ناوهڕۆك
ناساندن
بزرۆکە (بە عەرەبی: کسرة مختلسة) ھەشتەمین پیتەبزوێنی زمانی کوردییە کە لە ئەلفبێی کوردیی لاتینیدا بە پیتی i ھێما دەکرێت بەڵام لە ئەلفبێی کوردیی بە نووسینی ئارامیدا نابینرێت و بزرە، بۆیە ناونراوە بزرۆکە. ھەندێ لەو وشانەی کە لە ڕواڵەتدا بزوێنیان تێدا نابینرێت، وەکوو: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، بەڵام لە ڕاستیدا دەنگی بزوێنیان تێدایە.
نموونە
- بردن birdin
- من min
- ژن jin
- چل çil
- مردن mirdin
- بزن bizin
- خستن xistin
وشەی "مشک" لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستاندا بە دوو شێوازی (mişk) و (mişik) دەوترێت، بەڵام لە ئەلفبێی کوردیی ئارامیدا ھەر بە یەک شێواز دەنووسرێت: "مشک". کەوابێت هەشتەمین دەنگی بزوێنی کوردی بە ئەلفبێی عەرەبی یان ئارامی نانووسرێت و بزرە.
ئایا بەڕاستی بزرۆکە هەیە؟
کۆی ئەو کەسانەی لە بواری ڕێنووسدا کاریان کردووە دان بەوەدا دەنێن کە بزرۆکە بوونی هەیە لەبەر ئەوەی هەر پیتێکی بێدەنگ پێویستی بە دەنگدار یان بزوێنێک هەیە بۆ ئەوەی بە زاردا بێت. لە کوردیشدا یاسای ڕێنووسی پێمان دەڵێت کە وشەی ڕاست بەو شێوەیە دەنووسرێت کە بە زاردا دێت. واتا بۆ هەر دەنگێک کە لە زمانی کوردیدا هەیە یەک پیت یان نیشانەیەک دیاری کراوە. بۆیە لەو وشانەدا کە چەند دەنگ بە دوای یەکدا دێن و بزوێنیان تێدا نابینرێت دەڵێین بزرۆکە بوونی هەیە. دیارە چی لەباری یاسای ڕێنووسییەوە و چی لە بارەی شێوازی دەربڕینی وشەکانیشەوە بزرۆکە هەستی پێدەکرێت. لە گوتندا نیمچە دەنگێک لە نێوان دوو پیتی بێدەنگی هەندێک وشەدا دەبیسترێت کە هەمان بزرۆکەیە.