ناوهڕۆك
سەرەتا
دژەتەن (بە ئینگلیزی: Antibody) بریتییە لە پڕۆتینی پارێزەر کە لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرهەم دەهێنرێت. دەنووسێت بە دژەپەیداکەرەکان (پێکهاتە بێگانەکان) وەکوو بەکتریا، کەڕوو، ڤایرۆس و ژەهرەکان و جەستە پاک دەکەنەوە لێیان.
دژەتەنەکان چین؟
دژەتەنەکان پڕۆتینن کە جەستە ڕزگاردەکەن لەو پێکهاتە نەویستراوە و بێگانانەی کە دێنە ناو جەستەوە. لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە دروست دەکرێن و بە پێکهاتە نەویستراوەکانەوە دەنووسێن بە مەبەستی لەناوبردنیان و کردنە دەرەوەیان لە سیستمەکەدا. جگە لە دژەتەن ناوێکی تریشی هەیە کە بریتییە لە ئیمینیۆگڵۆبیوڵین.
دژەتەن و دژەپەیداکەر
دژەپەیداکەر پێکهاتەیەکی نەناسراوە کە دێتە ناو جەستەوە. دەکرێت بەکتریا، ڤایرۆس، کەڕوو، ماددە هەستیارەکان، ژەهر و هەر شتێکی تر بێت. دژەتەنەکان پڕۆتینن لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە دروست دەکرێن لە دژی ئەم دژەپەیداکەرانە.
چۆن دژەتەنەکان لە دژی دژەپەیداکەرەکان دەجەنگن؟
پێکهاتەکانی سەر ڕووی دژەپەیداکەرەکان جیاوازن لەوانەی بە ئاسایی لەناو جەستەدا هەن. بۆیە کاتێک دژەپەیداکەرێک دێتە ناو جەستە، سیستمی بەرگری بەخێرایی دەیناسێتەوە، بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئەم دژەپەیداکەرانە سیستمی بەرگری پەنا دەباتە بەر دژەتەنەکان بۆ پاراستن.
دژەتەنەکان لە کوێدا دروستدەبن؟
دژەتەنەکان لەلایەن خانەکانی بی (B cells)ـیەوە دروست دەکرێن کە خانەی تایبەتمەندی خڕۆکەی سپین. کاتێک دژەپەیداکەرێک دەنووسێت بە خانەیەکی بییەوە دەبێتە هۆی دابەشبوون و لەبەرگرتنەوەی خانەکانی بی. خانە لەبەرگیراوەکانی بی کە پێیان دەوترێت پلازما خانەکان بە ملیۆنەها دژەتەن دەخەنە ناو ڕێڕەوی خوێن و سیستمی لیمفەوە. دژەتەنەکان لەناو پێست، سییەکان، فرمێسک، لیک و شیری دایکیشدا هەن.
جۆرەکانی دژەتەن و فرمانەکانیان
دژەتەنەکان دەکرێن بە پێنج جۆرەوە بە پێی شوێنەکانیان، هەریەکەیان بە پیتێک ناونراون بە وشەی ئیمینیۆگڵۆبیوڵین (Ig)ـەوە لکێندراون:
١. IgA: لەناو لیک، فرمێسک، لینجە ماددەکان، شیری دایک و شلەی ڕیخۆڵەییدا هەیە. جەستە لە دژی هۆکاری نەخۆشی هەڵمژراو و هەرسکراو دەپارێزێت.
٢. IgD: لەسەر ڕووی خانەکانی بی هەیە. فرمانەکەی بە تەواوی نەزانراوە چییە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەم دژەتەنە پاڵپشتی پێگەیشتن و چالاکبوونی خانەکانی بی دەکات.
٣. IgE: بە شێوەیەکی سەرەکی لە پێست، سییەکان و لینجە پەردەکاندا هەیە. ئەم دژەتەنانە لە حاڵەتی هەستیاریدا ڕۆڵی کاریگەریان هەیە، کە وا دەکەن هیستامین و ماددە کیمیاییەکانی تر دەربدرێتە ناو خوێن.
٤. IgG: بەربڵاوترین جۆری دژەتەنە، ڕێژەی ٪٧٠ بۆ ٪٧٥ی هەموو ئیمینیۆگڵۆبیوڵینەکانی جەستە پێکدەهێنێت. بەزۆری لە خوێن و شلەی نێوان شانەکاندایە و جەستە دەپارێزێت لە تووشبونە بەکتریا و ڤایرۆسییەکان.
٥. IgM: لەناو خوێن و سیستمی لیمفدا هەیە، ئەم دژەتەنانە لە ڕیزی یەکەمی هێڵی بەرگریدان لە دژی تووشبوونەکان و ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ڕێکخستنی بەرگریدا.
دژەتەنەکان لە چی دروستبوون؟
دژەتەنەکان پڕۆتینن. هەر دژەتەنێک لە چوار فرە پێپتاید پێکهاتووە (پێپتایدەکان لە دوو دانە ئەمینۆ ئەسید یان زیاتر پێکهاتوون)، فرە پێپتایدەکان لە دوو زنجیری قورس و دوو زنجیری سووک پێکهاتوون.
شێوەی دژەتەنەکان
پێکهاتەی هەر دژەتەنێک لە دوو زنجیری قورس و دوو زنجیری سووک پێکهاتووە، یەکیان گرتووە و شێوەی پیتی Yیان پێکهێناوە. هەر جۆرێکی دژەتەن ڕیزبەندییەکی جیاوازی ئەمینۆ ئەسیدی لەسەر نووکی گەردە شێوە Yیەکە هەیە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دژەتەنەکان لە شێوەدا جیاوازبن.
خود-دژەتەن چییە؟
خود-دژەتەن، دژەتەنی خود (بە ئینگلیزی: Autoantibody) یاخود دژەتەنی دژەناوک، پڕۆتینە ئاساییەکانی ناوکی خانە دەکەن بە ئامانج. دژەتەنەکان بە هەڵە هێرش دەکەنە سەر پڕۆتینە ئاسایی و تەندروستەکانی جەستە. لەئەنجامدا جەستەت دەست دەکات بە هێرشکردنە سەر خۆی. هەندێک کەس بڕێکی کەم لە دژەتەنی خود لە جەستەیاندا هەیە. ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر لەم دژەتەنە لە جەستەیاندا هەیە زۆربەی جار تووشی خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان دەبن.
دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵ چییە؟
دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵ یان دژەتەنی وەرگری تاک دژەپەیداکەر لە تاقیگەکاندا دروست دەکرێت، لاسایی شێواز و توانای سروشتی سیستمی بەرگری دەکەنەوە بۆ جەنگان لە دژی هۆکاری نەخۆشییەکان. بەکارهێنانی ئەم جۆرە دژەتەنە جۆرێکە لە چارەسەری بەرگری.
دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵ چی حاڵەتێک چارەسەر دەکات؟
هەر جۆرێکی ئەم دژەتەنە جۆرێکی دیاریکراوی دژەپەیداکەر دەکات بە ئامانج و لە ئەنجامدا، دژەتەنی مۆنۆکلۆنەڵ ژمارەیەکی حاڵەتی تەندروستی چارەسەر دەکات، وەکوو:
* شێرپەنجە
* هەوکردنی جومگەیی ڕۆماتیزمی
* نەخۆشی دڵ
* فرە ڕەقبوونی دەمارەکان
* برینی قۆڵۆن
* نەخۆشی گورگەسوورە
* نەخۆشی کرۆن
* سەدەف
* ڕەتکردنەوەی ئەندامی گواستراوە
پشکنینی دژەتەن
پشکنینی دژەتەن لە ڕێگەی نموونە (سامپڵ)ی خوێنەوە دەکرێت، ئەم پشکنینانە دەتوانێت نەخۆشی دەستنیشان بکات، ڕێگری بکات لە ڕوودانی کارلێکە بەرگرییەکان و دەتوانێت ئەوەش دەستنیشان بکات ئایا پێکوتە کاریگەری هەبووە لەسەر کەسەکە یاخود نا. پشکنینی دژەتەن بەکاردەهێنرێت تا ئەوە دیاری بکات ئایا تووشبوون ڕوویداوە یان نا، ئەویش بە دەستنیشانکردن و جیاکردنەوەی ئەو دژەتەنانەی لە کاتی وەڵامدانەوە بەرگرییەکەدا دروستبوون.