ناوهڕۆك
ناساندن
دڵ لە دەرەوەی قەفەسی سنگ (بە لاتینی: Ectopia cordis)، حاڵەتێکی زۆر دەگمەنە کاتێک کۆرپەلە لەدایک دەبێت بەشێک لە دڵی یاخود تەواوی دڵی لە دەرەوەی قەفەسی سنگیەتی. لە یەک ملیۆن کۆرپەلەدا تەنیا هەشتیان دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن، زۆربەی ئەو کۆرپەلانەی کە ئەم حاڵەتەیان هەیە پێشوەخت لەدایکبوون، هەندێکیشیان دوای ٣ ڕۆژ لە لەدایکبوونیان گیان لەدەست دەدەن. هەرچەندە نەخۆشی دڵ لە دەرەوەی قەفەسی سنگ مەترسیدارە، بەڵام پزیشکان توانیویانە یارمەتی هەندێک لەو کۆرپەلانە بدەن و تەمەنیان بۆ چەند هەفتەیەک یان تەنانەت چەند ساڵێکیش درێژ بکەنەوە.
هۆکارەکان
شارەزایان بەتەواوی نازانن چی دەبێتە هۆی دروستبوونی دڵ لە دەرەوەی سنگدا، بەڵام چەندین تیۆری لەسەر ئەم نەخۆشییە هەیە، یەکێکیان ئاماژە بەوە دەکات لە کاتی سکپڕیدا گۆڕانکاری جەستەیی بەسەر کۆرپەلەکەدا دێت، ئەمەش وا دەکات گەشەی ئاسایی کۆرپەلەکە تێکبدەن، شریتە ڕیشاڵییەکان لەسەر تورەکەی سەراوی دەوری کۆرپەلەی گەشەکردوو دەربکەوێت و گەشەی کۆرپەلە سنووردار بکەن. هۆکارێکی تری ئەم نەخۆشییە سنگی کۆرپەلەی گەشەکردوو بە شێوەیەکی نائاسایی گەشە دەکات و ڕێگری دەکات لە دابەزینی دڵ بۆ شوێنی خۆی، کە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆرپەلەکە دڵی لە دەرەوەی جەستەی گەشەبکات و کێشەکانی تری دڵی بۆ دروست ببێت، کاتێک ئێسکی سنگ و ئەو پەردەیەی کە دەوری دڵ دەدات بەناتەواوی و کەموکووڕی گەشە دەکەن هۆکارێکی ترە بۆ سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە لە کۆرپەلەدا.
نیشانەکان
کۆرپەی لەدایکبوو بە گشتی ئەم نیشانانەی تێدا دەردەکەوێت:
- کێشە و ناتەواوی لە کاسەی سەر
- دووکەرتبوونی لێوی سەرەوە و مەڵاشوو
- سییەکان بەتەواوی گەشەیان نەکردووە
- بڕبڕەی پشتی کەسی تووشبوو نائاساییە و چەمانەوەی تێدایە
- کونی نائاسایی لە ناوپەنچک
پشکنینی و دیاریکردنی نەخۆشی
ئەگەر کۆرپەلە تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت لە ڕێگەی سۆنەر لە سەرەتای سێیەکی یەکەم و دووەمی سکپڕی دەتوانرێت دیاری بکرێت. لەدوای دیاریکردنی نەخۆشییەکە پزیشک دایکی کۆرپەلەکە ئاگادار دەکاتەوە و پێشنیاری لەباربردنی کۆرپەکە دەکات، ئەگەر دایکەکە بڕیاری دا درێژە بە ژیانی کۆرپەکەی بدات، پزیشک لە ڕێگەی شەپۆلی لەرەلەری موگناتیزی (MRI) و هێڵکاری دڵ (Echocardiography) چاودێری گەشەی سنگ و دڵی کۆرپەلەکە دەکات.
چارەسەرەکان
لەبەرئەوەی نەخۆشی دڵ لە دەرەوەی قەفەسی سنگ کەمە و کۆرپەکان لەدوای لەدایکبوون هەر زوو ژیان لەدەست دەدەن، چارەسەرکردنی سنووردارە و تەنها هەندێک لە نەشتەرکارییەکان سەرکەوتوو بووە، بەڵام هێشتا ڕێژەی مردن بەهۆی نەخۆشییەکە بە بەرزی ماوەتەوە.