بۆچی تووشی دڵەکزێ دەبین؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-04-17:11:00 - کۆدی بابەت: 1960
بۆچی تووشی دڵەکزێ دەبین؟

ناوه‌ڕۆك

بۆچی تووشی دڵەکزێ دەبین؟

دڵەکزێ بەهۆی گەڕانەوەی ترشی گەدە بۆ سورێنچک ڕوودەدات، بینیوتانە کە دەڕشێنەوە چ تامێکی تیژ و ناخۆش لە نێو دەمتان دروست دەبێ؟ ئەوە بەهۆی گەیشتنی ترشیی گەدەیە بە نێو دەم. ئەوا ماددەیە ئەوەندە بەهێزە، تەنیا گەدە بەرگەی دەگرێ، کاتێک سەری گەدە، کە لە حاڵەتی ئاساییدا بە تەواوی داخراوە و تەنیا بە هێزی پارووە خواردن و قومە ئاو دەکرێنەوە، بە هەر هۆیەک بێ شل دەبێتەوە، ئەو ترشییەی نێو گەدە دەربازی بۆڕیی خواردن (سورێنچک) دەبێت. نیشانەی ئەو حاڵەتە ئەوەیە کە کەسەکە هەست بە پری و سووتانەوە دەکات لەسەر گەدە. هەندێ جاریش بە شێوەی جیا دەردەکەوێت، وەک زیاد بوونی لیک، زۆربەمان تووشی حاڵەتی وا بووینە کە لە خەو هەڵساوین بینیومانە سەر سەرینەکەمان لیکاوی کردووە، بێ ئەوەی بزانین ئەمە بەهۆی گەڕانەوەی ترشیی گەدەیە بۆ نێو سوورێنچک.
جا کاتێک ئەم هەڵگەڕانەوەی ترشییە زۆر درێژە دەکێشێ، ڕووپۆشی نێوەوەی سوورێنچک دەگۆڕێ بۆ جۆرێکی تر لە شآنە کە بەرگەی ئەو ترشییە بگرێ. ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی ئازار، بەڵام دەبێتە هۆی زیاد بوونی ئەگەر تووش بوون بە شێرپەنجەی سوورێنچک ٥٠ - ١٠٠ ئەوەندەی جاران!
جا لەبەر ئەوەی ئەم حاڵەتە ئەوەندە باوە کە ٢٠٪ی خەڵکی گیرۆدەن و ئەوەندەش مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکات، دەبێت خەمی لێ بخورێت. ئەمەش بە گۆڕینی شێوازی ژیان و خواردنی دەبێ نەک داو و دەرمان و کە زۆرتر نیشانەکانی ناهێڵن، نەک ئەوەی ڕێگریی لێبکەن یان بە یەکجاری چارەی بکەن.

گرنگترین ئەو گۆڕانانەی پێویستە لەسەر شێوازی ژیاندا بکرێن

کێش دابەزاندن

قەڵەوی دەبێتە هۆی زیاد کردنی فشاری نێو سک و گوشینی گەدە، گەدەش ناچار بە دوای هەر دەرچەیەکدا دەگەڕێ تا ئەوەی تێیدایە هەڵیداتە دەرێ. بۆەی دەبێ ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە، کەمی بکەنەوە.

خواردنی چەور و سوور کراوە

هەرس كردنیان کاتی دەوێ و زیاتر دەمێنێتەوە لە گەدەدا، بۆیە دەبێ کەم بکرێتەوە.

کاربۆهیدرات

وەک نان و شەکر و .. هتد، دەبێ کەم بخورێن.

ئاو

تا دەکرێ زۆر بخورێتەوە، تا دەگاتە ڕۆژی ٣ لیتر، واتە ١٦ پەرداخ.

ژەمی گەورە

زۆر خواردن گەدە پڕ دەکات و وادەکات (لێی بڕژێ).

نەخەوتن و پاڵ نەکەوتن دوای نان خواردن

گەدە پێویستی بە نزیکەی ٤ کاژێر هەیە بۆ بەتاڵ بوونەوە لە خواردن، بۆەی ئەگەر بکرێ، لەو ماوەیەدا پاڵ نەدرێتەوە، یان هەر هیچ نەبێ ٢ - ٣ کاژێرێک چاوەڕێ بکرێ تا بەشێکی زۆری شۆڕ دەبێتەوە. ئینجا لە کاتی خەوتندا لای سەرەوەی لەش هەمووی بەرز بکرێتەوە نەک هەر سەر، چونکە ئەگەر هەر سەرینی بەرز دابنرێ، فشاری سەر گەدە زیاتر دەکرێ.

چا و زیاتریش قاوە

سەیر گەدە شل دەکەنەوە، بۆی دەبێ کەم بخورێنەوە یان هەر هیچ نەبێ دوو کاژێرێک دوای خوارد بخورێنەوە، تا گەدە کەمێک بەتاڵ بێتەوە، ئەمە یەکێکە لە نهێنییەکانی ئەوەی دەوترێ (باش نییە دوای نان خواردن یەکسەر چا بخورێتەوە) خواردنەوە گازییەکانیش هەمان کاریگەرییان لەسەر گەدە هەیە.

لەبەرنەکردنی پۆشاکی تەسک

چونکە ئەو پۆشاکانە سک دەگوشن و فشاری سەر گەدە زیاتر دەکەن،.

میوە مزرەکان

میوە مزرەکان، چوکولاتە، نەعنا، پیاز، مەعجوونی تەماتە و کەچەب، لەو خواردنانەن کە سەری گەدە شل دەکەنەوە، بۆەی دەبێ کەم بخورێن.

بنێشت

دەبێتە هۆی زیاد بوونی لیک و ئەمەش داشۆرینی ئەو ترشییە لە نێو سک و سورێنچک، بۆە جوینی دڵەکزێ کەم دەکاتەوە، بە مەرجێک ئەوانە نەبن کە نەعنایان تێدایە.

جگەرە

زۆر کارایە لە شل کردنەوەی سەری گەدە، بۆیە نابێ بکێشرێت.


سەرچاوەکان



1607 بینین