ناوهڕۆك
ژیان و ناساندن
ئەمجارە دەچینە خزمەت زانایەكی تری موسوڵمان ، زانایەك كە هەر بەناوهێنانی كەسێكی خواناس و چاكەكارمان دێتە پێش چاو، ئەویش شێخ عەبدولقادری گەیلانییە.
ئەم زانا خواناسە لەساڵی 470 ی كۆچییدا لەگەیلان لەدایك بوو، ئەم زانا ئازیزەمانی ئازیزمان موحەممەد (د.خ).
عەبدولقادر لەگوندێك بەناوی نیف لەناوچەی گەیلان لەباكووری ئێران لەدایك بوو، كۆتا منداڵی دایك و باوكی بوو ،ماوەیەكی كەم دوای لەدایكبوونی، باوكی كۆچی دوایی كردو عەبدولقادر هەتیو كەوت، ئیتر دایكی سەرپەرشتی عەبدولقادری دەكرد، دایكیشی ئافرەتێكی خواناس و پاكو چاكەكار بوو، باپیرەشی چاوی لە هەردوكیان بوو، باپیرەی عەبدولقادر پیاوێكی خواناس و دونیا نەویست بوو، پەرستشی زۆر بوو.
ئەم خواناسییەی باوك و دایك و باپیرەی عەبدولقادر، بوو بەمایەی خێرو چاكە بۆی و عەبدولقادر پەروەردەیەكی چاكی وەرگرت و هەر لەسەرەتاوە فێری خواناسی و رەوشتی جوان بوو.
لەگوندەكەی خۆیاندا پارچە زەویەكیان هەبوو لەگەڵ چەند مانگا و ئاژەڵێك، عەبدولقادر لەوێ سەرقاڵی كشتوكاڵ كردن بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە بیرو خەیاڵی لای خوێندن و وەرگرتنی زانست بوو.
فێربوون و پێگەشتنی
عەبدولقادر هەر لەسەرەتاوە دەستیكرد بەوەرگرتنی زانست و لەناوچەكەی خۆیان تاتوانی زانستی وەرگرت، دواتر حەزی كرد بچێتە ناوچەكانی ترو زانستی زیاتر بەدەست بخات، بۆیە روویكردە بەغداد، ئەوكات پایتەختی موسوڵمانان بوو، پڕ بوو لە زانای گەورە.
كاتێك ویستی بچێت بۆ بەغداد، چوو راوێژی كرد بەدایكی، دایكیشی دەستیكرد بەگریان و خەفەت دایگرت، چونكە كوڕەكەی لێی دوردەكەوتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی لەپێناو وەرگرتنی زانستدا بوو، مۆڵەتی دا بەكوڕەكەی تا بڕوات.
چیرۆکی چەتەکان
دایكی هەشتا دیناری هەبوو، ئەوە هەموو داهاتێكی ماڵیان بوو، هەمووی دا بەعەبدولقادری كوڕی تا لەگەڵ خۆی بیبات و بەشی خەرجی ماوەیەكی بكات، بەڵام عەبدولقادر تەنیا نیوەی ئەو پارەی بردو ئەوی تری جێهێشت، ئەو كاتەی عەبدولقادر لەگەڵ كاروانەكەدا كەوتەڕێ، دایكی بانگی كرد و كۆتا ئامۆژگاریی خۆی بۆ كرد و وتی: رۆڵە گیان وریابە هەرگیز درۆ نەكەیت، چونكە كەسی باوەڕدار درۆ ناكات، كوڕە شیرینەكەم هەمیشە راستگۆبە چونكە وا پەروەردەم كردوویت و هیوام وایە هەمیشە راستگۆ بیت.
لەنیوەی رێگەدا كۆمەڵێك چەتەو رێگر هاتە رێگەیان شتومەكی خەڵكەكەیان برد، كاتێك دزەكان بۆ كەلوپەل و پارەی خەڵكەكە دەگەڕان، یەكێك لەدزەكان بەعەبدولقادری وت ئەرێ تۆ هیچ پارەت پێیە؟ عەبدولقادر وتی بەڵێ، چل دینارم پێیە، دزەكە بڕوای نەكرد، چونكە هەموان دەیانویست شتەكانی خۆیان بشارنەوە، كەچی ئەم گەنجە شتەكەی خۆی نەدەشاردەوە، بۆیە دووبارە پرسیاری لێكرد، ئەویش وەڵامی دایەوەو وتی بەڵێ چل دینارم پێیە، دزەكە سەری سوڕما و عەبدولقادری برد بۆ لای گەورەو سەركردەكەیان و مەسەلەكەی بۆ باسكرد، سەركردەی دزەكان بە عەبدولقادری وت بۆچی راستیت وت و پارەكەی خۆتت ئاشكرا كرد؟ ئەویش وتی ئاخۆ دایكم ئامۆژگاری كردووم هەرگیز درۆ نەكەم چونكە كەسی بڕوادار هەرگیز درۆ ناكات، سەركردەكە زۆر سەرسام بوو، دەستی كرد بەگریان، وتی رۆڵە گیان تۆ تەنیا لەبەر ئامۆژگارییەكی دایكت درۆ ناكەیت، كەچی ئێمە چەند ساڵە فەرمانی خوامان پشتگوێ خستووە و دزی دەكەین، تۆ شاهیدبە من تەوبەم كردو واز لەدزی و خراپە دەهێنم، ئینجا هاوڕێ دزەكانی تریشی تەوبەیان كردو هەرچییان بردبوو هەموویان گێڕایەوە بۆ خەڵكەكەو كاروانەكەش بەسەلامەتی گەیشتنە بەغداد.
پەندو وانە
گوێڕایەڵی ئامۆژگاری دایك و باوك ئەركی سەرشانی موسوڵمانەو دەبێت هەرچییان وت بەگوێیان بكەین، مەگەر كارێكی خراپمان پێبڵێن ئەوكات بەگوێیان نەكەین، هەروەها دەبێت وەك عەبدولقادر تا دەتوانین راستگۆ بین، چونكە درۆ ئاكارو رەوشتی دووڕووەكانەو كەسی موسوڵمان دەبێت هەمیشە راستگۆبێت بۆئەوەی خوای گەورە وەك راستگۆ ناوی بنوسێت.
عەبدولقادر كاتێك گەیشتە بەغداد تەمەنی هەژدە ساڵ بوو، ئیتر لەوێ دەستیكرد بەوانە خوێندن و تا ئەوكاتەی وەفاتی كرد هەر لەبەغداد مایەوە، زیاتر لەحەفتا ساڵ لەبەغداد ژیا.
لەو ماوەیەدا بارودۆخی بەغداد تێكچووبوو، برسێتی و نەبوونی بڵاوبووەوە، عەبدولقادریش تووشی سەختی و ناڕەحەتییەكی زۆر بوو، بەڵام بەرگەی گرت، دەستی كرد بەئیشكردن، عەبدولقادر جار هەبوو تەواو ماندوو دەبوو، بۆیە دەچوو بۆ دەرەوەی شارو سوجدەی دەبردو تا دەیتوانی نزای دەكرد خوا كاری بۆ ئاسان بكات، خواش نزاكەی وەردەگرت.
عەبدولقادر لەبەغداد تاتوانی زانستی وەرگرت و ماوەی سی و سێ ساڵ وانەی دەخوێند تا بوو بەزانایەكی هەڵكەوتە، دوای ئەوەی ناوبانگی دەركرد، ئیتر دەستی كرد بەوانە وتنەوەو سەدان خوێندكاری پێگەیاند.
عەبدولقادر لەتەمەنی نەوەد ساڵیدا دوچاری نەخۆشییەكی سەخت بوو، كوڕەكەی وتی باوكە گیان كوێی جەستەت ئازاری هەیە؟ ئەویش وتی هەموو جەستەم ئازاری هەیە جگە لەدڵم، چونكە دڵم لەیادی خوادایەو ئازاری نییە، ئینجا وەسیەتی كرد بۆ كوڕەكەی و وتی: كوڕی شیرینم لەخوا بترسەو جگە لەخوا ترست لەكەس نەبێت، تەنیا داوا لەخوا بكەو تەنیا پشت بەخوا ببەستە، هەر ئەویش بپەرەستە و هیچ هاوەڵێكی بۆ بڕیارمەدە.
کۆچی دوایی
دواجار لەدرەنگانێكی شەودا و لەساڵی 561 ی كۆچییدا لەبەغداد كۆچی دوایی كردو تا ئێستاش گۆڕەكەی لەبەغدادە، بەڵام كۆمەڵێك كەسی نەشارەزا ئێستا دەچن بۆسەر گۆڕەكەی و لێی دەپاڕێنەوە، ئەوەش تاوانەو حەرامەو شێخ عەبدولقادر تا لەدونیادا بوو دژی ئەو جۆرە تاوان و گوناهە بوو.