ناوهڕۆك
سەرەتا
جلشۆر یان غەسالەی جلشۆرین (بە عەرەبی: غسالة، بە ئینگلیزی: Washer) ئامێرێکی خودکاری خاوێنکردنەوە و شۆردنی جلوبەرگە، چەندان جۆر و ڕەنگ و دیزاینی جیاواز و هەمەجۆری هەیە، هەروەها بە چەندان قۆناغدا تێپەڕیوە تاکوو گەیشتوەتە ئەم شێوازە سەردەمیانەی ئێستا، لەم سەردەمەدا هیچ ماڵێک خاڵی نییە لە ئامێری جلشۆی خودکار (ئۆتۆماتیک) کە چەندان جۆر و شێواز و تایبەتمەندی هەیە، هەندێکیان تایبەتمەندیی شۆردن و وشککرنەوەی تێدایە و بە ئاسانترین شێوە و لە کاتێکی دیاریکراودا پڕۆسەی شۆرینی پۆشاکەکان ئەنجام دەدات.
مێژووی دەرکەوتنی جلشۆر
مێژووی جلشۆرە سەردەمییەکانی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 1850 یەکەمین ئامێری جلشۆر لە جیهاندا دروستکرا.
لە سەدە کۆنەکانەوە چەندان ڕێگای سادە و سەرەتایی هەبووە بۆ جل شۆرین و خاوێنکردنەوەی جلوبەرگ، لە زۆرێک لە کولتوورە کۆنەکان جلە پیسەکانیان لە بەردی زبر دەخشاند، بە بەکارهێنانی لم و گڵ وەکوو جێگرەوەی سابوون لە ئاوی ڕووبارەکان پیسی و پەڵەی سەر جلەکانیان لادەبرد.
ڕۆمانییەکان ئاوی ڕووبارەکانیان بەکارهێناوە و جلەکانیان لە چەند جۆرێکی بەردی زبر خشاندووە، هەروەها چەند جۆرێکی خۆڵ و گڵیان لەگەڵ چەند پێکهاتەیەکی ڕۆنی ئاژەڵی تێکەڵ کردووە وەکوو سابوون بەکاریانهێناوە بۆ ئەوەی پەڵە و پیسییەکانی سەر جلە پیسەکانیان لێبکەنەوە.
لە سەردەمە داگیرکارییەکانی ئەورووپادا لە باوترین ڕێگا بۆ شوشتنی جلەکان، کوڵاندنیان بووە لە مەنجەڵێکی ئاوی گەورەدا، دواتر دەریاندەهێنا و لەسەر تەختەیەکی تەخت دادەنرا و بەهێزەوە بە سەوڵ لێیدەدرا.
لە ساڵی 1833 تەختەیەکی تایبەت بە جلشۆرین داهێنرا، هەندێکیان لە کانزا یان لە دار دروستکرا بوون، ئەو تەختەیە هێڵدار و زبر بووە و لە نێوان هێڵەکانی بۆشایی هەبووە، جلە پیسەکانیان لەسەری دەخشاند و خاوێنیان دەکردەوە.
لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا لە چەند ناوچە و چەند هۆزێکی دانیشتوی ویلایەتەکانی ئەمریکا، شۆردنی جلوبەرگ ببووە نەریتێکی بە کۆمەڵی دانیشتوان، بەیەکەوە جلەکانیان دەشۆری.
داهێنەر "هاملتۆن سمێس" لە ویلایەتی فیلادیفیای وڵاتی ئەمریکا یەکەمین ئامێری جلشۆری خودکاری داهێنا، لە سەرەتادا شێوازی ئامێرەکە زۆر سادە بوو، ئامێرەکە دەسکێکی سوڕێنەری پێوەبوو کە بزوێنەرەکانی دەجووڵاند و بەهۆیە جلەپیسەکانیش بۆ چەند جارێکی دیاریکراو سوڕ دەدران و خاوێن دەبوونەوە.
لە ساڵی 1910 ئامێرێکی جلشۆر دروستکرا کە بە کارەبا ئیشی دەکرد، دوای چەندان گۆڕانکاری و نوێکردنەوەی ئامێرەکە تا ساڵی 1950 لە ئەمریکا و ئەورووپا بڵاونەبووەوە و بەکارنەهێنرا.
چۆنییەتی هەڵبژاردنی باشترین جۆری ئامێری جلشۆر
چەند پێوەرێکی ستانەدارد هەیە کە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردن و هەڵبژاردنی باشترین جۆری جلشۆر کە کوالێتییەکی بەرزی هەبێت، گرنگترێن ئەو پێوەرانە بریتیین لە:
ـ هەڵبژاردنی جلشۆر بەپێی قەبارە و کێش و ڕادەی بەرگەگرتنی قورسایی، واتا پێویستە پێش کڕینی ئامێری جلشۆر، بڕی ئەو قەبارەیە دیاری بکەیت کە پێویستتە.
ـ هەموو جلشۆرێک کاتی دیاریکراوی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە پڕۆسەی شۆرینی جلەکان، هەمەجۆری و کوالێتی قوماشی جلەکان کاتەکە دیاریدەکەن کە پڕۆسەکە کاتێکی کەم یان زۆری پێویستە، بۆیە پێویستە پێش کڕینی ئامێرەکە، کەمترین و زۆرترین ماوەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی شۆرینی جلەکان لە جلشۆرەکەدا بزانیت.
ـ لە ئێستادا ئامێرەکانی جلشۆر هەمەجۆرن، هەندێکیان پڕۆگرامی سادە و ئاسانی لەسەرە، هەندێکیشیان بە پێچەوانەوە پڕۆگرامی ئاڵۆز و قورسی هەیە و بەکارهێنانی قورسە، بۆیە هەڵبژاردنی جۆرێکی ئاسان و سادە یارمەتیدەرە لە دیاریکردنی کوالێتیی باشی جلشۆرەکە.
ـ زانینی ژمارەی سوڕەکانی جلشۆرەکە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی دیاریکردنی جلشۆرێکی باش.
ـ ئامێرێکی شوشتن هەڵبژێرە کە کەرەستەی کوالێتی بەرز و بزوێنەرێکی بەهێزی هەبێت، لەگەڵ بوونی کەرەستەی خاوی کواڵێتی بەرز لە پێکهاتەکانیدا.
ـ هەڵبژاردنی جۆر و مارکەیەکی جلشۆر کە خزمەتگوزاری پاش فرۆشتنی هەبێت، نموونەی خزمەتگوزاری چاککردنەوە و بوونی گەرەنتی بۆ چەند ساڵێکی دیاریکراو.
ـ لە ئێستادا چەند جۆرێکی جلشۆر هەن کە یارمەتیدەری ژینگەن، کارەبا و ئاو کەم بەکاردەهێنن و بە کەمترین وزە کار دەکەن.
ناودارترین مارکەکانی جلشۆر لە جیهاندا
- کۆمپانیای ئێڵ جی LG
ـ کۆمپانیای سامسۆنگ Samsong
ـ کۆمپانیای ئەریستۆن Ariston
ـ کۆمپانیای هۆڤەر Hover