ناوهڕۆك
ناساندن
مزگەوتی گەورە، مزگەوتی گەورەی سلێمانی یان مزگەوتی کاک ئەحمەدی شێخ (بە ئینگلیزی: Sulaimani Great Mosque، بە عەرەبی: جامع السليمانية الكبير أو جامع الشيخ أحمد) یەكێكە لە دێرینترین مزگەوت و شوێنە ئایینییەكانی سنووری شاری سلێمانی و مێژووی دروستكردنەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنیاتنانی شاری سلێمانی، لە سەردەمی ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی ١٧٨٥ـی زایینی بنیات نراوە، دەكەوێتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە و ڕۆژانی هەینی وتاری تێدا دەخوێنرێت، شوێنی كۆبوونەوەی زانایانی ئایینی و نوێژخوێنان و خەڵكی ئایینپەروەرە، بەهۆی ئەوەی مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ دەكەوێتە ناو مزگەوتەكە، ڕۆژانە چەندین كەس لە ناو شار، دەرەوەی شار، ناوچەكانی دیكەی كوردستان، عێراق و دەرەوە سەردانی دەكەن، بێجگە لەوەش بە بەردەوامی مەراسیمی ئایینی و كۆڕی زیكر لەخۆ دەگرێت، شوێنێكی تایبەتی هەیە بۆ پێگەیاندنی مامۆستایانی ئایینی و فێرخوازان، ڕۆژانەش چەند ژەمێك خواردنی وەكو كاری خێرخوازی تێدا دروست دەكرێت و دەدرێت بە كەسانی هەژار، كەمدەرامەت، میوان و سەردانیكارانی مزگەوت و مەرقەدەكە، مزگەوتی گەورە بێجگە لە مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ گۆڕی چەند میرێكی بابان و بنەماڵەكانیان و كەسایەتییەكی دیكەی تێدایە بۆیە وەكو شوێنەوارێكی مێژوویی و ئایینی گرنگ لە قەڵەم دەدرێت لە ئاستی كوردستاندا. تا ئێستا چەند جارێك مزگەوتی گەورە و مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ نۆژەن كراونەتەوە.
دروستبوونی مزگەوتی گەورە
مێژووی دروستبوونی مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی شارەكە لە سەردەمی میرنشینی بابان، كە پایتەختەكەی قەڵاچوالان بووە و دواتر بیریان لەوە كردووەتەوە لەبەر چەند هۆكارێك شارەكە بگوازنەوە بۆ شوێنێكی دیكە، لە سەردەمی ئیبراهیم پاشای باباندا شوێنی ئێستای سلێمانییان بە باش زانیوە و وەستا و كەسانی شارەزایان لە ئێرانەوە هێناوە بۆ دروستكردنی بینا و دامەزراوەكان شوێنە ئایینی و كارگێڕییەكان، مزگەوتی گەورەش یەكێك بووە لە شوێنە ئایینییەكان و ساڵی ١٧٨٥ـی زایینی بنیات نراوە، مزگەوتی گەورە لە سەردەمی شێخ مارفی نۆدێدا، كە ئەو كات شێخ مارف بەرپرسی قوتابخانەی غەزایی بووە لە قەڵاچوالان و قوتابخانەكەشی هێناوەتە ناو مزگەوتی گەورەوە.
ڕووبەر و بەشەكانی مزگەوتی گەورە
ڕووبەری مزگەوتی گەورە ٧٠٠٠ مەتر چوارگۆشەیە، چەند بەشێكی تێدایە لەوانە قوتابخانەكەی شێخ مارفی نۆدێ كە تا ئێستا بەردەوامە لە خزمەتكردنی فەقێ و فێرخوازانی ئایینی، بەشێكی مزگەوتەكەش تایبەتە بە نابیناكان، بەشێكی تریش تایبەتە بە خواردنگە و خواردن بۆ كەسانی هەژار و كەمدەرامەت بەبێ بەرامبەر دابین دەكرێت، ڕۆژانە نزیكەی ٥٠٠ بۆ ٦٠٠ كەس لە خواردنگەی ناو مزگەوتی گەورە نان دەخۆن، ئەمە لە ڕۆژانی ئاساییدا، بەڵام رۆژانی هەینی ئەو ژمارەیە بۆ ١٠٠٠ كەس یان زیاتر بەرز دەبێتەوە، لە مانگی ڕەمەزانیشدا ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە ٣٠٠٠ كەس ڕۆژانە زیاد دەكات.
بەشێكی تری ناو مزگەوتی گەورە تایبەتە بە مەزار (مەرقەد)ـی كاك ئەحمەدی شێخ، ئەو ژوورەی ئێستا گۆڕی كاك ئەحمەدی شێخی لێیە، كاتی خۆی ژووری خۆی بووە و لەوێ دانیشتووە و كاروبارەكانی ڕۆژانەی ئەنجام داوە، پێش مردنیشی وەسێتی كردووە هەر لەوێدا بینێژن و لەسەر وەسیەتی خۆی لەوێ نێژراوە، ڕۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتیش خەڵكانێك زۆر سەردانی مەزارەكە دەكەن.
قوتابخانەكەی شێخ مارف بەردەوامە
بەشێكی مزگەوتی گەورە پەیوەستە بە قوتابخانە ئایینییەكەوە، كە سەرەتا شێخ مارفی نۆدێ وانەی تێدا وتوەتەوە و دواتریش كاك ئەحمەدی شێخ بەردەوام بووە و تا ئێستا هەر ماوە و بەردەوام وانەی تێدا دەوترێتەوە، ئێستا لەلایەن مامۆستا عەبدوڵڵاوە بەڕێوەدەبرێت و تێیدا وانەی ئایینی بە فێرخوازان دەوترێتەوە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر مامۆستای ئایینی لێ پەروەردە دەكرێن، هەر لەو بەشەدا ڕۆژانە كۆڕی زیكر و مەراسیمی ئایینی بەڕێوەدەچن و خەڵكی بۆ پرسیار و زانیاریی لە بارەی ئایین و كێشەكانیان سەردانی دەكەن و ڕێنمایی لە مامۆستایانی ئایینی و شارەزایان وەردەگرن.
گۆڕ و مەزارەكانی ناو مزگەوتی گەورە
جگە لە مەزاری كاك ئەحمەدی شێخ، هەندێك كەسایەتیی تر دوای كۆچیان لە مزگەوتی گەورەدا نێژراون، ئەوانیش شێخ مەحموودی نەمر، كاك ئەحمەدی شێخ، حاجی تۆفیقی ئاغا فەتحوڵڵا، یەكێك لە گۆڕەكان لە خانەوادەی كاك ئەحمەدی شێخ نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆشەویستی كاك ئەحمەدی شێخ بووە ئەویش معاون موتسەریفێكی سەردەمی عوسمانییەكان بووە و لەسەر وەسێتی خۆی لە ناو مزگەوتی گەورە نێژراوە، یەكێكیشیان خێزانەكەی كاك ئەحمەدی شێخە،
فاتمە خانی خوشكی شێخ مەحموودیش هەر لە مزگەوتی گەورەدا نێژراوە، سەید برایمی برای شێخ مەحموود، شێخ مەحموودی شەمزینانیش لە مزگەوتی گەورە نێژراوە، سەید نوری نەقیب، ئایشە خانی خوشكی حەپسەخانی نەقیب، كوڕەزایەكی كاك ئەحمەدی شێخ هەر لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراوە كە دایكی مەسیحی بووە و منداڵەكە لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و ناوی عیسا بووە، پتر لەوانەش ژمارەیەك لە میرەكانی بابان لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراون، كە ئەوانیش بە هەمان شێوە لەسەر وەسێتی خۆیان لە ناو مزگەوتی گەورەدا نێژراون.