ناوهڕۆك
ژیان و ناساندن
هەزار ساڵێك لەمەوبەر جیهانی ئیسلامی تووشی ناڕەحەتییەكی زۆر ببوو، چونكە خاكی موسوڵمانان بەش بەش ببوو، هەر ناوچەیەك و بەدەست كۆمەڵێكەوە بوو، چەندین بیروباوەڕی جۆراوجۆر تەشەنەیان سەندبوو، ئیتر بوونی زانایانی گەورەو خواناس بۆ رێنموونی خەڵك پێویست بوو.
لەو سەروبەندەدا خوای گەورە منداڵێكی بەدایك و باوكێك بەخشی كە دواتر ئەو منداڵە بووبە زانایەكی گەورەو خزمەتێكی كەم وێنەی پێشكەش بەموسوڵمانان كرد، ئەویش ئیمامی (جوەینی) بوو.
(جوەینی) لەبنەڕەتدا ناوی (عەبدولمەلیكی كوڕی عەبدوڵایە)و خەڵكی جوەینە، ئەم ناوچەش دەكەوێتە باكووری ئێرانەوە، ناوچەیەكی كشتوكاڵی گرنگ بوو و شوێنی هەڵكەوتنی دەیان زانای گەورە بوو، بەڵام باپیرەی عەبدولمەلیك لەپێناو زانستدا جوەینی جێهێشتو چوو بۆ شاری نەیسابوور، بۆیە دواتر لەساڵی 419 ی كۆچیدا عەبدولمەلیك لەوێ لەدایك بوو و هەر لەوێ گەورە بوو و زانستی وەرگرت و تا ئەو كاتەی وەفاتی كرد هەر لەوێ مایەوە مەگەر بۆ ماوەیەكی كەم جێی بهێشتایەو خێرا دەگەڕایەوە بۆ ئەوێ
جوەینی لەبنەماڵەیەكی زانست خوازو زیرەك لەدایك بوو، بنەماڵەكەیان بەوە ناسرابوون ك ژیانیان لەگەڵ زانستدا بەسەر دەبەن، ئەوەش بەخششێكی خوایی بوو بۆ جوەینی تا هەر بەمنداڵی لەنێو ئەو بنەماڵەیەدا شەیدای زانست ببێت و زانیارییان لێوەربگرێت، عەبدوڵای باوكی یەكێك بوو لەزاناكان كە بۆ دەستخستنی زانست چەندین شارو وڵاتی كردو، بوو بەزانایەكی ناسراوو بەناوبانگ و سەدان خوێندكاری پێگەیاند، عەبدوڵا سەرەتا بژێوی ژیانی بەدووبارە نووسینەوەی كتێب دابین دەكرد.
جوەینی لەتەمەنی نۆزدە ساڵیدا بوو كە باوكی نەخۆش كەوت، ماوەی حەڤدە رۆژ نەخۆش بوو، بەڵام هەر چاك نەبوویەوەو بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە وەفاتی كرد، ئەوەش خەمێكی گەورە بوو بۆ جوەینی.
فێربوون و پێگەشتنی
نەیسابوور شارێك بوو پڕ بوو لەزانای هەڵكەوتە، ئەوەش دەرفەتێكی چاك بوو بۆ جوەینی تا چاك خۆی پەروەردە بكات و زانستێكی زۆر وەربگرێت، سەرەتا دەستی كرد بە فێربوونو لەبەركردنی قورئانی پیرۆز، دوای ئەوە گرنگیدا بەفەرموودەكانی پێغەمبەری خوا (د.خ) و فەرموودەكانی لەبەر دەكرد تا بوو بەزانایەكی گەورەی ئەو بوارە، پاشان لەبوارەكانی تریشدا زانستێكی زۆری وەرگرت، پاش ئەوەی لە نەیسابوور گەورە بوو و زانستی چاكی وەرگرت، دەستی كرد ب وانە وتنەوەو وتاردان.
بەڵام پاش ماوەیەك ئاشووبێك لەشاری نەیسابووردا روویدا، كە جوەینی ناچار كرد شارەكە جێبهێڵێت و رووبكاتە ناوچەكانی تری جیهانی ئیسلامی، بۆیە رووەو بەغدادی پایتەختی موسوڵمانان بەڕێكەوت و دواتر لەوێوە چوو بۆ خاكی حیجاز.
كاتێك ئیمامی جوەینی بۆ حەج چوو بۆ مەككە، دوای حەج كردنەكە چوو بۆ مەدینەو ئینجا بیری مەككەی كردو گەڕایەوە بۆ ئەوێ و بەڵێنیدا ماوەیەك لەوێ بمێنێتەوە، ماوەی چوار ساڵ لەو دەوروبەرە مایەوەو وانەی دەوتەوەو و پێش نوێژی بۆ خەڵك دەكرد، هێندە لەهەردوو مزگەوتی مەككەو مەدینە پێش نوێژی كرد تا پێی وترا (ئیمامولحەرەمین) واتە پێشەوای مزگەوتی مەككەو مەدینە.
دوای ئەوە ئیمامی جوەینی گەڕایەوە بۆ شاری نەیسابوور و لەوێ خۆی سەرقاڵ كرد بەوانە وتنەوەو نووسینی كتێب، بەجۆرێك دەیان كتێبی ناوازەی نووسی كە بوونە سەرچاوەیەكی گرنگی موسوڵمانان بۆ وەرگرتنی زانست، هەروەها كۆمەڵێكی زۆر خوێندكاری پێگەیاند كە زیاتر لە سێسەد خوێندكار دەبوون، هەندێك لەوانە بوون بەزانای دیاری ناو موسوڵمانان وەك ئیمامی غەزالی كە لەم كتێبەدا باسی ژیانەكەیمان كردووە.
کۆچی دوایی
پاش ژیانێكی پڕ لەزانستو ماندووبوون، دواجار ئیمامی جوەینی نەخۆش كەوت و تووشی تایەكی زۆر بوو، پاشان جەستەی تەواو لاواز بوو و هێزی لێبڕا، پاشان بردیان بۆ گوندێكی نزیك لەنەیسابوور كە ئاوو هەوایەكی پاكی هەبوو، بەو هیوایەی تەندروستی چاك بێت، كەچی زیاتر لاواز بوو و دواجار لە ساڵی 478 ی كۆچی و لە تەمەنی پەنجا و نۆ ساڵی و لە دوای نوێژی خەوتنان كۆچی دوایی كرد، هەر ئەو شەوە تەرمەكەی برایەوە بۆ نەیسابوور، هەواڵ بڵاوبووەوەو خەمو خەفەت هەمووانی گرتەوە.