ناوهڕۆك
سەرەتا
هەوکردنی جگەر جۆری A (بە ئینگلیزی: Hepatitis A) هەوکردنێکی کورتخایەن و بێ مەترسییە کە بەهۆی ڤایرۆسی (HAV) بڵاودەبێتەوە. ئەم ڤایرۆسە بۆ ماوەیەکی کورت هەوکردنێک لە جگەردا دروست دەکات. چەند هەفتە یاخود چەند مانگێک دەخایەنێت، لە زۆربەی کاتەکاندا ڤایرۆسەکە نابێتە هۆکاری نەخۆشی درێژخایەن بەڵام بەدەگمەن دەکرێت ڕووبدات کە ببێتە درێژخایەن. زۆرینەی کەسانی پێگەیشتوو بەنزیکەیی دوای ٢٨ ڕۆژ نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت، بەڵام منداڵی خوار تەمەن ٦ ساڵ بە دەگمەن نیشانەکانی تێدا دەردەکەوێت.
هۆکارەکان
- ئەم ڤایرۆسە بەهۆی ئاوێکەوە دەگوازرێتەوە کە تێکەڵ بە پیسایی مرۆڤ بوووبێت، هەروەها خواردنی زۆر پیسیش هۆکارێکی ترە.
- بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی تووشبوو.
- جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو.
نیشانەکان
بەگشتی ئەم نیشانانە توند نین و لەماوەی چەند هەفتەیەکدا نامێنن:
- ماندوویەتی
- دڵتێکچوون و ڕشانەوە
- ئازاری سک بەتایبەت لە بەشی لای ڕاست و ژێر پەراسووەکان
- پیسایی بە ڕەنگی زەردباو
- لەدەستدانی حەزی خواردن
- تای کەم
- تۆخبوونی ڕەنگی میز
- ئازاری جومگەکان
- زەردبوونی پێست و سپێنەی چاو
- خورانی زۆری جەستە
- سەرئێشەی تاو تاو
ڕێگاکانی گواستنەوە
- خواردنی خۆراکی کەسی تووشبوو، و بەکارهێنانی قاپ و کەوچکی کەسەکە
- خواردنی ئاوی پیس
- خواردنی گوێچکەماسی خاو بەتایبەت ئەوانەی ناو ئاوی ئالوودە و زێراب
- هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی
- بەرکەوتنی زۆر بە کەسی تووشبوو
- جووتبوون لەگەڵ کەسی تووشبوو
کەی دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟
کاتێک نیشانەکانی هەوکردنی جگەری جۆری A لە خۆتدا دەبینیت سەردانی پزیشک بکە.
بەتایبەت ئەگەر هاتوو نیشانەکان توند بوون.
کێ ئەگەری تووشبوونی زیاترە؟
- گەشتکردن یاخود کارکردن لەو شوێنانەدا کە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەی زۆر تێدایە
- چاودرێریکردنی کەسانێک کە تووشبووی ئەم ڤایرۆسەن
- ژیانکردن لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- هەبوونی پەیوەندی ناشەرعی
- ئەوکەسانەی تووشبووی ئایدزن (HIV)
- بەکارهێنانی ئاو و خۆراکی پیس
- بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر
- کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی هیمۆفیلیا (Hemophilia)
- هاوڕەگەزخوازی
دەستنیشانکردن
تاکە ڕێگا بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی جگەری جۆری A پشکنینی خوێنە، لە ڕێگەی خوێنەوە دەردەکەوێت کە ئایا کەسەکە تووشبووە یاخود نا.
هەروەها پاش چاکبوونەوەی نەخۆشەکە دەکرێت بەدواداچوون بکرێت بۆ کۆئەندامی بەرگری لەشی کەسەکە، ئەم پشکنینە دەرخەری ئەوەیە کە جەستە دژەتەنی باشی هەبووە بۆ شەڕکردن لەگەڵ ڤایرۆسی (HAV).
پشکنینی هەوکردنی جگەر جۆری A دەرخەری چییە؟
بۆئەوەی بزانرێت کە ئایا ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسی (HAV)ـەوە بڵاوبووەتەوە یاخود نا، دەتوانرێت پشکنین بکرێت و بەدوای دژەتەنەکاندا بگەڕێیت. دژەتەن (Antibody) پڕۆتینی پارێزەرن کە لەلایەن جەستەوە بەرهەم دەهێنرێن. وەڵامی هەموو تەنە نامۆکان دەداتەوە کە دێنە جەستەوە.
پشکنینی هەوکردنی جگەری جۆری A بەدواداچوون دەکات بۆ دوو جۆر دژەتەن:
- پشکنینی دژەتەنی هەوکردنی جگەر جۆری A-ئیمیۆنۆگلۆبیولین ئێم (anti-HAV-IgM): کاتێک کەسێک بۆ یەکەمین جار دووچاری ڤایرۆسی جگەری جۆری A دەبێتەوە، جەستە دژە تەنی (anti-HAV-IgM) دروست دەکات. ئەم دژەتەنانە بەگشتی دوو هەفتە دوای دەرکەوتنی نیشانەکان تاکوو نزیکەی شەش مانگ دوای ئەوە لەناو جەستەدا دەمێننەوە و دەتوانرێت بناسرێنەوە.
- پشکنینی دژەتەنی هەوکردنی جگەر جۆری A-ئیمیۆنۆگلۆبیولین جی (anti-HAV-IgG): ئەم پشکنینە دژەتەنی (IgG) دەناسێنێت کە بەهۆی نەخۆشییەکەوە دروست بوون. دژەتەنی (IgG) بەرگری دروست دەکات دژی تووشبوونە میکرۆبییەکان کە بەهۆی هەوکردنی جگەری جۆری A دروست دەبن. ئەم دژەتەنانە تاکوو کۆتایی تەمەن لەناو جەستەدا دەناسرێنەوە، ئەم پشکنینە گرنگە بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو کەسە پێشتر تووشی ئەم هەوکردنە بووە، هەروەها هەندێک کاتیش بۆ ئەوەیە بزانرێت ئایا جەستە بەرگری دروست کردووە بەرانبەر بە تووشبوونە میکرۆبییەکانی پێشتر.
- پشکنینی هەموو دژەتەنەکانی هەوکردنی جگەر جۆری A: ئەم پشکنینە بۆ بەدواداچوون بۆ هەردوو دژەتەنی (IgG) و (IgM) دەکرێت، هەربۆیە دەتوانرێت تووشبوونی نوێ و تووشبوونی کۆنیش دەستنیشان بکات.
چارەسەر
چارەسەرێکی تایبەت بۆ ئەم هەوکردنە نییە، نەخۆشییەکە خۆی چارەسەر دەبێت و تەنها پێویستی بە چاودرێی و کۆمەڵێک دەرمان هەیە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان، وەک بەکارهێنانی دەرمان بۆ ڕێگریکردن لە دڵتێکچوون و ڕشانەوە. یاخود بەکارهێنانی خۆراکپێدەر بۆ ئەوەی جەستە وشک نەبێتەوە. بەگشتی نەخۆشەکە لەماوەی شەش مانگدا چاک دەبێتەوە. تاکوو ئەم ماوە پێویستە دووربکەوێتەوە لە کەسانی تر و نەچێتە شوێنە گشتییەکان تاکوو خەڵکی تووش نەکات، هەروەها چاودێری خۆی بکات و خۆراک و خواردنەوەی باش بخوات.
لێکەوتەکان
جیاواز لە جۆرەکانی تری هەوکردنی جگەر، هەوکردنی جگەر جۆری A بۆ ماوەیەکی درێژ نابێتە هۆی زیانگەیشتن بە جگەر. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە ئەم هەوکردنە ببێتە هەوکردنێکی درێژخایەن، بەتایبەت لە کەسانێکدا کە نەخۆشییەکی تری درێژخایەنیان هەیە، لەم کاتەدا پێویستە نەخۆشەکە لەلایەن پزیشکەوە چاودێری بکرێت و ئەگەریش هەیە کە پێویست بە چاندنی جگەر بکات.
پێکوتە (ڤاکسین)
هەوکردنی جگەر جۆری A پێکوتەی هەیه و و ڕێگری دەکات لە تووشبوون بەم هەوکردنە. بەگشتی بە پێکوتەکە بە دوو ژەم دەدرێت لە نەخۆشەکە، شەش مانگ دوای پێدانی ژەمی یەکەم ژمی دووەمیش دەدرێت لە نەخۆشەکە، پێکوتەکە بۆ ئەم کەسانەی خوارەوە دەبێت:
- هەموو منداڵێکی گەورەتر لە یەک ساڵ.
- هەر کەسێک کە ساڵێک بێت لە دەرەوە بژی و بێ خانە و ماڵ بێت.
- منداڵانی تەمەن شەش بۆ ١١ مانگ کە گەشتی نێودەوڵەتی دەکەن.
- کەسانێک کە لە وڵاتێکدا دەژین ئەم هەوکردنە تێیدا زۆر بەربڵاوە.
- ئەو کەسانەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆیان هەیە لەگەڵ کەسانی تووشبوو بەم ڤایرۆسە.
- ئەو پزیشک و کارمەندانەی کە لەم بەشەدا کار دەکەن.
- کەسانێک کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
- کەسانێک کە تووشبووی هەردوو جۆری هەوکردنی جگەری B,Cـین.
ڕێگریکردن
- گەشتنەکردن بۆ شوێنێک کە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە تێیدا زۆربێت، یاخود دوای گەشتکردن خۆپاراستنی تەواو لەوێ.
- نەخواردنی هیچ گۆشتێک بە کاڵی و خاویی.
- دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوەی پیس.
- پاکوخاوێنی خۆت و ژینگەکەت بپارێزە.
- میوە و سەوزە بەباشی بشۆنەوە.
- بەباشی دەستەکانت بە ئاو و سابوون بشۆ بەتایبەت دوای هاتنە دەرەوە لە تەوالێت.
مردن
ڕێژەی مردن بە هەوکردنی جگەر جۆری A زۆر دەگمەنە و بەگشتی نەخۆشەکە دوای شەش مانگ بەتەواوی چاک دەبێتەوە، بەدەگمەن لە کەسانێکدا مردن ڕوودەدات کە تەمەنیان زۆر بێت یاخود باش چاودێری نەکرێن و نەخۆشی درێژخایەنیان هەبێت.
چاودێریکردن لە ماڵەوە
- پشوودانی تەواو لە ماڵەوە و دوورکەوتنەوە لە کاری قوورس.
- بەکارهێنانی دەرمان بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوە بۆ ئەوەی حەزی خواردنت زیاتر ببێت.
- زیادکردنی ژەمەکان، هەوڵبدە ڕۆژانە ژەمی سووک و زۆر بخۆ، کە گەدە بتوانێت بە ئاسانی هەرسی بکات.
- بەکارهێنانی ماددەی خۆراکی جیاواز بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش.
- دوورکەتنەوە لە خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان.
- بەکارنەهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ.
- زۆر خواردنەوەی ئاو بۆ ئەوەی دووربیت لە وشکبوونەوە.