ناوهڕۆك
ناساندن
سریلانکا یان سری لانکا (بە ئینگلیزی: Sri Lanka، بە عەرەبی: سريلانكا) کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٨ بۆ ١٩٧٢ بە سیلۆن ناوزەد کراوە، ناوە فەرمییەکەی کۆماری سۆسیالیستی دیموکراتی سریلانکایە، وڵاتێکی دوورگەییە کە دەکەوێتە باکووری زەریای هیندی، باشووری هیندستان، لە باشووری ئاسیا. سریلانکا خاوەنی سنووری دەریایییە، لە باکوور، لەگەڵ هیندستان و لە باشووری ڕۆژاوا لەگەڵ ماڵدیڤ هاوسنوورە. وڵاتێکە خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی کولتوورییە کە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە.
بەهۆی هەڵکەوتەی ستراتیجی لە یەکتربڕینی ڕێگا سەرەکییەکانی دەریادا، کە ڕۆژاوای ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە قۆناغی ڕێگای ئاوریشم تاوەکوو جەنگی جیهانیی دووەم، بەو پێیەی بنکەیەکی گرنگ بوو بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی ژاپۆن.
دیمۆگرافیا
دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢١,٥٩٤,١٦٨ کەس بووە. سریلانکا یەکێکە لە یەکەم قەڵاکانی ئایینی بودا و هەر لەوێ یەکەم دەقە ناسراوەکانی ئەم ئایینە نووسراون. لە ئێستادا وڵاتێکی فرە ئایین و فرە نەتەوەیی و فرە زمانە. ٧٠%ـی دانیشتووانەکەی پەیڕەوی ئایینی بوودیزمن و ئەوانی تریش بەسەر هیندۆسەکان (١٢%)، موسڵمانان (١٠%)، کاسۆلیکەکان (٦%) و پرۆتستانتەکان (١%) دابەشکراون. لە ئاستی نەتەوەییدا، سینهالییەکان زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێکدەهێنن کە ٧٥%ـی دانیشتووانە، تامیلەکانیش ١١%ـیش دانیشتووانی باکوور و ڕۆژهەڵات پێکدەهێنن. کۆمەڵێکی تر نەتەوەی وەک تامیلی عەرەبی و هیندی و مالای و بورگەر (نەوەی دانیشتووانی ئەورووپی) تێدایە. سریلانکا دوو زمانی فەرمی هەیە بە ناوەکانی سینهال کە سێ لەسەر چواری دانیشتووان قسەی پێدەکەن، لەگەڵ زمانی تامیل کە ٢٦%ـی دانیشتووان قسەی پێدەکەن.
مێژوو
سریلانکا بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ لەلایەن شانشینە ناوخۆییەکانەوە بەڕێوەدەبرا، دواتر بەشێکی لەلایەن پورتوگال و هۆڵەندا لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا داگیرکرا، پێش ئەوەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە ساڵی ١٨١٥دا کۆنترۆڵی تەواوی وڵاتەکەی بکات. دواتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم بزووتنەوەیەکی سیاسی پەیدابوو و دژی بەریتانییەکان کەوتە شەڕکردن، لە ساڵی ١٩٤٨ بە دانوستانێکی ئاشتییانە لەگەڵ بەریتانیا ڕێککەوتن و وڵاتەکە سەربەخۆیی خۆی وەرگرت.
مێژووی هاوچەرخی سریلانکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣، کە بە ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانی پڵنگەکانی تامیل دەست پێدەکات، کە بریتییە لە کۆمەڵێک تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی خۆکوژی بە تایبەت ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن ئەندامانی بەرەی ژنانەوە ئەنجامدرابوون. بەهۆیەوە سریلانکا چووەتە ناو زنجیرەیەک توندوتیژی و سەرکوتکارییەوە کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کوژراو و ١,١ ملیۆن پەنابەری لەخۆگرتووە.
کارگێڕی
سیستمی دەوڵەتەکە کۆماری و سەرۆکایەتیی ناوەندییە. پایتەختەکەی سری جایاواردێنپورا کۆتێیە کە دەکەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی شاری کۆڵۆمبۆ. ئەم دوورگەیە بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی چا و قاوە و لاستیک و گوێزی هیندی بەناوبانگە، دانیشتووانەکەی خاوەنی زۆرترین داهاتی سەرتاسەریین لە باشووری ئاسیادا. سریلانکا بە جوانی سروشتی دارستانە گەرمەکان و کەناراوەکان و دیمەنە سروشتییەکانی و بە جۆراوجۆری زیندەوەرانی ناسراوە، هەروەها بە میراتی دەوڵەمەندی کولتووری بەناوبانگە، کە وایکردووە ببێتە شوێنێکی گەشتیاری بەناوبانگی جیهان. سریلانکا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەیەوە بە فرمێسکی هیندستان و خاکی گەلی ڕووخۆش ناسراوە.
سریلانکا لە ڕووی کارگێڕییەوە بەسەر ٩ هەرێمدا دابەشکراوە، کە ئەوانیش بەسەر ٢٥ پارێزگادا دابەش دەبن. هەرێمەکان دەسەڵاتی جێبەجێکردنیان هەیە کە لەلایەن پارێزگاری هەرێمەوە بەکاردەهێنرێت، هەروەها خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانانی تایبەت بە خۆیانن، کە لەلایەن ئەنجوومەنی هەرێمە هەڵبژێردراوەکانەوە بەکاردەهێنرێت. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٨ بۆ ٢٠٠٦ هەرێمی ڕۆژهەڵات و باكوور بوون بە یەک هەرێم.
کەشوهەوا و سروشت
تێکڕای پلەی گەرمی لە ناوچە نزمەکانی کەنار دەریاکان ٢٧ پلەی سیلیزییە، و لە ناوچە شاخاوییەکان ١٦ پلەی سیلیزییە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە نێوان ١٣٠ سانتیمەتر لە باکووری ڕۆژاوا و ٥١٠ سانتیمەترە لە سەرتاسەری باشووری ڕۆژاوا. سروشتی سریلانکا شوێنی ٨٦ جۆر شیردەر و ٥٤ جۆر ماسی و ٤٠ باڵندەیە، جگە لە کۆمەڵێک جۆری بەرفراوانی پەلەوەری جیاواز، دوو جۆر تیمساح و پێنج جۆر ماری ژەهراوی تایبەتی تێدایە. دوورگەکە ڕابردوویەکی دوور و درێژی هەیە لە ڕووی ئاژەڵدارییەوە، یەکەم یەدەگی سروشتی لە جیهاندا، لەلایەن پاشا دیڤانامبیا تیساوە لە سەدەی سێیەمی پێش زایین دامەزراوە. سەرەڕای کەمبوونەوەی ناوچە دارستانەکان بەهۆی چاندنی چڕی چا و قاوە و هێڤیا کە لەلایەن کۆلۆنیالیزمی بەریتانیاوە هێنرابوون، بەڵام سریلانکا هێشتا ١٢ یەدەگی سروشتی هەیە. دارستانە باراناوییە گەرمەکان زۆربەی بەشەکانی باشووری ڕۆژاوای سریلانکا دەگرنەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە دارە گەورەکانی ئەبنۆس و تیک پێکهاتوون.