ناوهڕۆك
ئەقلیدس ٣٣٠-٢٦٠ پ.ز
هەرچەندە زانیاری دەربارەی کار و بەرهەمەکانی زانا و بلیمەتەکانی کۆن زۆرە، بەڵام دەربارەی ژیانی تایبەتیان ژێدەر زۆر کەمە. ئەقلیدسیش یەکێکە لەو بلیمەتانەی کە کەمترین شت لەسەر ژیانی تایبەتی گوتراوە و نووسراوە. لە کوێ لەدایک بووە؟ لە کوێ کۆچی دوایی کردووە؟ لە کوێ خوێندوویەتی؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە بە شێوەی دڵنیاکەرەوە لای ئێمە شاراوەن، وەلێ زۆربەمان ئەوە دەزانین کەئەقلیدس زانایێکی مەزنی بواری ماتماتیک و ئەندازیار و چەندان زانستی دیکە بووە.
کتێبی توخمەکان
ئەقلیدس زۆر کتێبی نووسیون، بەڵام ئەوەی زۆر ناوبانگی پێ دەرکردووە، کتێبە ناوازەکەیەتی دەربارەی زاسنتی ئەندازە، بە نێوەی (توخمەکان)، ئەم کتێبە بە وێنە کتێبێکی پیرۆز هەزاران جار چاپ کراوە و بۆ چەندان زمانی جۆراوجۆر وەرگێڕدراوە. دێدەگۆی نییە گەر بڵیین: ئەم کتێبە لە خۆراوا لە هەموو کتێبێک بە ڕەواجتر بووە... بەڵام با لە بیرمان نەچێت خۆ گرنگی بلیمەتی ئەقلیدس لە دیرۆکدا، تەنێ لەم کتێەدا قەتیس نەکراوە. بەڵکوو چەندان لایەنی دیکەش هەن کە بایەخ و قورسایی ئەو لە گۆڕینی ڕێڕەوی مێژوو دەردەخەن.
ئەم کتێبە (توخمەکان)، هەمەلایەنە و لە سێزدە بەش پێکهاتووە، بۆ ماوەی دوو سەدە پتر، بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک مایەوە و هەموو لایەکیشی ئیقناع کرد. ئەو بیردۆزانەی لەو کتێبەدا هاتوون بە دڵنیاییەوە سەتاسەت هیی ئەو نین. ئەو هەوڵی داوە هەرچی زانستێک پێوەندیی بە ماتماتیک و ئەندازیاریەوە هەبێت لەم کتێبەدا جێی بکاتەوە. لەپاڵ بیرۆکە و بیردۆزەکانی خۆی، بۆچوون و تیۆرەکانی فیساگۆرسیش بەرچاو دەکەون. ئەقلیدس لە کتێبی (توخمەکان) زانستی ئەندازیاریی شی دەکاتەوە، بئردۆزە بنچینەییەکانی: سێگۆشە، چوارگۆشە،بازنەیی،لێک دەداتەوە. هەروەها باسی بیردۆزە ڕێژەییەکەی فیساگۆرس دەکات. چوار بەشی دواتر زانستی ژمارە تاووتوێ دەکات، لە سێبەشی کۆتاییش جەخت لەسەر هەندەسەی فراعینەکان دەکاتەوە.
ئەگەر دوای تێپەڕبوونی سێ هەزار ساڵ بەسەر بیردۆز و بۆچوونەکانی ئەقلیدس هەڵە و کەموکوڕییان دەرکەوتبێت، ئەوە هیچ گرنگیی ئەو پیاوە کەم نابێتەوە. ئەو بۆ ماوەیەکی زۆر وەک پێشەنگێکی ئەندازیاری تەماشا کراوە، تاوەکوو ئێستەش کاریگەریێکی زۆری بەسەر زانایانەوە ماوە. ئێستە بیرۆکە و بۆچوونەکانی ئەو، دەربارەی بیرکاری و هەندەسە، لە زۆربەی قوتابخانە و زانستگەکانی جیهاندا دەخوێندرێن. دەکرێ بڵێیک کتێبەکەی ئەو (توخمەکان) بووەتە بناغە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە بواری زانستی ماتماتیک و ئەندازیاری بخوێنن، ئەمە وێڕای ڕاستبینکردنی چەند هەڵەیەک، کە زانستی نوێ دەری خستوون.
ئەقلیدس لە نووسیندا سەرەتا چەند هەقیقەتێک دەخاتە ڕوو، دواتر چەند بیردۆزێک دادەنێت، هەڵبەت ئەمەیش بە پاڵپشتیی ئەو هەقیقەتانەی کە بە ڕاست دانراون. ئەم شێوازەی توێژکاری تاکوو ئەمڕۆیش بەڕاست دادەنرێت و پیرۆزبایی لێدەکرێت.