ناوهڕۆك
ناساندن
فێمینیزم یان فیمینیزم (بە ئینگلیزی: Feminism، بە عەرەبی: النسویة) کۆمەڵێک بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی-سیاسییە کە ئامانجیان پێناسەکردن و جێگیرکردنی یەکسانیی سیاسی و ئابووری و کەسی و کۆمەڵایەتیی ڕەگەزەکانە. فێمینیزم ئەو هەڵوێستە لەخۆدەگرێت کە لە کۆمەڵگاکان ڕوانگەی پیاوان لە پێشینەدان و لەناو ئەو کۆمەڵگایانەدا بە ناڕەوا مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت. هەوڵەکانیش بۆ گۆڕانکاری بریتیین لە بەرەنگاربوونەوەی چەشنە چەقبەستووەکانی جێندەری و دامەزراندنی دەرفەت و دەرئەنجامی پەروەردەیی و پیشەیی و نێوان کەسی بۆ ژنان کە یەکسان بن لەگەڵ ئەوانەی بۆ پیاوان بەردەستن.
بزووتنەوە فێمینیستەکان بانگەشەیان کردووە و بەردەوامن لە هەڵمەتی مافی ژنان، لەوانە مافی: دەنگدان، وەرگرتنی پۆستی گشتی، کارکردن، بەدەستهێنانی مووچەی یەکسان، خاوەندارێتی موڵک، وەرگرتنی خوێندن، چوونە ناو گرێبەستی کار، هەبوونی مافی یەکسان لەناو هاوسەرگیریدا، مۆڵەتی منداڵبوون. هەروەها فێمینیستەکان کاریان کردووە بۆ دەستەبەرکردنی ڕێگریکردن لە دووگیانی بە ویستی ژن، لەباربردنی یاسایی و یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، هەروەها پاراستنی ژنان و کچان لە دەستدرێژیکردنە سەر و ئازاردانی سێکسی و توندوتیژیی خێزانی. گۆڕانکاری لە ستانداردەکانی جلوبەرگی ژنان و چالاکییە جەستەییە قبووڵکراوەکان بۆ مێینەکان زۆرجار بەشێک بووە لە بزووتنەوە فێمینیستەکان.
هەندێک لە زانایان هەڵمەتە فێمینیستەکان بە هێزێکی سەرەکی لە پشت گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە مێژووییە گەورەکان بۆ مافەکانی ژنان دەزانن، بە تایبەت لە ڕۆژاوا، کە نزیکەی بە شێوەیەکی گشتگیر شانازییان پێوە دەکرێت بە بەدەستهێنانی مافی دەنگدانی ژنان، بێلایەنی لە ڕەگەز، مافی زاوزێ بۆ ژنان (لەوانەش دەستڕاگەیشتن بە ڕێگری لە دووگیانی و لەباربردن)، لەگەڵ مافی گرێبەستکردن و خاوەندارێتی موڵک و ماڵ. هەرچەندە بانگەشەکردنی فێمینیستەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر مافەکانی ژنان چڕکراوەتەوە، بەڵام هەندێک لە فێمینیستەکانیش هەن کە گفتوگۆ لەسەر ڕزگاریی پیاوان لە چوارچێوەی ئامانجەکانیاندا دەکەن، چونکە پێیان وایە پیاوانیش بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزی نەریتییەوە زیانیان پێدەگات. تیۆری فێمینیست کە لە بزووتنەوە فێمینیستەکانەوە سەری هەڵداوە، ئامانجی تێگەیشتنە لە سروشتی نایەکسانی ڕەگەزی بە لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ژیاوی ژنان.
چەندین بزووتنەوە و ئایدیۆلۆژیای فێمینیست بەدرێژایی ساڵان گەشەیان کردووە و نوێنەرایەتی ڕوانگە و ئامانجی جیاواز دەکەن. بە شێوەیەكی بنچینەیی، لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، فێمینیزمی لیبراڵی یەکەم شەپۆل بوو كە لە ڕێگەی چاكسازی لە چوارچێوەیەكی لیبراڵ دیموكراسیدا هەوڵی یەكسانیی سیاسی و یاسایی دەدا. لەگەڵ بزووتنەوەكانی ژنانی پرۆلیتاریا لەسەر بنەمای كرێكاران كە بە تێپەڕبوونی كات گەشەیان كرد و بوون بە فێمینیزمی سۆسیالیستی و ماركسیستی لەسەر بنەمای تیۆری خەباتی چینایەتی. هەروەها لە شەستەکانی سەدەی ٢٠، هەردوو ئەم نەریتە لەگەڵ "فێمینیزمی ڕادیکاڵ" کە لە باڵە ڕادیکاڵەکەی فێمینیزمی شەپۆلی دووەمەوە سەریهەڵداوە و داوای ڕێکخستنەوەی ڕیشەیی کۆمەڵگا دەکات بۆ نەهێشتنی باڵادەستیی پیاوان، دژایەتی دەکرێن؛ پێکەوە فێمینیزمی لیبراڵ، سۆسیالیستی و ڕادیکاڵ هەندێک جار پێیان دەوترێت قوتابخانەی "سێ گەورە"ـی بیری فێمینیست.
لە کۆتایی سەدەی بیستەمەوە زۆر فۆڕمی نوێی فێمینیزم سەریان هەڵداوە. هەندێک لە فۆرمەکانی فێمینیزم ڕەخنەیان لێ گیراوە کە تەنیا ڕوانگەی سپی پێست، چینی ناوەڕاست، خوێندەواری کۆلێج، جیاڕەگەز، یان ئەوانەی دوو ڕەگەزن لەبەرچاو گیراوە. ئەم ڕەخنانە بوونەتە هۆی دروستبوونی فۆرمەکانی فێمینیزمی تایبەت بە نەتەوەیی یان فرەکولتووری وەک فێمینیزمی ڕەشپێست و فێمینیزمی هاوڕەگەزخوازەکان.
مێژوو
ماری وۆڵستۆنکرافت لەلایەن زۆر کەسەوە وەک دامەزرێنەری فێمینیزم سەیر دەکرێت بەهۆی کتێبەکەی لە ساڵی ١٧٩٢ بە ناوی (بۆ بەرگری لە مافەکانی ژن - A Vindication of the Rights of Woman: with Strictures on Political and Moral Subjects (1792)) کە تیایدا بانگەشە بۆ فێرکردنی زانست و پەروەردەی ژنان دەکات. چارڵز فۆریەر، سۆسیالیستی یۆتۆپی و فەیلەسوفێکی فەڕەنسییە و وشەی "فێمینیزم"ـی لە ساڵی ١٨٣٧ داڕشتووە. وشەی "féminisme" بۆ یەکەمجار لە فەڕەنسا و هۆڵەندا لە ساڵی ١٨٧٢ و لە بەریتانیا لە ساڵی ١٨٩٠ و لە ئەمریکا لە ساڵی ١٩١٠ دەرکەوتن، فەرهەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد یەکەم دەرکەوتنی بە زمانی ئینگلیزی بەم واتایە دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ١٨٩٥. بەپێی ساتەوەختی مێژوویی و کولتوور و دۆخی نیشتمان، فێمینیستەکان لە سەرانسەری جیهاندا هۆکار و ئامانجی جیاوازیان هەبووە. زۆربەی مێژوونووسانی فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە هەموو ئەو بزووتنەوانەی کە کار بۆ بەدەستهێنانی مافی ژنان دەکەن، پێویستە بە بزووتنەوەی فێمینیست هەژمار بکرێن، تەنانەت کاتێک کە ئەو زاراوەیەیان بۆ خۆیان بەکارنەهێناوە. مێژوونووسانی تر جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت ئەم زاراوەیە تەنیا لە بزووتنەوەی فێمینیستی مۆدێرن و ئەوانەی دواتردا سنووردار بێت. ئەو مێژوونووسانە بۆ وەسفکردنی بزووتنەوەکانی پێشووتر، ناوی "پرۆتۆفێمینیست" بەکاردەهێنن.
شەپۆلەکان
مێژووی بزوتنەوەی فێمینیستەکانی ڕۆژئاوای مۆدێرن بەسەر چوار شەپۆلدا دابەشکراوە. یەکەمیان لە بزووتنەوەکانی مافی دەنگدانی ژنان لە سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم پێکهاتبوو، کە مافی دەنگدانی ژنانیان بەرەوپێش دەبرد. شەپۆلی دووەم، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان، لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکرد و هەڵمەتی یەکسانی یاسایی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان ئەنجامدا. لە ساڵی ١٩٩٢ و سالەکانی دەوروبەری، شەپۆلی سێیەم دەستنیشانکرا، کە بە گرنگیدان بە تاکایەتی و هەمەجۆریی تایبەتمەند بوو. سەرەڕای ئەوەش، گومانیش لە بوونی شەپۆلی چوارەم هەیە، بەڵام ئەوەی دانراوە ئەوەیە کە لە دەوروبەری ساڵی ٢٠١٢ دەستی پێکردووە و سۆشیال میدیای بەکارهێناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئازاردانی سێکسی و توندوتیژیی دژی ژنان و کولتووری دەستدرێژیکردنە سەر؛ ئەمەشیان زیاتر بە بزووتنەوەی (Me Too) یان "منیش" ناسراوە.
تیۆری فێمینیزم
تیۆری کەسێکی فێمینیست بریتییە لە درێژکردنەوەی فێمینیزم بۆ بوارەکانی تیۆری یان فەلسەفی. کارکردن لە چەندین بواردا دەگرێتەوە، لەوانە ئەنترۆپۆلۆژی، کۆمەڵناسی، ئابووری، توێژینەوەی ژنان، ڕەخنەی ئەدەبی، مێژووی هونەر، شیکاری دەروونی، فەلسەفە. تیۆری فێمینیست ئامانجی تێگەیشتنە لە نایەکسانی جێندەری و تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی جێندەری و پەیوەندییەکانی دەسەڵات و سێکس. وێڕای خستنەڕووی ڕەخنەیەک لەم پێوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە، بەشێکی زۆری تیۆری فێمینیستیش لەسەر بەرەوپێشبردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی ژنان جەخت دەکاتەوە. ئەو بابەتانەی کە لە تیۆری فێمینیستدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت بریتیین لە جیاکاری، چەشنە چەشنە، بە ئۆبجێکتیڤکردن یان بابەتیکردن (بەتایبەت لەلایەنی سێکسی)، ستەمکاری و پیاوسالاری. لە بواری ڕەخنەی ئەدەبیدا، ئیلین شۆڤاڵتەر پەرەسەندنی تیۆری فێمینیست بە سێ قۆناغ وەسف دەکات. یەکەمیان ناوی دەنێت "ڕەخنەی فێمینیست"، کە خوێنەری فێمینیست بەدواداچوون بۆ ئایدۆلۆژیاکانی پشت دیاردە ئەدەبییەکان دەکات. شۆڤاڵتەر دووەم بە "ڕەخنەی ژن" ناودەبات، کە تێیدا "ژن بەرهەمهێنەری واتای دەقییە". دوا قۆناغ بە "تیۆری جێندەر" ناوی دەبات، کە تێیدا "نووسراوی ئایدیۆلۆژی و کاریگەرییە ئەدەبییەکانی سیستمی سێکس/جێندەر دەکۆڵرێتەوە".
جۆرەکانی فێمینزم
فێمینیزمی لیبراڵ
فێمینیزمی لیبراڵ کە لەژێر ناوی تری وەک ڕیفۆرمیست، سەرەکی، یان لە ڕووی مێژووییەوە بە فێمینیزمی بۆرژوازی ناسراوە، لە فێمینیزمی شەپۆلی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەمەوە سەری هەڵداوە و لە ڕووی مێژووییەوە بەستراوەتەوە بە لیبرالیزم و پێشکەوتنخوازی سەدەی نۆزدەهەمەوە، لە کاتێکدا کۆنەپەرستانی سەدەی نۆزدەهەم مەیلیان بۆ دژایەتیکردنی فێمینیزم هەبووە. فێمینیزمی لیبراڵ بەدوای یەکسانی ژن و پیاودا دەگەڕێت لەڕێی ریفۆرمی سیاسی و یاسایی لە چوارچێوەیەکی لیبراڵ دیموکراسیدا، بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری ڕیشەیی لە پێکهاتەی کۆمەڵگادا بکات؛ فێمینیزمی لیبراڵ "لە چوارچێوەی پێکهاتەی کۆمەڵگەی سەرەکیدا کاردەکات بۆ تێکەڵکردنی ژنان". لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا، فێمینیزمی لیبراڵ بە تایبەتی سەرنجی لەسەر مافی دەنگدان و دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی ژنان بوو. "کارین ماریا بروزێلیۆس"، دادوەری پێشووی دادگای باڵای نەرویج و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی لیبڕاڵی نەرویجی بۆ مافەکانی ژنان، فێمینیزمی لیبڕاڵی بە "فێمینیزمێکی ڕاستەقینە، هۆشیار و پراکتیکی" وەسف کردووە.
فێمینیزمی لیبراڵ زاراوەیەکی زۆر فراوانە کە زۆرێک لە لقە مۆدێرنەکان و زۆرجار جیاوازن و ڕوانگەی جۆراوجۆری فێمینیست و سیاسی گشتی دەگرێتەوە؛ هەندێک لە لقە لیبراڵەکانی مێژوویی بریتین لە فێمینیزمی یەکسانی، فێمینیزمی کۆمەڵایەتی، فێمینیزمی جیاوازی، فێمینیزمی تاکگەرایی/ئازادیخواز و هەندێک جۆری فێمینیزمی دەوڵەتی، بە تایبەتی فێمینیزمی دەوڵەتی وڵاتانی باکوور.
مەیدانی فراوانی فێمینیزمی لیبراڵ هەندێک جار لەگەڵ ئەو لقە نوێتر و بچووکترەدا تێکەڵ دەکرێت کە بە فێمینیزمی ئازادیخواز ناسراوە، کە مەیلی جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە لە فێمینیزمی لیبراڵی سەرەکی. بۆ نموونە "فێمینیزمی ئازادیخواز پێویستی بە ڕێوشوێنی کۆمەڵایەتی نییە بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانی ماددی؛ لە ڕاستیدا دژایەتی ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە دەکات، لە بەرامبەردا، ڕەنگە فێمینیزمی لیبراڵ پشتگیری لەو جۆرە پێداویستیانە بکات و وەشانە یەکسانیخوازەکانی فێمینیزم پێداگری لەسەریان بکەن".
فێمینیزمی رادیکاڵ
فێمینیزمی رادیکاڵ لە باڵە رادیکاڵەکەی فێمینیزمی شەپۆلی دووەمەوە سەری هەڵدا و داوای رێکخستنەوەی ڕیشەیی کۆمەڵگا دەکات بۆ نەهێشتنی باڵادەستیی پیاو. دەیەوێت سەرمایەداری پیاو کۆنتڕۆڵ بکات و ڕێگری لە ستەمکاری و چەوساندنەوەی ژنان بکات و کۆمەڵگا لە ڕیشە هەڵبکێشێت و ئاوەدانی بکاتەوە. بەڵام فێمینیزمی جوداخوازیی ژنان پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازی ناکات.
فێمینیزمی ئیسلامی
تێکەڵەیەک لە ئیسلام و فێمینیزم وەک گوتار و پراکتیکێکی فێمینیست بەڵام لەناو پارادایمێکی ئیسلامیدا هاتووە، لەلایەن مارگۆت بەدرانەوە لە ساڵی ٢٠٠٢دا بانگەشەی بۆ کرا. فێمینیستە ئیسلامیەکان گومان و ڕەخنەکانیان لە ئیسلام و شەریعەتدا زەمینەسازی دەکەن، بەدوای یەکسانی تەواوی ژن و پیاودا دەگەڕێن لە کایەی کەسی و گشتیدا، دەتوانن کەسانی ناموسڵمانان لە گوتار و مشتومڕەکاندا وەربگرن. فێمینیزمی ئیسلامی لهلایهن زانایانی ئیسلامییهوه به رادیکاڵتر له فێمینیزمی عهلمانی پێناسه دهکرێت و لهناو گوتاری ئیسلامدا لهنگهر گرتووه و قورئان وهک دهقی ناوهندییهتی. دەوترێت قوتابخانەیەکی فیکرییە و ئاماژە بە کۆمەڵناسێکی مەغریبی دەکات بەناوی فاتمە مێرنیسی، هەروەها زانایانی وەک ئامینە وادود و لەیلا ئەحمەد.
ئایدۆلۆژیا ماتریالیستەکان
ڕۆزماری هێنێسی و کریس ئینگراهام دەڵێن فۆرمەکانی فێمینیزمی ماتریالیست لە بیری مارکسیستی ڕۆژئاواوە گەشەیان کردووە و ئیلهامبەخش بوون بۆ کۆمەڵێک بزووتنەوەی جیاواز (بەڵام سەریەککەوتوون) کە هەموویان لە ڕەخنەیەکدا لە سەرمایەداریدا بەشدارن و سەرنجیان لەسەر پەیوەندی ئایدۆلۆژیا بە ژنانە. فێمینیزمی مارکسیستی باس لەوە دەکات کە سەرمایەداری ڕەگ و ڕیشەی چەوساندنەوەی ژنانە، هەروەها چەوساندنەوەی ژنان لە ژیانی ناوماڵ و کاردا کاریگەریی ئایدۆلۆژیای سەرمایەدارییە.
ئیکۆفێمینیزم
ئیکۆفێمینیستەکان کۆنتڕۆڵی پیاوان لەسەر زەوی بە بەرپرسیار دەزانن لە ستەمکاریی بەرانبەر ژنان و لەناوبردنی ژینگەی سروشتی. ئیکۆفێمینیزم ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە کە زۆر سەرنجی لەسەر پەیوەندییەکی عیرفانیی نێوان ژن و سروشتە.
ئایدۆلۆژیای ڕەش و پۆستکۆلۆنیالیزم
سارا ئەحمەد دەڵێت فێمینیزمە ڕەشپێستەکان و پۆستکۆلۆنیالیزمەکان ئاڵنگارییەکن بۆ هەندێک لە بنەما ڕێکخراوەکانی بیری فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا. لە زۆربەی مێژووەکەیدا، بزووتنەوە فێمینیستەکان و پێشکەوتنە تیۆریەکان بەزۆری لەلایەن ژنانی سپی پێستی چینی ناوەڕاستەوە لە ئەورووپای ڕۆژئاوا و ئەمریکای باکوورەوە سەرکردایەتی دەکرا. بەڵام ژنانی ڕەگەزەکانی تری فێمینیزمی جێگرەوەیان پێشنیار کردووە. ئەم ڕەوتە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ بزووتنەوەی مافی مەدەنی لە ئەمریکا و کۆتایی هاتنی کۆلۆنیالیزمی ئەورووپای ڕۆژئاوا لە ئەفریقا و کاریبی و بەشێک لە ئەمریکای لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خێراتر بوو. لەو کاتەوە ژنانی نەتەوە گەشەسەندووەکان و کۆلۆنیەکانی پێشوو و کە ڕەنگیان جیاوازە لە سپی پێستەکان یان نەتەوەی جۆراوجۆرن یان لە هەژاریدا دەژین، پێشنیاری فێمینیزمێکی زیادەیان کردووە.
ژنخوازی دوای ئەوە سەریهەڵدا کە بزووتنەوە فێمینیستەکانی سەرەتایی تا ڕادەیەکی زۆر سپی پێست و چینی ناوەند بوون. فێمینیستەکانی دوای کۆلۆنیالیزم دەڵێن ستەمکاری کۆلۆنیالیزم و فێمینیزمی ڕۆژئاوا ژنانی پۆستکۆلۆنیالییان پەراوێزخست بەڵام نەیانتوانی بێدەنگیان بکەن. فێمینیزمی جیهانی سێیەم و فێمینیزمی ڕەسەن پەیوەندییەکی نزیکیان بە فێمینیزمی پۆستکۆلۆنیالیزمەوە هەیە. هەروەها ئەم بیرۆکانە لەگەڵ بیرۆکەکانی فێمینیزمی ئەفریقی، دایکیزم، ستیانیزم، نیگۆفێمینیزم، فێماڵیزم، فێمینیزمی فرانتەیشناڵ و ژنخوازی ئەفریقیدا دەگونجێن.
کەسانی ڕەگەز گۆڕاو
فێمینیستەکانی شەپۆلی سێیەم مەیلیان هەیە خەبات بۆ مافەکانی ترانس وەک بەشێکی دانەبڕاو لە فێمینیزمی گشتی بکەن. هەروەها فێمینیستەکانی شەپۆلی چوارەم مەیلیان هەیە بۆ ترانس-گشتگیر (trans-inclusive) بن. تێری ئۆنیڵ سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتمانی ئەمریکی بۆ ژنان (NOW) دەڵێت خەبات دژی ترانس فۆبیا پرسێکی فێمینیستە و NOW دووپاتی کردووەتەوە کە "ژنانی ترانس ژنن، کچانی ترانس کچن". چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی کە خۆیان وەک فێمینیست دەناسێنن، زیاتر کەسانی ترانس قبووڵ دەکەن بە بەراورد بەو کەسانەی کە خۆیان ناناسێنن.
فێمینیزمی ڕادیکاڵ بیرۆکەیەکی هەیە کە بە ترانس-دەرکردن (TERF) یان فێمینیزمی ڕەخنەگری ڕەگەزی ناسراوە، ڕەخنە لە چەمکی ناسنامەی ڕەگەز، مافی ڕەگەزگۆڕەکان دەگرێت، پێی وایە ڕەگەزی زیندەیی نەگۆڕە و ژنانی ترانس ژن نین. ئەم بۆچوونانە لەلایەن فێمینیستەکانی ترەوە بە ترانسفۆبیک وەسف کراون.