ناوهڕۆك
ناساندن
خاکەناس، خاکەناز یان بێڵ (بە عەرەبی: المجرفة، كرك، بە ئینگلیزی: Shovel) ئامراز و کەرەستەیەکی سەرەتایی و سادەیە کە بۆ زۆر بواری هەمەجۆر بەکاردەهێنرێت، نموونەی بوارەکای بیناسازی، کشتوکاڵی و باخداری، لەو بوارانەی کە خۆڵ تێیدا ئامرازێکی سەرەکییە نموونەی باخداری و کشتوکاڵی خاکەناس بۆ ڕێکحستن، لابردن، کۆکردنەوە، تێکەڵکردن و هەڵگرتنی خۆڵ و خاکی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت، هاوکات لە بواری بیناسازی و کارکردن بۆ کۆکردنەوە و لابردنی کەرەستەی ورد و قورس نموونەی خۆڵ، وردە بەرد و چەگل، خەڵووز و کانزای خام بەکاردەهێنرێت.
خاکەناس قەبارە و جۆر و شێوەی جیاوازی هەیە، جۆرەکەی بەپێی بەکارهێنانەکەی دیاری دەکرێت، هەروەها بەکارهێنانی خاکەناس وزە و هێزی پێویستە و ماندووکەرە.
بە شێوەیەکی گشتی خاکەناس لە دوو بەش پێکهاتووە، بەشی یەکەم سەرەکەی لە ئاسنێکی پتەوی نیمچە چەماوە دروست دەکرێت تا یارمەتی هەڵگۆڵینی زەوی یان هەڵگرتن و تێکەڵکردنی خۆڵ بدات، بەشی دووەمی خاکەناس دەسکێکی درێژی مامناوەندە کە لە دارێکی پتەو یان هەندێک جۆری دیاریکراو لە پلاستیک دروستکراوە کە هەڵگرتن و بەکارهێنانی ئاسان دەکات.
مێژووەکەی
مێژووی بەکارهێنانی خاکەناس دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانییە کۆنەکان، نموونەی سۆمەرییەکان و میسڕییە کۆنەکان و ڕۆمانییەکان ئەوان بۆ بواری کشتوکاڵی بەکاریانهێناوە، تەنانەت دانیشتوانی سەردەمە کۆنەکان ئێسکی پتەوی ئاژەڵی کێویان بۆ دروستکردنی خاکەناس بەکارهێناوە، نموونەی ئێسکی ئاسکی کێوی و گای کێوی.
بەپێی دۆزراوە مێژووییەکان خاکەناس و بێڵەکانی سەردەمی کۆن بچووک و کورت بوونە، بۆیە بەکارهێنانیان ماندووکەر بووە، بەڵام لە ژیانی مرۆڤی کۆندا بۆ بەڕێوەچوونی کاری باخداری و کشتوکاڵی ڕۆژانەیان بەکارهێنانی خاکەناس کەرەستەیەکی سەرەکی بووە.
لە ئەورووپا و ڕۆژئاوا لە کانەکانی خەڵووز بەکارهێنراوە و سوودی لێ بینراوە.
لە پاش شۆڕشی پیشەسازی دووەم و گەشەسەندنی بواری تەکنەلۆجیا ئامێری نوێی هەمەجۆر وەکوو جێگرەوەی خاکەناس دروستکرا نموونەی بواری کشتوکاڵی کە چەندان ئۆتۆمبێلی تایبەت بە هەڵکۆڵینی زەوی و تێکەڵکردنی خۆڵ دروستکراوە، لە ئێستادا بەکارهێنانی خاکەناس سنووردارە و لە هەندێک شوێن بەکارهێنانی لەناوچووە.
لە ساڵی 1975 لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای وڵاتی ئەمریکا چەند جۆرێکی بێڵی بچووک بەپێی یاسا قەدەغە کرا چونکە بە کەرەستەیەکی ناسەلامەت دانرا.