ناوهڕۆك
٩ راستی لەبارەی مەترسیەكانی ژینگەی پیس
ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی ڕاپۆرتێكی نوێی بڵاوكردووەتەوە لەبارەی ئەو كارەساتە تەندروستییانەی بەھۆی ژینگەی پیسەوە توشی مرۆڤ دەبن.
ئەمانە ١٠ ڕاستین كە لە نێوەڕۆكی ئەو ڕاپۆرتە وەرگیراون:
١- نزیكی چواریەكی حاڵەتەكانی مردن لە ژینگەوە سەرچاوە دەگرن
ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی دەڵێ ساڵانە ١٢,٦ ملیۆن كەس بە ھۆی ژیان و كاركردن لە ژینگەی نا تەندروست دەمرن. ئەو ڕێكخراوە دەڵێ مەترسیەكانی سەرچاوە گرتوە لە ھەوا، ئاو، خاك، ماددە گەلی كیمیای، شەپۆلی سەرو وەنەوشەیی و گۆڕانی كەش وھەوا ھۆكارێكی سەرەكی تووشبوون بە ١٠٠ جۆر نەخۆشین.
٢- نەخۆشییە درێژخایەنەكان لێكەوتەی سەرەكی ژینگەی ناتەندروستن
نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەكان ٦٥٪ی ھۆكارەكانی مردن بە ھۆكاری ژینگەیی پێكدێن. واتە لەو ١٢,٦ ملیۆن كەسەی ئاماژەمان پێكردن ٨,٢ ملیۆنان بە ھۆی ئەو نەخۆشییانەوە دەمرن. لە نموونەی ئەو نەخۆشیانە: جەڵتەی مێشك، نەخۆشیەكانی دڵ، زەبر بەركەوتنی بێ مەبەست، شێرپەنجە و ھەوكردنە درێژخایەنەكانی كۆئەندامی ھەناسە.
٣- مردن بە نەخۆشییە گوازراوەكان كەمیكردووە
لە دەیەی ڕابردووەوە مردن بە نەخۆشییە گوازراوەكانی وەك سكچوون و مەلاریا كەمیان كردووە كە زۆرتر بەھۆی ئاوی پیس و ئاوەڕۆی نەگونجاو ڕوودەدەن.
ئەوەش بەھۆی دەستڕاگەیشتنی خەڵكێكی زیاتر بە سیستەمە مۆدێرنەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، كوتان دژی چەندین نەخۆشی، زۆرترین بەكارھێنانی دەرمانەكانی قەڵاچۆكردنی مێش و مەگەز و دەرمانە بنچینەییە پزیشكییەكان.
٤- ژینگە گەورەترین زەبری لە منداڵان داوە
لەو منداڵانەی لە خوار تەمەنی ٥ ساڵانەوە مردوون ١,٧ ملیۆنان تیایاندا ھۆكارێكی ژینگەیی تاوانبارە. زۆرترین ھۆكارەكانی مردنی ئەو منداڵانە نەخۆشیە گوازراوەكانی وەك ھەوكردنی كۆئەندامی ھەناسە و پەتای سكچون بووە.
٥- كەسانی بە تەمەن دووەم گەورە قوربانیی ژینگەی نا ھەموارن
ساڵانە ٤,٩ ملیۆن كەسی تەمەن ٥٠-٧٥ ساڵان بە ھۆكاری پەیوەست بە ژینگە دەمرن. بە پێچەوانەی منداڵانەوە، ئەمانە زۆرتر بە نەخۆشیە نەگوازراوەكان دەمرن.
٦- وڵاتانی ھەژار و مامناوەند پشكی شێریان بەردەكەوێ لە مەترسییەكانی ژینگە
ساڵی ٢٠١٢ لە وەڵاتانی ھەژار و مامباوەند ٧,٣ ملیۆن كەس بە ھۆكاری پەیوەست بە ژینگە مردوون، كە زۆربەی بەھۆی ھەوای ناخاوێنی نێوماڵ و دەرەوەی ماڵ بووە.
٧- ھۆكارە ژینگەییەكان لە نێو خەڵكیدا یەكسان نین
جیاكەرەوەی كەسەكان ڕۆڵی ھەیە لەوەی تا چەند دەكەونە بەر مەترسییەكانی ژینگە لەوانە: داھاتی تاكەكەس، پلەی كۆمەڵایەتی، پیشە و ئاستی خوێندەواری. ھەروەك تەمەن و ئیتنك و جێندەریش ڕۆڵی خۆیان ھەیە.
٨- دەتوانرێ ڕێگەیان لێبگیرێ
ھەنگاو گەلێك ھەن كە دەتوانین مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگە لەسەر مرۆڤ كەمبكەنەوە، بۆ نمونە بۆ كەمكردنەوەی پیسبوونی ھەوا دەكرێ لە ڕێگەی باشكردنی سیستەمەكانی ھاتوچۆ و كەمكردنەوەی قەرەباڵخیی ترافیكەكان ئەو مەترسییە كەمبكرێتەوە.
٩- حكومەتە خۆجێیەكان دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن
شارروانی شار و شارۆچكەكان و بەرپرسانیان وەك ڕێبەری سروشیتی ناوچەكانیان دەناسرێن و ڕۆڵیان ھەیە كە پەرەپێدانی پرۆژە گەلی ئابووری، ڕێگەوبان، گەشتیاری و پیشەسازی. ئەگەر ئەمانە ھۆشیاری تەندروستییان ھەبێ دەتوانن پلانەكانیان تەندروستانە دابڕێژن.