ناوهڕۆك
ناساندن
چیچان یان بەفەرمی کۆماری چیچێن (بە ئینگلیزی: Chechnya یان officially the Chechen Republic، بە ڕووسی: Чечня́، بە عەرەبی: الشيشان)، کۆمارێکی ڕووسیایە و دەکەوێتە باکووری قەوقازی ئەورووپای ڕۆژهەڵات، نزیکە لە دەریای خەزەر. ڕووبەری کۆمارەکە ١٧٫٣٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی تا ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ١٫٤ ملیۆن کەس بوو. هەروەها شاری گرۆزنی (Grozny) پایتەخت و گەورەترین شاری کۆمارەکەیە.
زانیاری گشتی
ناو | چیچان یان کۆماری چیچێن |
وڵات | ڕووسیا |
پایتەخت | گرۆزنی |
سەرۆکی چیچان | ڕەمەزان قەدیرۆڤ |
زمانی فەرمی | چیچانی و ڕووسی |
ڕووبەری گشتی | ١٧٫٣٠٠ كم٢ |
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی ٢٠٢١ـدا | ١٫٥١٠٫٨٢٤ کەس |
چڕیی دانیشتووان | ٨٧/كم٢ |
ژمارەی تەلەفۆن | ٨٧١ |
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان | ئیسلام |
مێژوو
مێژووی نشینگەکانی مرۆڤ لە چیچاندا دەگەڕێتەوە بۆ چل هەزار ساڵ پێش زایین و بەڵگە شوێنەوارییەکان ئاماژه بەوە دەکەن کە بۆ ماوەی هەشت هەزار ساڵە بە بەردەوامی خەڵکی لێ نیشتەجێیە. ئەو مرۆڤانەی کە لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون کەرەستە و ئاگر و جل و بەرگی درستکراو لە پێستی ئاژەڵیان بەکارهێناوە. وردەوردە ناوچەکە قەرەباڵغ بووە و داگیرکەران هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکەیان داوە، ئەمەش وای کرد هۆز و تیرەکانی ناوچەکە چەندین قەڵا و شوورا دروست بکەن و خۆیان لە هێرشی داگیرکەران بپارێزن. دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، چەچەنۆ-ئینگوش ASSR دابەش بوو بەسەر دوو بەشدا، ئەوانیش کۆماری ئینگوشێتیا و کۆماری چیچان بوون. دوای یەکەم جەنگی چیچانی لە ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦ لەگەڵ ڕووسیا، چیچان سەربەخۆیی دیفاکتۆی بەدەستهێنا.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی چیچان لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ١٫٢٦٨٫٩٨٩ کەس بوو، ئەم ژمارەیە بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢١، بەرزبووەتەوە بۆ ١٫٥١٠٫٨٢٤ کەس. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠، چیچانییەکان ٩٥٫٣٪ـی دانیشتووانی کۆمارەکەیان پێکهێنا. گرووپەکانی تر بریتین لە ڕووسەکان کە بە ڕێژە ١٫٩٪، تورکی قەوقاز ١٪، ئینگوش ۰٫١٪ و کۆمەڵێک گرووپی بچووکی دیکە کە هەریەکەیان کەمتر لە ۰٫٥٪ـی کۆی دانیشتووانیان پێکهێنا. کۆمەڵگەی ئەرمەنی کە تەنیا لە شاری گرۆزنی نزیکەی ١٥ هەزار کەس بوون، بۆ چەند خێزانێک کەمی کردووە. کڵێسای ئەرمەنی گرۆزنی لە ساڵی ١٩٣٠ـدا ڕووخێندرا. رێژەی لەدایکبوون لە ساڵی ٢٠٠٤ـدا ٢٥٫٤١ بوو. لە کۆتایی سەردەمی سۆڤیەتدا، نەتەوەی ڕووسەکان نزیکەی ٢٣٪ـی دانیشتووانی چیچانیان پێکهێنابوو (لە ساڵی ١٩٨٩ـدا ٢٦٩٫۰۰۰ کەس بوون)، بەڵام ئێستا ڕووسەکان تەنها نزیکەی ١٦٫٤۰۰ کەسن (نزیکەی ١٫٢٪ـی دانیشتووان) و هێشتاش کۆچکردنیان بەردەوامە. سەرەڕای ئەوەش، ئافرەتانی چیچان پۆشتەن یان لانیکەم سەرپۆشێکیان بەسەرەوەیە و کچێک نابینیت تەنوورەی زۆر کوورت یان کراسی ملوانە کراوەی پۆشی بێت. لە سەرانسەری کۆمارەکەدا داب و نەریتە ئیسلامییەکان بەهایەکی زۆریان هەیە.
زمان
ئەو زمانانەی لەنێو دانیشتووانی کۆمارەکەدا بەکار دەهێنرێن بریتین لە چیچانی و ڕووسی. چیچانی سەر بە خێزانی زمانی باکووری ناوەڕاستی قەوقازییە، کە زمانەکانی ئینگوش و باتس لەخۆ دەگرێت. هەندێک لە زانایان بە زمانێکی فراوانتری باکووری قەوقازی دادەنێن.
ئایین
ئیسلام ئایینی باوی دانیشتووانی کۆماری چیچانە و لە ڕاپرسییەکەی گرۆزنی کە لە ساڵی ٢۰١۰ـدا ئەنجامدرا لەلایەن ٩٥٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو دەکرا. زۆربەی دانیشتووان شوێنکەوتەی ڕێبازی شافیعی یان حەنەفین، هەروەها زۆرێک لە چیچانییەکان سۆفین، ئیتر ئەوانیش یان قادرین یان نەقشبەندین. دوای کۆتاییهاتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئایینی ئیسلام لە چیچاندا بوژایەوە و لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٤٦٥ مزگەوت لە کۆمارەکەدا هەبوو.
کەشوهەوا
کۆماری چیچان ناوچەیەکە لە ڕووسیایە و بەناوبانگترین شار لەم ناوچەیەدا گرۆزنییە، بۆیە ئێمە داتای کەشوهەوای گرۆزنی بەکار دەهێنین بۆ ئەوەی کەشوهەوای کۆماری چیچانتان پێ بڵێین.
لە مانگی ئایار و ئەیلوولدا زۆرترین ئەگەر کەشی خۆش هەیە و تێکڕای پلەی گەرمی لە نێوان ٢۰ بۆ ٢٥ پلەی سەدیدایە. گەرمترین مانگەکانی ساڵ مانگەکانی حوزەیران، تەممووز و ئابن، لە کاتێکدا ساردترین مانگ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای زۆرترین پلەی گەرمی سفر پلەی سەدییە. ئەگەری بارانبارین لە مانگی حوزەیراندا زۆرە و باراناویترین مانگی ساڵە لە کۆمارەکەدا. بەڵام کانوونی دووەم وشکترین مانگە. سەرەڕای ئەوەش گەرمترین مانگ مانگی تەممووزە و تێکڕای زۆرترین پلەی گەرمی ٣۰ پلەی سەدیە.