سۆسیالیزم

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-11-21:49:00 - کۆدی بابەت: 8978
سۆسیالیزم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سۆسیالیزم یان سۆشیالیزم (بە ئینگلیزی: socialism، بە عەرەبی: الاشتراكية) تیۆرییەکی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کە داوای خاوەندارێتی گشتی لەجێی تایبەت دەکات، یان کۆنترۆڵکردنی موڵک و سامانە سروشتییەکان. بە پێی ڕوانگەی سۆسیالیستی، تاکەکان بە گۆشەگیری ناژین و کار ناکەن بەڵکوو بە هاوکاری لەگەڵ یەکتر دەژین. جگە لەوەش هەموو ئەو شتانەی کە مرۆڤەکان بەرهەمی دەهێنن بە جۆرێک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە و هەرکەسێک بەشداری لە بەرهەمهێنانی کاڵایەکدا بکات مافی ئەوەی هەیە کە پشکی تێیدا بێت. بۆیە کۆمەڵگا بەگشتی دەبێت خاوەندارێتی یان لانیکەم کۆنترۆڵی موڵک و ماڵی بکات بۆ بەرژەوەندی هەموو ئەندامەکانی.

ئەم بیروباوەڕە سۆسیالیزم دەخاتە دژایەتی سەرمایەداری، کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی تایبەتی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان دامەزراوە و ڕێگە بە هەڵبژاردنی تاکەکەسی دەدات لە بازاڕێکی ئازاددا بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی دابەشکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان. سۆسیالیستەکان سەرمایەداری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە چڕبوونەوەی نادادپەروەرانە و سوودوەرگرتنی خراپ لە سامان و دەسەڵات بە پێویست دەزانێت و دەیخاتە دەستی ئەو چەند کەسە کەمەی کە لە کێبڕکێی بازاڕی ئازاددا سەرکەوتووانە دەردەچن -ئەو کەسانەی کە دواتر سامان و دەسەڵاتیان بۆ بەهێزکردنی باڵادەستی خۆیان لە کۆمەڵگادا بەکار دەهێنن-. لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە کەسانە دەوڵەمەندن، بۆیە شێوازی ژیان و چۆنیەتییان هەڵدەبژێرن و لە بەرانبەردا بژاردەی هەژاران سنووردار دەکەن.

لە ئەنجامدا، زاراوەی وەک ئازادی تاک و یەکسانی دەرفەت ڕەنگە بۆ سەرمایەدارەکان واتادار بن بەڵام تەنیا دەتوانن ئەو قسانە لەسەر کەسانی کرێکار و هەژارتر بڵێنەوە، کە دەبێت ئەوە بکەن سەرمایەدارەکان دەیڵێن ئەگەر بیانەوێت بژین. سۆسیالیستەکان پێیان وایە، ئازادی ڕاستەقینە و یەکسانی ڕاستەقینە پێویستی بە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی هەیە لەسەر ئەو سەرچاوانەی کە بنەمای ئاوەدانی لە هەر کۆمەڵگایەکدا دەڕەخسێنن. کارل مارکس و فریدریش ئەنگڵس لە مانیفێستی حیزبی شیوعی (١٨٤٨)دا کاتێک ڕایانگەیاند کە لە کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیدا “مەرجی گەشەسەندنی ئازادی هەریەکەیان گەشەسەندنی ئازادی هەمووانە”، ئەم خاڵەیان خستەڕوو.

ناکۆکییەکان

  • سەرەڕای ئەوەش ئەم بیروباوەڕە بنەڕەتییە بوار بۆ سۆسیالیستەکان دەهێڵێتەوە کە لە نێوان خۆیاندا لەبارەی دوو خاڵە سەرەکییەوە ناکۆک بن. یەکەمیان پەیوەندی بە ڕادە و جۆری ئەو موڵکەوە هەیە کە کۆمەڵگا دەبێ خاوەندارێتی بکات یان کۆنترۆڵی بکات. هەندێک لە سۆسیالیستەکان پێیان وابووە کە نزیکەی هەموو شتێک جگە لە شتە کەسییەکان وەک جلوبەرگ، دەبێت موڵکی گشتی بێت؛ بۆ نموونە ئەمە ڕاستە بۆ ئەو کۆمەڵگایەی کە مرۆڤدۆستی ئینگلیزی سێر تۆماس مۆر لە کتێبی یۆتۆپیادا (١٥١٦) پێشبینی کردووە. بەڵام سۆسیالیستەکانی تر ئامادە بوون خاوەندارێتی تایبەتی کێڵگە و دوکان و بازرگانی بچووک یان مامناوەندی تر قبووڵ بکەن و پێیان باشبێت کە بکرێنە موڵکی گشتی.
  • ناکۆکی دووەم پەیوەندی بەو شێوازە هەیە کە کۆمەڵگا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر موڵک و سەرچاوەی تردا بەکاربهێنێت. لەم حاڵەتەدا ئۆردوگا سەرەکییەکان بەسەر گرووپی نامەرکەزی و ناوەندیدا دابەش دەبن. لە لایەنی ناوەندگەراییدا سۆسیالیستەکان هەن کە دەیانەوێت کۆنترۆڵی گشتی موڵک لە هەندێک دەسەڵاتی ناوەندیدا وەبەربهێنن، وەک دەوڵەت لە ژێر ڕێنمایی پارتێکی سیاسیدا، وەک ئەوەی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبوو. ئەوانەی لە کەمپی نامەرکەزیدان پێیان وایە بڕیارەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی موڵک و سەرچاوەی گشتی دەبێت لە ئاستی ناوخۆییدا، یان نزمترین ئاستی توانراو، لەلایەن ئەو کەسانەوە بدرێت کە زۆرترین کاریگەری ڕاستەوخۆی ئەو بڕیارانەیان لەسەر دەبێت، وەک مرۆڤەکان کە سەرچاوەکە بەکاردەهێنن. ئەم ململانێیە بە درێژایی مێژووی سۆسیالیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی بەردەوام بووە.

سەرچاوەی بیری سۆسیالیزم

سەرچاوەی سۆسیالیزم وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی پیشەسازی. بەڵام ڕەگ و ڕیشە فیکرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیری تۆمارکراو و کۆن، تەنانەت تاوەکوو پێغەمبەر مووسا، بەپێی یەکێک لە سەرچاوە مێژووییەکانی ژیانی. بە دڵنیاییەوە بیرۆکە سۆسیالیستیەکان یان کۆمۆنیستەکان سوودێکی گەورە دەبینن لە بیرۆکەکانی فەیلەسوفی کۆنی یۆنانی ئەفلاتوون، کە کۆمارەکەی کۆمەڵگایەکی توندڕەو نیشان دەدات کە تێیدا ژن و پیاوی چینی "پارێزەر" نەک تەنها کەلوپەلە ماددییە کەمەکانیان بەڵکوو هاوسەر و منداڵەکانیان لەگەڵ یەکتردا هاوبەشن. هەروەها کۆمەڵگە مەسیحییە سەرەتاییەکان هاوبەشکردنی کاڵا و کاریان ئەنجام دەدا، کە فۆرمێکی سادەی سۆسیالیزم بوو و دواتر لە هەندێک فۆڕمی ڕەبەنێتی پەیڕەو کرا. 

مەسیحییەت و ئەفلاتوونیزم لە "یۆتۆپیای مۆر"دا کۆکرانەوە، کە بەڕواڵەت خاوەندارێتی کۆمەڵایەتی وەک ڕێگەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی گوناهەکانی لووتبەرزی و ئیرەیی و چاوبرسێتی پێشنیار دەکات. لە دوورگەی خەیاڵیی مۆر لە یۆتۆپیا زەوی و خانوو موڵکی هاوبەشن، کە هەمووان لانیکەم دوو ساڵ لە کێڵگە کۆمەڵایەتییەکان کاردەکەن و خەڵک هەر ١٠ ساڵ جارێک خانوو دەگۆڕن بۆ ئەوەی کەس شانازی بە خاوەندارێتییەوە نەکات. پارە هەڵوەشاوەتەوە و خەڵک ئازادن ئەوەی پێویستیان پێیەتی لە کۆگا هاوبەشەکان وەری بگرن. هەموو یۆتۆپیەکان بە سادەیی دەژین، جگە لەوەش، بەجۆرێک کە بتوانن تەنیا بە چەند کاتژمێرێک کار لە ڕۆژێکدا پێداویستییەکانیان دابین بکەن، ئەوەی تریش بۆ کاتبەسەربردن بەجێدەهێڵن.

سۆسیالیستە سەرەتاییەکانی تر

سۆسیالیستەکانی تر لە فەڕەنسا لە ساڵانی ١٨٣٠ و چلەکاندا دەستیان کرد بە وروژاندن و ڕێکخستنی ئەم هزرە؛ لەوانە لویس بلان، لویس-ئۆگست بلانکی و پیێر-جۆزێف پرۆدهۆن. بلان، نووسەری کتێبی L’Organisation du travail (١٨٣٩؛ ڕێکخراوی کار)، پلانێکی لە "وەرشە کۆمەڵایەتییەکان" کە لەلایەن دەوڵەتەوە پارەدار دەکرێن بەڵام لەلایەن کرێکارانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، پێشخست کە کار بۆ هەمووان گەرەنتی دەکات و وردە وردە دەبێتە هۆی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی. لە بەرانبەردا بلانکی شۆڕشگێڕێک بوو کە زیاتر لە ٣٣ ساڵ لە زینداندا بوو بەهۆی چالاکییە یاخیگەرییەکانییەوە. ئەو دەڵێت سۆسیالیزم بەبێ داگیرکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەدەست ناهێنرێت و ئەم داگیرکارییە دەبێت کاری گرووپێکی بچووکی پیلانگێڕ بێت. شۆڕشگێڕان کاتێک دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، دیکتاتۆرییەکی کاتی پێکدەهێنن کە دەست بەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەمەندەکاندا دەگرێت و کۆنترۆڵی دەوڵەت لەسەر پیشەسازییە گەورەکان دادەمەزرێنێت.


سەرچاوەکان



649 بینین