بوێری

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-23-17:44:00 - کۆدی بابەت: 9133
بوێری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بوێری (بە ئینگلیزی: courage) دەرخەری ئازایەتی و نەبەردییە، بریتییە لە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئازار و مەترسی و سزا و گومان و تۆقاندن. لە هەمان کاتدا نەبەردی بریتییە لە بوێری یان ئازایەتی، بەتایبەت ئەو بوێرییەی کە مرۆڤ کاتی شەڕ و جەنگ هەیەتی جۆرێکە لە نەبەردی. بوێریی جەستەیی بریتییە لە ئازایەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئازاری جەستەیی، دۆخی تەنگانە، مردن، یان ترسان لە مردن. لە کاتێکدا کە بوێری کرداری بریتییە لە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی بەرهەڵستییەکانی وەک شەرم و نائومێدی و ئابڕووچوون و لەدەستدانی کەسێتی.

تایبەتمەندیی بوێری

ترس و باوەڕ لەگەڵ بوێری

بوێری هەڵبژاردەیەکی ئەنقەستە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخە بە ئازار و بە ترسەکان لەپێناو ئامانجێکی گونجاودا، هەروەها پەیوەندییەکی نزیک هەیە لەنێوان ترس و باوەڕ و بوێریدا، واتە کەسی بوێر پێویستە بەسەر ترسدا زاڵ ببێت و باوەڕی بەخۆی هەبێت، بەڵام نموونەیی لە بوێریدا تەنها لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی ترس و پشتگوێخستنی هەستی ترس و زاڵبوون بەسەریدا نییە، بەڵکوو نموونەیی لە بوێریدا دادوەریکردنی ئەو دۆخەی کەسەکەی تێدایە و قبووڵکردنی وەک بەشێک لە سروشتی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەها نموونەیی لە بوێریدا گەشەپێدانی توانای بەرەنگاربوونەوەی ترس و قبووڵکردنی ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی دروستبوونی هەستی ترس دەگرێتەوە، تاکوو پێشڕەویی ڕەوشتی مرۆڤ بەرەو ئامانجێکی سوودبەخش بکەن.

ئەو باوەڕەی کە لێرەدا باسکرا چەمکی باوەڕ بەخۆبوونە، باوەڕ لە هەستکردن بە لێهاتووی توانا و توانینی دۆزینەوەی کاتی گونجاوی ڕووبەڕووبونەوەی ترس یان کاتی دەربازبوون لە ترس. لە هەمان کاتدا سەرکەوتن و هەوڵدان بۆ ئامانجێک دەکرێت وەک جۆرێکی جیاوازی بوێری دابنرێن، واتە کەسێک بۆ سەرکەوتنی لە بەدەستهێنانی ئامانجێکدا پێویستی بە بوێری و باوەڕەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی ئەم چەمکانە پێکەوە دەتوانن کار لە چۆنیەتی کاردانەوە بکەن بۆ ترس.
ترس دەکرێت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاواز بێت، بۆ هەموو کەس وەک یەک نییە و تەنها کاتێک دەکرێت وەک یەک بێت ئەگەر دۆخی مەترسییەکان هەمان شت بێت، باوەڕیش بە هەمان شێوە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و دوو جۆری باوەڕبەخۆبوون هەیە لە دۆخی مەترسیداردا.

  1. باوەڕی ڕاستەقینەخواز: گرنگییەکەی لەو هۆکارەدایە کە هانی کردارێکی ئەرێنی دەدات.
  2. باوەڕی شیاو: واتە هەستکردن بە لێهاتوویی و تواناکان، کە جۆرێکە لە ناسینی خود.

بەبێ هاوسەنگییەکی گونجاو لەنێوان ترس و باوەڕدا لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدا، کەس ناتوانێت بوێری هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخەی تێیدایە.

شێواندنی بوێری

لە ئەم چوار حاڵەتەدا دەکرێت هەستی بوێری بشێوێت:

  1. ئاستی بەرزی ترس لە حاڵەتێکدا کە تیایدا ئاستی باوەڕ کەم بێت، هەندێک کەس پێی دەڵێن ترسنۆکی.
  2. ئاستی کەمی ترس بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر، لە کاتێکدا کە دۆخەکە مەترسیدارە و ترسی ڕاستەقینە پێویستە، لە هەمان کاتدا بوونی ئاستێکی بەرزی باوەڕ بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر، کە ئەمە پێی دەوترێت سەرکێشی.
  3. ئاستێکی لەڕادەبەدەر بەرزی ترس کە تیایدا ئاستی باوەڕیش لەڕادەبەدەر بەرزە، ئەم دۆخەی سێیەم دەکرێت کاتێک بێت کە کەسێک ئەزموونی ئەزموونێکی هەژێنەر بکات و ببێتە هۆی دروست بوونی دڵەڕاوکێیەکی زۆر لە ژیانیدا، دواتر ترسی لەوە دەبێت کە ئەزموونەکەی نەشیاوبێت و شایەنی ئەم ترسە نەبێت کە هەستی پێدەکات، لەم دۆخەشدا وەک ڕێگایەکی پارێزەر لە کەسایەتی خۆی، کەسەکە ئاستێکی لەڕادەبەدەر بەرزی باوەڕ دەردەخات وەک ڕێگایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی ترسە نەشیاوەکەی، واتە بۆ سەلماندنی شتێک بۆ خۆی یان دەورووبەری، کە ئەم شێواندنەش وەک بەرەنگاربوونەوەی ترس دەردەکەوێت.
  4. ئاستێکی لەڕادەبەدەر نزمی باوەڕ و ترس، ئەم حاڵەتە وەک بێهیوایی و خۆدانە دەست چارەنووس دەردەکەوێت.

کۆمەڵگە و هێما

ئەو بوێرییەی لە شێردا هەیە زۆرجار وەک هێمایەک دانراوە، هەندێک کات لە کڵێسای کاسۆلیکیدا وەک پیشاندانی سەرکەوتنی مەسیح بەسەر تاواندا دەردەکەوێت، هەروەها لە هەندێک کولتووردا هێمایەکە وەک ڕزگارکەری ئەو خەڵکانەی کە لەگەڵ تاوان و خراپەدا دەژین بەکاردێت.


سەرچاوەکان



1929 بینین