ناوهڕۆك
سەرەتا
دۆنادۆن (بە عەرەبی: تناسخ الأرواح، بە ئینگلیزی: Reincarnation) بریتییە لە چەمکێکی فەلسەفی یان ئایینی کە باوەڕی بەوەیە ڕۆحی زیندەوەرەکان دوای مردن لە شێوەیەکی فیزیکی یان جەستەیەکی تردا دەست بە ژیان دەکاتەوە. ئەو ئایین یان بیرۆکانەی دۆنادۆن لەخۆ دەگرن ڕۆح بە شتێکی نەمر یان هەتاهەتایی دەبینن، لەو باوەڕەدان تاکە شتێک کە شی دەبێتەوە و لەناو دەچێت جەستەیە، لە دوای مردن ڕۆحەکە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو جەستەی ساوایەک (مرۆڤ بێت یان ئاژەڵ یان هەر ماددەیەکی تر) و دەست بە ژیان دەکاتەوە.
ئایین و بیروباوەڕە ڕۆژاواییەکان زیاتر لە لایەنە فەلسەفییەکەوە بیرۆکەی دۆنادۆنیان قبووڵ کردووە، لە کاتێکدا ئایینە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتیش وەکوو هندۆسی، جاین و بودا بیروباوەڕی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە لەدایکبوونەوە. جگە لەوەش ئایینی ئیسلام و مەسیحی بە هەموو شێوەیەک بیرۆکەی دۆنادۆن ڕەتدەکەنەوە لە کاتێکدا هەندێک لە مەزهەبەکان هێشتا بە لایانەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە.
دۆنادۆن چییە؟
زاراوەی دۆنادۆن بە لاتینی بە واتای "دووبارە چوونەوە ناو ژیانی گۆشت" دێت، گفتوگۆکردن و باسکردنی ئەم چەمکە لەناو نەریتە فەلسەفییەکانی یۆنان و هیندستاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین. واتای وشەکە بە سانایی بریتییە لەوەی کە زیندەوەر یان ڕۆح ژیانێک بە جێدەهێڵێت و دەچێتە ناو ژیانێکی ترەوە. هەمووشی تەنها لە پێناو خزمەتکردنی ئامانجێکدایە ئەویش بریتییە لە گەشەی ڕۆح و لایەنی ڕۆحیی. ئەو ڕۆحەی کە دووبارە دەژیێتەوە دەچێتە سەر شێوەی مرۆڤ، ئاژەڵ یان ڕووەک بە پێی جۆریەتی ڕەوشتی کارەکانی ژیانی پێشووی. ئەم ڕێبازە بنەمای سەرەکی ئایین و بیروباوەڕە یۆنانی و هندییەکانە. دۆنادۆن بەو واتایە دێت کە کەسەکە هەر خۆیەتی بەڵام لە جەستەیەکی تردا.
پزیشکێک یان زانایەکی بایۆکیمیا پێمان دەڵێت کە تاکە خانەکانی جەستەمان ماوەی ژیانیان سنووردارە، ماوەکە لە ڕۆژێکەوە دەست پێدەکات تا چەند هەفتەیەک و چەند ساڵێک. بە لەبەرچاوگرتنی ئەمە دەتوانین لەوە تێبگەین کە لەگەڵ بەتەمەنداچووندا لەشە خانەکانمان بە بەردەوامی جێگەیان دەگیرێتەوە، واتە جەستەمان بەردەوام لە گۆڕاندایە. لەپاڵ ئەوەشدا هۆشیاریمان، ئەوەی کە ئێمە کێین، بە نەگۆڕی دەمێنێنتەوە. ناسنامەی خۆمان، فاکتەری "ئاگایی من" بە جێگیری و نەگۆڕی دەمێنێتەوە. هەرچەندە لەوانەیە گۆڕانکاری بەسەر ئەو شتانەدا بێت کە حەزمان لێیەتی یان حەزمان لێی نییە و لەوانەیە بیرکردنەوەمان بگۆڕێت بەتێپەڕبوونی ساڵەکان، بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەی بەردەوامی کەسیی یان "بوون"ی کەسییدا دەزانین کێین. بە هەمان شێوەش "من"-هۆشیاریمان نەگۆڕ و نەمرە و بە چەندین جەستەی جیاوازدا تێدەپەڕێت بە پێی کات.
دۆنادۆن و ئایین
دۆنادۆن بیروڕایەکی ئایینی و فەلسەفییە کە دەڵێت دوای مردنی جەستەیی کەسێک، ڕۆحی دەگوازرێتەوە و ژیانێکی نوێ لەناو جەستەیەکدا دەست پێدەکات کە دەکرێت مرۆڤ، ئاژەڵ یان بوونێکی ڕۆحی بێت بە پێی جۆریەتی ڕەوشت و کارەکانی لە ژیانی پێشوویدا. ئەو پڕۆسە جیهانییەی کە سوڕی ژیان و مردنی پێکهێناوە لەلایەن کارماوە فەرمانڕەوایی دەکرێت کە پێشی دەوترێت (سامسارا). کارما کردەوەیەکە دەکرێت باش یان خراپ بێت، هەر کەسێک بەپێی جۆری کارماکەی ژیان و لەدایکبوونەوەی داهاتووی دیاری دەکات. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک خزمەتی زۆری خودایی کردبێت حەزبکات خزمەتی زیاتریش بکات، ئەو کاتە لە کاتی مردنیدا ڕۆحی بۆ دووبارە لەدایکبوونەوە خێزانێک هەڵدەبژێرێت کە پشتگیری ئەو حەزەی ئەو دەکەن.
ئایینی هندۆسی
بەپێی بیروباوەڕی هندۆسییەکان بێت تەنانەت خواوەندەکانیش دەمرن و لەدایکدەبنەوە. بەپێی بیروباوەڕی هندۆسییەکان جیهان بەو شێوە ئاساییەی مرۆڤ لێی تێگەیشتووە شتێکی خەیاڵییە، وەهمێکە و زوو تێپەڕدەبێت. هۆکاری گیرخواردن لە سامسارادا (سوڕی ژیان و مردن) لە ئەنجامی نەزانینە لە هەمبەر سروشتی ڕاستەقینەی هەبوونەوە. نەزانینی تاکەکەسێک دەبێتە هۆی دروستبوون و پەیدابوونی ئیگۆ و گیرخواردن لەناو ویست و ئارەزوو و سوڕێکی هەمیشەیی دووبارە لەدایکبوونەوە.
بیرۆکەکە بەشێوەیەکی ئاڵۆز بەستراوەتەوە بە کارماوە. هەموو کردەوەیەک کاردانەوەی هەیە و هێزی کاردانەوەکە ژیانی داهاتووی کەسەکە دیاری دەکات. کەسەکان بەهۆی حەزەوە لەدایکدەبنەوە، بۆ نموونە کەسێک دەیەوێت لەدایکببێتەوە لەبەرئەوەی دەیەوێت چێژ لە جەستەیەک وەربگرێت کە هەرگیز ناتوانێت بەختەوەری و ئارامی هەتاهەتایی پێ بەدەستبهێنێت. دوای چەندین لەدایکبوونەوە کەسەکان ڕازی نابن بەوەی هەیانە و دەست دەکەن بە بەدوادا گەڕان بۆ شێوەکانی تری بەختەوەری لە ڕێگەی ئەزموونە ڕۆحانییەکانەوە. کاتێک، دوای ئەنجامدانی ڕاهێنانە ڕۆحییەکان، کەسەکە ئەو ڕاستییەی بۆ دەردەکەوێت کە "خود"ی ڕاستەقینە ڕۆحە نەمرەکەیە نەک جەستەکە یان کاتێک ئیگۆ حەزەکان سەبارەت بە خۆشییەکانی ژیان بوونیان نامێنێت چونکە بێتامن بە بەراورد بەخۆشییە ڕۆحانییەکان، لەو کاتەدا کەسەکە لەدایک نابێتەوە. کاتێک سوڕی لەدایکبوونەوە کۆتایی دێت، ئەو کاتە دەوترێت کەسەکە ئازادی بەدەستهێناوە. هەموو قوتابخانە ئاینییەکانی هندۆسی هاوڕان لەسەر ئەوەی لەناوچوونی حەزە دنیاییەکان دەبێتە هۆی ئازادبوون لە سوڕی ژیان و مردن، بەڵام بە شێوەی جیاواز پێناسەیان کردووە.
ئایینی جاینی
لە ئایینی جاینیدا ڕۆح و ماددە هەمیشەیی دروستنەکراون و دووبارە دەبنەوە. کارلێکی بەردەوام لە نێوان ڕۆح و ماددەدا هەیە و دەبێتە هۆی پەیدابوونی لایەنە جیاوازەکانی گەردوون وەکوو ماددە، لایەنە دەروونیی و سۆزدارییەکانی چواردەورمان. ئەمەش سەردەکێشیت بەرەو بیردۆزی گواستنەوەی ڕۆحیی و لەدایکبوونەوە. بنەمای سەرەکی فەلسەفەی جاینی بریتییە لەوەی ڕۆح و ماددە دەگۆڕێن بەڵام بە تەواوی لەناو ناچن، ئەو ژیانەی تێیدا دەژین دوای مردن دەگۆڕێت و دەچێتە سەر شێوەیەکی تر بەپێی کردارە چاک و خراپەکانی کەسەکە لە ژیانەکەی خۆیدا. بوون بە ڕۆحی باڵا لە ڕێگەی کرداری ناتوندوتیژ و ڕاستگۆییەوە بەدەست دەهێنرێت.
کارما بەشێکی سەرەکی و بنچینەیی باوەڕی جاینی پێکدەهێنێت و بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز بە بیرۆکە فەلسەفییەکانی وەکوو دۆنادۆن، گواستنەوەی ڕۆحیی و ئازادبوونەوە بەستراوە. کردارەکان دەرئەنجامیان هەیە، هەندێکیان دەرئەنجامەکەیان ڕاستەوخۆیە و هەندێکیان دوای ماوەیەک دەردەکەوێت، تەنانەت هەندێکجار لە لەدایکبوونەوەکانی داهاتوودا دەرئەنجامەکە بە کەسەکە دەگاتەوە. کەواتە ڕێبازی کارما تەنها پەیوەندی بە یەک ژیانەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە دووبارە لەدایکبوونەوەکانی داهاتوو و ژیانی ڕابردووشەوە هەیە. "کارما ڕەگی ژیان و مردنە. ڕۆحەکان بە کارماوە بەستراون و لە بازنەی بووندا دەسوڕێنەوە". ئەو ئازارچەشتن یان خۆشی بینینەی رۆحێک لە ژیانی ئێستایدا ئەزموونی دەکات بەهۆی ئەو بڕیار و هەڵبژاردنەوەیە کە لە ڕابردوودا کردوویەتی.
لە ئاینی جاینیدا خوا ڕۆڵی نییە لە دیاریکردنی چارەنووسی مرۆڤدا، بەو واتایەی چارەنووسی مرۆڤ بەهۆی سیستمی سزا و پاداشتەوە دیاری ناکرێت، بەڵکوو ئەنجامی کارماکەی خۆی دیاریدەکات. کاری توندوتیژانە، کوشتنی بوونەوەرێک کە پێنج ئەندامی هەستکردنی هەبێت، خواردنی ماسی و زیاتر دەرئەنجامەکەی زیندووبوونەوەیە لە دۆزەخ. خەڵەتاندن، فێڵکردن، بوختان و درۆ دەرئەنجامەکەی زیندووبوونەوەیە لە جیهانی ئاژەڵ و ڕووەکەکاندا. نەرم و نیانی، میهرەبانی و کەسایەتی خاکیی و سادە دەرئەنجامەکەی زیندووبوونەوەیە لە جەستەی مرۆڤدا. ژیانی سۆفییانە و پێدانی بەڵێن و جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکەی زیندووبوونەوەیە لە بەهەشت. هەر ڕۆحێک خۆی بەرپرسە لە ناڕەحەتی و ژیانی ناخۆش، هەر وەک چۆن خۆشی بەرپرسە لە ئازادی و سەربەستیی.
ئایینی بودا
پێناسەکردنی چەمکی دۆنادۆن لەلای بوداییەکان جیاوازە، لەلای بوداییەکان شتێک نییە بە ناوی "ڕۆح"، "ڕۆحانی" و "خود"ی هەتاهەتایی، ئەوەی کە هەیە "ڕژێمی هۆشیاری"یـە کە ژیانێک بە ژیانێکی تر دەبەستێتەوە. نووسراوە سەرەتاییەکانی بوداییەکان باسی ئەو تەکنیکە دەکەن کە تێیدا دەتوانیت یادەوەری ژیانەکانی پێشووت وەبیربێتەوە، ئەویش بە گەیشتن بە ئاستە بەرزەکانی تەرکیزکردنی زۆر و تێڕامانی قووڵ.
لەڕێبازی بوداییدا، هۆشی پەرەسەندوو یان ڕژێمی هۆشیاری لەگەڵ مردندا دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکان بۆ دروستبوونی تاکێکی نوێ. بە مردنی کەسێک، دانەیەکی تر دێتە بوون، هەر وەکوو چۆن گڕی مۆمێکی تواوە دەتوانێت مۆمێکی تر دابگیرسێنێت. هۆشی کەسە تازەکە نە هاوشێوەی مردووەکەیە نە بە تەواویش لێی جیاوازە، بەڵکوو هەردووکیان ڕژێمێک یان بەردەوامییەکی ئاسایی پێکدەهێنن. گواستنەوەی ژیان بەهۆی کاریگەری کارماوە پەیدا دەبێت. هۆکارە بنەڕەتییەکە بریتییە لەوەی هۆش لە نەزانیدایە. کاتێک نەزانی لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێت دووبارە لەدایکبوونەوە دەوەستێت.
ئایینی ئیسلام
دۆنادۆن لەلایەن هەموو ئایینە تاکپەرستەکانی جیهانەوە ڕەتدەکرێتەوە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ بنچینەی باوەڕەکەیان کە باوەڕیان بە ژیانی سنوورداری مرۆڤ و سزا و پاداشتکردنەوە هەیە دوای ئەم ژیانە کاتییە. ئەگەر مرۆڤ چەند ژیانێک بژی، بۆ کام ژیانی سزا وەربگرێت. بە ڕەچاوکردنی ئەمە قورئانی پیرۆز چەمکی دۆنادۆن ڕەتدەکاتەوە لە کاتێکدا باوەڕی بە هەبوونی ڕۆح هەیە. بنەمای باوەڕ لە ئیسلامدا ئەوەیە کە مرۆڤ یەکجار لەدایک دەبێت. لە دوای مردن ڕۆژی دوایی دێت کە تیایدا هەمووان لێپرسینەوەیان لێدەکرێت و بەپێی کردەوەکانیان هەندێکیان دەچنە دۆزەخ و هەندێکیان بە دیداری خودا دەگەن. سەرەڕای ئەمانەش بیرۆکەی دۆنادۆن لەلایەن هەندێک لە مەزهەبە ئیسلامییەکانەوە قبووڵ کراوە.
ئایینی مەسیحی
زۆربەی مەزهەبە سەرەکییەکانی ئایینی مەسیحی چەمکی دۆنادۆن ڕەتدەکەنەوە. مەسیحییەکان باوەڕیان بەوەیە کاتێک کەسێک دەمرێت ڕۆحەکەی لە گۆڕەکەدا لەگەڵیدا دەبێت تا ڕۆژی دوایی کە بە ڕۆژی کۆتا لێپرسینەوەش ناسراوە. بەڵام بەڵگە هەیە لە کتێبی پیرۆزدا کە عیسا خۆی فێری دۆنادۆن کردووە. لە مێژووی سەرەتایی مەسیحدا دابەشبوونی بیروڕا هەبووە سەبارەت بەوەی ئایا عیسا مرۆڤێک بووە و بووە بە خوا؟ یان خوایەک بووە و وەکوو مرۆڤ لەدایکبووە؟ ناکۆکییەکە لە نێوان کەنیسەیەکی ڕۆمییەکان بوو کە لەلایەن پۆڵەوە دامەزرابوو، لەگەڵ کەنیسەیەکی قودسییەکان. ڕۆمەکان بە هەموو شێوەیەک بیرۆکەی هەبوونی پێشوەختە و دۆنادۆنیان ڕەتدەکردەوە و باوەڕیان وابوو عیسا خوایە و بووەتە مرۆڤ. هەرچی لایەنی قودسییەکانیشە باوەڕیان بەوە بوو کە عیسا مرۆڤێک بووە و بووە بە مرۆڤێکی پیرۆز بە سڕینەوەی تاوانەکانی بە چەشتنی سزا، کە ئەوەش ئامانجی هەمووانە بۆ دەربازبوون لە سوڕی لەدایکبوون و مردنی دۆنادۆنی و بوون بە خاوەنی ژیانی نەمر. سەرەڕای ئەوەش ڕۆما شەڕە سیاسییەکەی بردەوە و پێناسە ئایینییەکەی زیندووکردنەوەی دوای مردن کورتکرایەوە بۆ کۆتایی زەمەن "شەوی مردوو زیندووەکان".
توێژینەوەکان لەبارەی دۆنادۆنەوە
(تیۆدۆر فڵۆڕنۆ)ـی لەو کەسانە بوو توێژینەوەی بۆ ئەو کەسانە کردووە کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ژیانێکی تر ژیاون و لە یادگەیاندا لەبیریان ماوە. تیۆدۆر هەوڵیدەدا ئەوە بسەلمێنێت ئەم کەسانە ئەگەری ئەوەیان هەیە تووشی کریپتۆمنەیژیا بووبێتن کە بریتییە لەو حاڵەتەی کەسەکە هەندێک یادەوەری لە یادگەیدا هەیە نایان ناسێتەوە بەڵام بە تەواوی لەڕاستی دەچن. دواتریش (کارڵ گوستاف یۆنگ) هاوشێوەی تیۆدۆر هەوڵی دا ئەو بیرۆکەیە لە تێزەیەکدا بەکاربهێنێت لەسەر بنەمای توێژینەوەی کریپتۆمنەیژیا لە بواری دەروونناسیدا. لە دواتردا یۆنگ جەختی لە گرنگی مانەوە و بەردەوامی یادەوەری و ئیگۆ کردەوە لە توێژینەوە دەروونناسییەکانی سەبارەت بە دۆنادۆن. یۆنگ دەڵێت، "چەمکی لەدایکبوونەوە ئاماژە بە بەردەوامی کەسایەتی دەکات...کە تێیدا کەسێک دەتوانێت، یان ئەگەری هەیە، ئەوەی لەبیر بێت کە لە ژیانی تردا پێشتر ژیاوە..."
دەروونناس (ئیان ستیڤنسن)، لە زانکۆی ڤێرجینیاوە، دەستێکی باڵای لە توێژینەوە زانستییەکاندا هەیە سەبارەت بە دۆنادۆن. لێکۆڵینەوەی لە چەندین ڕاپۆرت کردووە کە تێیدا منداڵان باسی ئەوەیان کردووە ژیانی ڕابردووی خۆیانیان لەبیرە. لە ماوەی ٤٠ ساڵی کارکردنیدا کاری لەسەر زیاتر لە ٢٥٠٠ حاڵەتی لێکۆڵینەوە کردووە و ١٢ کتێبی بڵاوکردووەتەوە. ستیڤنسن قسەکانی منداڵەکانی هەمووی تۆمارکردووە و دواتر کەسە مردووەکەی دۆزیوەتەوە کە منداڵەکە باسی کردووە، پاشان ئەو ڕاستییانەی ژیانی کەسە مردووەکەی پشتڕاستکردووەتەوە کە لەگەڵ یادەوەرییەکانی منداڵەکەدا یەکی گرتووەتەوە، هەتا نیشانە زگماکی و برین و بڕاوییەکانیشی لە ڕێگەی وێنەی توێکارییەوە بەراورد کردووە.
ستیڤنسن بەدوای بەڵگەی پشتڕاستکەرەوە و ڕوونکردنەوە جێگرەوەکاندا دەگەڕا بۆ ڕاپۆرتەکان، هەروەها پێشی وابوو ئەو شێوازە توندەی گرتوویەتییە بەر هەموو ئەگەری ڕوونکردنەوە ئاساییەکان سەبارەت بە یادەوەری منداڵەکان ناهێڵێت. سەرەڕای ئەوەش بەشێکی زۆری حاڵەتەکانی دۆنادۆن کە ستیڤنسن لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە سەر بە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکان بوون، کە تێیدا ئایینە باڵادەستەکان باوەڕیان بە چەمکی دووبارە لەدایکبوونەوە هەیە.
ئەو کەسانەی کە گومانیان لەم بارەیەوە هەبوو، وەکوو (پۆڵ ئێدودرز)، شیکردنەوەی بۆ زۆرێک لەم حاڵەتانە کرد و بە چیرۆک ناوی بردن. ئەو کەسانەی گومانیان هەیە دەڵێن کە بەڵگەکانی دۆنادۆن سەرچاوەکەی بریتییە لە بیرکردنەوەی هەڵبژێردراو و یادەوەری درۆیینەوە کە سەرچاوەکەی بریتییە لە ترسە بنچینەییەکان و سیستمی باوەڕی کەسەکە، ئەوەش ناتوانرێت وەکوو بەڵگەی ئەزموونیی پشتی پێ ببەسترێت. کارڵ سێگن هەموو نموونەکانی ستیڤنسن بە زانیاری ئەزموونی دادەنێت، بەڵام باوەڕیشی بە دۆنادۆن نییە وەکوو ڕوونکردنەوەیەک بۆ ئەو حاڵەتانە. ڕەتکردنەوەکانی بیرۆکەی دۆنادۆن ئەو ڕاستییانە دەگرنە خۆیان کە ئاماژە بەوە دەکات زۆرینەی خەڵکی ئەوەیان لەبیر نییە لە ژیانێکی تردا ژیابێتن و هیچ شێواز و میکانیزمێک نییە لەلای زانستی سەردەم ئەوە بسەلمێنێت کە کەسایەتییەک دەتوانێت لە مردن ڕزگاری ببێت و بچێتە ناو جەستەیەکی ترەوە.
ئیان ستیڤنسن ئاماژەی بەوە کردووە زۆربەی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دۆنادۆن هەیە سەر بە هەموو جۆرە ئایینەکانن جگە لە مەسیحی و ئیسلام نەبێت. لە پاڵ ئەوەشدا ٢٠ بۆ ٪٣٠ ئەو کەسانەی لە ڕۆژاوا دەژین و تەنها بە ناو مەسیحین باوەڕیان بە دۆنادۆن هەیە.
لە هیندستان، (ساتونت پزریچا)، پڕۆفیسۆری دەروونی دەستێکی باڵای لە توێژینەوە زانستییەکاندا هەیە سەبارەت بە دۆنادۆن. وەکوو یاریدەدەی (ئیان ستیڤنسن) کاری کردووە و شێوازی کارکردنەکەشی هاوشێوەی ئەوە. قسەکانی منداڵەکانی تۆمار دەکرد، دواتر کەسە مردووەکەی دەدۆزییەوە کە منداڵەکە باسی کردووە، پاشان ئەو ڕاستییانەی ژیانی کەسەکە مردووەکەی پشتڕاست دەکردەوە کە لەگەڵ یادەوەرییەکانی منداڵەکەدا یەکی گرتووەتەوە. تەنانەت نیشانە زگماکییەکانی منداڵەکەی بەستووەتەوە بە ئەو زەبرە جەستەیی و شێواویانەی بە جەستەی کەسە مردووەکەوەیە و منداڵەکە لەبیری ماوە، ئەویش بە پشتڕاستکردنەوەی تۆمارە پزیشکییەکان. لە هەندێک حاڵەتدا باسی ئەوەی کردووە منداڵەکە توانیویەتی بە زمانێکی جیاواز قسەبکات کە خۆی بەئاسایی فێری نەبووە، هەروەها باسی دەستبەسەرداگرتنی ڕۆحیشی کردووە کە تێیدا ڕۆحە دەستبەسەرداگیراوەکە بەڕاستی بوونی هەبووە بەڵام لە دوو شوێنی جیاواز لە نێوان دوو خێزانی جیاوازدا کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نەبووە. لێکۆڵینەوەی لە زیاتر لە ٥٠٠ حاڵەت کردووە.