ناوهڕۆك
حزبی تەعالی و تەرقی کورد
لە سەرەمەرگی خەلافەتی عوسمانی، لە پێش بزوتنەوەی مەشروتیەت (دەستوری) ١٨٧٦، بیرۆکەی (جوان تورک- تورکیای لاو) پەیدابوو، یەکەم جار لە ١٨٦٧ لە ڕۆژنامەیەکی بەلجیکی ئەو ناوەی بڵاوکرایەوە، لاسایی ئەڵمانیای لاو، فەڕەنسای لاو، ئیتاڵیای لاو، بریتانیای لاو... بوو، لە ١٨٨٩ (ئیتیحاد التعالی و الترقي تورک) وەک باڵی عەسکەری جوان تورک لە دژی خەلافەت لە لایەن (د.عبداللە جودت، د.ئیسحاق سکوتلی، ابراهیم تمو، حمەرشید جرکسی) بە ڕێبازێکی عەلمانی و دوای بە سەرۆکایەتی (احمد ڕەزا بک) دروست بوو، زۆربەی سەرچاوە ئیسلامییەکان ئەو حزبە بە دروستکراوی زایۆنی و ماسۆنی لە قەڵەم دەدەن، بەڵام بە دڵنایییەوە ئەو حزبە لە ڕۆژئاوا دروستکرا و ئەوانیش هانیان داو پێیان گەیاند. ئەوکاتی (شریف پاشآ)ـی کورد سەفیری عوسمانلی بوو لە فەڕەنسا، بە خێرایی پێوەندی بەو حزبە کرد، وەک خۆی دەڵێت: کەسمان هەستمان بە جیاوازی نەتەوەیی نەدەکرد، لەو سەردەمی کە بینیمان بنەماکانی ئەو حزبە باسی سەروەری مێژوو و نەجیبایەتی تورک دەکات بە جیا لە عوسمانلی، ئێمەش لەگەڵ (ذو الکفل، ئەمین عالی بەدرخان شێخ عبدالقادر ئەمین،...) حزبێکی هاوشێوەیان لە ٢/تشرین یەکەم./ ١٩٠٨ دروست کرد بە ناوی (تعالی و ترقی کورد جمعیتلەر)، خەڵکێکی مافناس و ئاینی و ئەفسەری تیا بوو، بەڵام نەبووە حزبێکی موئەسەساتی و جەماوەری و خاوەن نەخشە و بەرنامە، بە تایبەتی (شریف پاشآ) نوێنەرێکی وریای کورد بوو لە ڕێکەوتنەکانی ئاشتی لە پاریس، بەڵام ماندووناس و پێواوی ڕابواردن بوو، هەروەهاش دوو ڕای جیای تێدابوو، یەکەمیان داوای سەربەخۆیی تەواوی بۆ کوردستان دەکرد و دووەمیان کۆنفیدرالیەک بە ناوی جامیعەی ئیسلامی، بۆیە وئەو حزبە نەیتوانی بە دروستی سەرکردایەتی شۆڕشی ١٩٢٥ـی کوردستانی تورکیا بکات، کە خەریکیش بوو سەربکەوێت و ئینجا هەر تێکشکا، لە ساڵی ١٩٢٧ شۆڕشەکە دامرکایەوە و (حزبی تعالی کورد)ـیش کزبووەوە، هەر لە سەرەتاشەوە باڵی عەلمانی کورد و ئیسلامیەکەی لە بارەی (ئەنقەرە و ئەستەمبوڵ) ڕێک نەبوون، تا لە ساڵی ١٩٢٧ لە کۆنگرەیەکی فراوان لەگەڵ کۆمەڵێک گروپ و کەسایەتی تر (حزبی خۆییبونی- سەربەخۆبوون)ـیان لێ دروست کرد بۆ ڕابەرایەتی حکومەتی ئەرارات بە سەرکردایەتی (احسان پاشا)، سەرنج بدە هەتا ئەوکاتیش (کوردایەتی) نەبووە ویستێکی گشتی، هێشتا شۆڕشەکان ناوی کوردستانیان پیوە نەبوو ناوی ناوچەکانی پێوەبوو. بەرەبەرە حزب و بیری سیاسی نەتەوەیی و مەدرەسی- عەولەمی گەشەی کرد هەتا جەنگی جیهانی دووەم و دامەزراندنی کۆماری مهاباد یەکەم حزبی نەتەوەیی کوردستانی بە زەقی دروست بوو.
بەو شێوەیە گەیشتینە سەربردەی یەکەم حزبی کوردستانی و ڕەهەندەکانی، ئێستاش دەچینە پاڵ حزبە کوردستانیەکانی ئەو سەردەمە، کە لە سەرەتاکانی عەولەمە و کاریگەریەکانی دەست پێ دەکا.