ناوهڕۆك
زانیاری دەربارەی زمانی عەرەبی
زمانی عەرەبی یەكێكە لە زمانە سامیەكان، زمانە سامیەكان لقێكن لە زمانە هیندۆئاسیاییەكان، زمانی پاراوی عەرەبی خاوەنی مێژوویەكی زۆر دێرینە كە تەمەنی ١٦٠٠ ساڵە لە سەرەتادا لە باشووری شام و باكووری ڕۆژهەڵاتی دوورگەی عەرەبی بەكارهێنراوە، زۆرێك لە بیروڕای جیاواز سەبارەت بە بنچینەی زمانی عەرەبی هەیە، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە مێژووی زمانی عەرەبی لە مێژووی دانیشتوانەكەی (عەرەب) دێرینترە لەبەرئەوە دەڵێن زمانی ئادەم بووە لە بەهەشت، زمانی عەرەبی یەكێكە لە ئەو زمانە سامیانەی زۆرترین قسەپێكەری هەیە هەروەها یەكێكە لەو زمانانەی زۆر بەخێرایی بڵاودەبێتەوە لەسەر ئاستی جیهان، زیاتر لە ٤٦٧ ملیۆن كەس قسەی پێدەكات قسەپێكەرانی ئەم زمانە بەسەر نیشتیمانی عەرەبیدا دابەش بوون، سەرەڕای چەندین ناوچەی دیكەی دراوسێی وەك (ئەهواز، توركیا، سەنیگال، ئەرتیریا، ئەسیوبیا، باشووری سودان، ئێران) بەمەش دەچێتە پلەی چوارەم یان پێنجەم لەسەر ئاستی ئەو زمانانەی زۆر بەخێرایی بڵاودەبنەوە، لە پلەی سێیەمدایە بەپێی ژمارەی ئەو وڵاتانەی زمانی عەرەبی زمانی فەرمییە تیایاندا، لە ٢٧ وڵات وەك زمانی فەرمی و بە زمانی چوارەم بۆ بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت دادەنرێت، هەروەها زمانی عەرەبی بە یەكێك لە لیستی زمانە سەختەكانی جیهان لە دوای چینی و ژاپۆنی و كۆری دەژمێردرێت، زمانی عەرەبی خاوەنی چەندین شێوەزارە وەك (لوبنانی، سوری، عێراقی، سعودی، لیبی، كوێتی، یەمەنی، هتد) بەڵام زمانی عەرەبی بە شێوەزاری عێراقی زۆر خێراتر بە بەراورد بە شێوەزارەكانی تر لە وڵاتدا بڵاودەبێتەوە.
پیتەكانی زمانی عەرەبی
پیتەكانی زمانی عەرەبی بە ئەلفوبێی عەرەبی نووسراون وەك زۆربەی زمانەكانی دیكە كە ئەمانەن: (أ ، ب، ت، ث، ج، ح، خ، د، ذ، ر، ز، س، ش، ص، ض، ط، ظ، ع، غ، ف، ق، ك، ل، م، ن، هـ، و، ي) ژمارەی پیتەكانی زمانی عەرەبی ٢٨ پیتە، هەروەها هەندێ لە زمانەوانەكان دەڵێن پێویستە پیتی هەمزە بكرێتە لیستی پیتەكانی زمانی عەرەبی هەتا ببێتە ٢٩ پیت، چەند زمانێكی تر هەن خاوەنی هەمان پیتی عەرەبین ئەوانیش توركی و فارسی و كوردین، زمانی عەرەبی لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەنووسرێت وەك هەردوو زمانی كوردی و فارسی و عیبری بەپێچەوانەی زۆربەی زمانەكانی جیهان.
گرنگی زمانی عەرەبی
زمانی عەرەبی گرنگییەكی ئێجگار گەورەی هەیە لەلای موسوڵمانان، زمانێكی پیرۆزە چونكە زمانی قورئانی پیرۆزە هەروەها زمانی نوێژ و زمانی سەرەكییە لە چەندین پەرستش و دروشمە ئاینییەكان هەروەها زمانی فەرموودە و پاڕانەوە گرنگەكانە بۆ نزیكبوونەوە لە پەروەردگار و پێغەمبەر (د.خ) دەیانخوێنین، زمانی عەرەبی زۆر پێشكەوت لەدوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام لە نێو وڵاتەكان بەمەش بووەتە زمانی سیاسی و زانست و ئەدەب بۆ چەندین سەدە لەو وڵاتانەی موسوڵمانان حوكمیان تێدا دەكرد، كاریگەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەبووە لەسەر زمانەكانی جیهانی ئیسلامی وەك (توركی، فارسی، ئوردو) هەندێك زمانی ئەوروپی وەك (ئیسپانی، پورتوگالی) و زمانی ئەفریقی وەك سۆماڵی، زۆرێك لە دەستەواژەكانی زمانی عەرەبی هاتونەتە نێو زمانی ئینگلیزی و زمانەكانی دیكە وەك كحول (كهول)، جەبر (كردە بیركارییەكان)، ناوی ئەستێرەكان.
تایبەتمەندییەكانی زمانی عەرەبی
- ڕەوانبێژی: زمانی عەرەبی بە ڕەوانبێژی و ڕوونبێژی ناسراوە بە نموونە وشەی "شمشێر" لە زمانی فارسی یەك واتای هەیە لەكاتێكدا لە زمانی عەرەبیدا هەمان وشە چەند واتایەكی جیاواز دەبەخشێت.
- پاراوی: دووركەوتنەوە لە هەر نەگونجاندنێكی دەنگەكان و ئاڵۆز خوێندنەوەی وشەكان.
- كێش: یەكێكە لە گرنگترین ئەو سیفەتانەی زمانی عەرەبی كە بۆ هەر كارێك كێشی تایبەت بە خۆی هەیە.
- هاوواتایی: واتا بۆ تاکە وشەیەك چەندین واتای جیاواز هەیە.
- دەنگ و واتاكان: بەو واتایەی تەنها لە ڕێگەی دەنگەكانەوە دەتوانێت بەشێوەیەكی گشتی و ورد لە واتای وشەكان تێبگەیت ئەمەش یەكێكە لە گرنترین تایبەتمەندی زمانی عەرەبی.
- بوونی زۆری ناوی تاك: ژمارەیەكی زۆر لە ناوی تاك لە زمانی عەرەبیدا بوونیان هەیە بەڕادەیەك هیچ زمانێكی تر نییە بەڕادەی عەرەبی ناوی تاكی هەبێت.
- وردی لە شیكردنەوە: بۆ هەر وشە و ناو و كار و كردارێك شیكردنەوەی تایبەت بە خۆی هەیە.