ناوهڕۆك
ناساندن
زازاکان، زازا یان دیملی (بە ئینگلیزی: Zazas، بە عەرەبی: زازائيون) کۆمەڵە خەڵکێکی باکووری کوردستانن و بە زاراوەی کوردیی زازاکی قسە دەکەن. زۆرینەیان لە پارێزگای دەرسیم نیشتەجێن و ژمارەیان ٢ بۆ ٤ ملیۆن کەسە. لە هەریەک لە (مامەکی، چەولیگ، خارپێت، ئەرزنگان و دیاربەکر) زۆرینەی زازاکان کۆبوونەتەوە. زۆرینەی زازاکان خۆیان بە کورد دادەنێن و بە کوردیی زازا ناودەبرێن.
ئینسایکلۆپیدیا
بەپێی ئینسایکلۆپیدیای ئێرانیکا ناوی دیملی لە ناوچەی دەیلەمی باکووری ئێرانەوە وەرگیراوە. لە پەڕاوە ئەرمەنییەکانیشدا بە delmik ناوبراوە. وشەی زازا واتە "لاڵ یان زمانگرتوو" کە ئەم دەستەواژەیە بۆ سوکایەتیکردن پێیان بەکارهێنراوە.
مێژوو
مێژووی کۆن
بەڵگە زمانەوانییەکان جۆری زمانی زازاییەکانیان بە بەشێک لە باکووری ئێران داناوە بەهۆی ئەو نزیکییەی لەگەڵ مازندەرانی و گیلەکی و تاڵش هەیەتی. هەروەها بەپێی بەڵگە ئەرمەنییەکان ناوی دیملی بۆ زازاییەکان بەهۆی کۆچکردنیانەوەیە لە ناوچەی دیلەمی ئێرانەوە بۆ ئەنادۆڵ کە لە سەدەکانی ١٠ و ١٢ـی زایینی ڕوویداوە. بەڵام توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٥ پشتگیری تیۆریی باکووری ئێران ناکات و لە جیاتی ئەوە پەیوەندیەکی نزیکتر لە نێوان زمانبێژانی کورد و زازکان دروست دەکات بە بەراورد لەگەڵ دانیشتوانی باکووری ئێران. چونکە کوردەکان و زازاییەکان بۆ ماوەی چەندین سەدە لە هەمان شوێن لە ئەنادۆڵ پێکەوە ژیاون و زازاکان هەرگیز داوای ناسنامەیەکی جیا لە کوردییان نەکردووە لەو کەسە بێگانانەی سەردانیان کردوون، سەرەڕای ئەوەی پێناسێکی باشیان هەبووە و ئاگاداری بنەچەی خۆیان بوون.
کولتوورە زازاییەکان دەگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، کە هۆزانڤانە زازاییەکان هۆنراوەکانیان بە زازاکی و تورکی نووسیوە.
مێژووی نوێ
کۆنترین کارە هونەرییەکان بە زمانی زازاکی نووسرابێت دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست. کە دوو هۆنراوەن و هەردووکیان یەک ناونیشان و یەک مێژوویان هەیە.
لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیست، زازاییەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە بەرزبوونەوەی پلەی نەتەوەیی کورد هەبوو بە وەستان و ڕووبەڕووبونەوەیان دژی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانی و دواتریش دەوڵەتی کۆماری تورکیا. زازاییەکان لە ڕاپەڕینی کۆچگیری ساڵی ١٩٢١ بەشدارییان کرد. دواتریش لە شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیراندا بەشداربوون لە ١٩٢٥. دواتریش زۆرێکیان بە کۆمەڵەی خۆییبوون و جەمعیەتی تەعالی کوردستانەوە پەیوەست بوون.
لە ساڵی ١٩٣٧ لە شۆڕشی دەرسیمدا جارێکی تر زازاییەکان دژی تورکەکان ڕاپەڕین. ئەم جارە بە سەرکردایەتی سەید ڕەزای دەرسیمی بوو و هەزاران کورد تێیدا کوژران کە زۆرێکیان مەدەنی بوون.
دوای کودەتای ١٩٨٠ـی تورکیا زۆرێک لە کەمینەکان کە ترسیان لە گیانی خۆیان هەبوو بەرەو وڵاتانی ئەورووپا و دەرەوە هەڵاتن، بۆیە ئێستا جیا لە باکووری کوردستان و تورکیا، زازاییەکان لە ئوستوڕالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هۆڵەندا و سوید و ئەڵمانیا نیشتەجێن.
چاند
زمان
زازاکی زمانی فەرمی کۆمەڵەی زازاییەکانە و بەشێکە لە زمانی گۆرانی-زازاکیی زمانی کوردی. زیاتر لە دوو تا سێ ملیۆن کەس قسەی پێ دەکەن و لە ناوچەکانی باکووری کوردستان ئاخێوەرانی کۆبوونەتەوە. زازاکیی باکوور لە زازاکیی باشوور جیاوازە و بە دەنگە جیا دەکرێنەوە، بەڵام بەگشتی زازاکی کۆمەڵێک بنشێوەزاری جۆراوجۆرە و پێوەرێکی تەواوی نییە.
بەپێی سەرژمێرییەکی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا، %٩٦,٢ ئەو کەسانەی کە خۆیان بە زازا دادەنێن و ناوچەکەیان کورمانجی تێدا کەمترە بە زازاکی قسە دەکەن. بەڵام جیا لەوان %٥٨,٤ـی دانیشتوانی زازا ڕایانگەیاندووە کە بە زازاکی قسە دەکەن و %٣٨,٣ـیان لە ماڵەوە بە تورکی قسە دەکەن.
پیتەر لێرچ یەکەمین بڵاوکراوەکانی بە زمانی زازا لە ساڵی ١٨٥٠ بڵاوکردووەتەوە. دوو نووسراوی ئایینیی گرنگیش هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی ١٨٩٨ و لەلایەن ئەحمەدێ خاسی و عوسمان ئەفەندییەوە نووسراون و هەردووکیان سوودیان لە پیتی عەرەبی وەرگرتووە.
ئایین
زۆرینەی زازاکان ئیسلامیی سوننەن و سەر بە مەزهەبی شافیعیین، لەدوای ئەویش عەلەوی بە دووەم زۆرترین شوێنکەوتوو دێت کە %١٤,٨ـیان عەلەوین و زۆرترین ڕێژەیان هەیە لە تورکیا، کە دوای ئەوان تورکەکان بە %٥,٤ و کوردەکان بە %٣,١ دێن. لە کۆنیشدا کۆمەڵێک مەسیحییان تێدا بووە.
ناسنامە و کەسایەتی
بەڕای بۆدرۆجی و ئاراکلیۆڤا زازاکان هەرگیز داوای ئامادەبوونی جیایان لە کورد نەکردووەوە بەشانازییەوە خۆیان بە کورد دەزانن. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە زانایان بە گروپێکی نەژادی جیایان دەزانن و لە کاری ئەکادیمیدا بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن. بەپێی ڕاپرسییەکی نەتەوەیی کە لە ساڵی 2019دا لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و ڕاوێژکردنی کۆندا ئەنجام دراوە، نزیکەی 1.5٪ ی دانیشتوان ناسنامەی نەژادی خۆیان بە "زازا" دەزانن.
هەروەها لە پارتە کوردییەکانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) زۆر سیاسەتمەداری زازی هەن، وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئیسلێ توغلوک، ئایلا ئاکات عەتا و گوڵتان کشاناک.
لە بواری سیاسیشدا لە ساڵی ٢٠٠٢ زۆرینەی پەیڕەوانی سوننە لە زازاکان دەنگیان بە پارتی داد و گەشەپێدان داوە، بەڵام عەلەوییەکان هاوکارییەکی تەواوی حیزبە چەپڕۆکانیان کردووە بە کوردییەکان و تورکییەکانەوە. لە دەنگدانی سەرۆکایەتیشدا زۆرینەی سوننەکان دەنگیان بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان داوە، بە پێچەوانەی عەلەوییەکان کە دەنگیان بە سەڵاحەدین دەمیرتاش دا. شاری مامەکی فرەعەلەوی لە پارێزگای دەرسیم تاکە بەشە لە کارگێڕیی تورکیا کە خاوەنی قایمقامێکی کۆمۆنیست بێت.