروستی بێت.


سەرچاوەکان



660 بینین