ناوهڕۆك
شێفیڵد
شێفیڵد (بە ئینگلیزی: Sheffield بە عەرەبی: شفلد)، شارێکە لە باشووری یۆرکشایەر، لە وڵاتی ئینگلتەرا. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019ـدا بە 584,853 کەس خەمڵێندرا، بەمەش دەبێتە سێیەم گەورەترین شاری ئینگلتەرا لە دوای شاری بێرمینگهام و لیدسەوە.
مێژووی شارەکە
ناوی شاری شێفیڵد لە ناوی ڕووباری (شیف)ـەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بە واتای کەنار دێت، لەبەرئەوەی ڕووبارێکی کەناری بوو. ئەم شارە لە سەرەتای سەدەی 12ـەوە دامەزراوە. لە سەرەتادا ژمارەی دانیشتووانی شێفیڵد چەند سەد کەسێک بوو و زۆربەی دانیشتووانەکەشی جووتیار بوون. لە ساڵی 1297ـدا هەفتەبازاڕ و پێشەنگای ساڵانە لە شێفیڵددا کرایەوە و خەڵکی لە سەرانسەری باشووری یۆرکشایەرەوە بەشداری پێشەنگاکەی شێفیڵدیان دەکرد.
لە ساڵی 1600ـدا شێفیڵد لە دوای لەندەنەوە شارۆچکەی سەرەکی ئامرازەکانی بڕین و چەقۆگەری ئینگلتەرا بوو. لە ساڵی 1617ـدا بەپێی ڕاپرسییەک ژمارەی دانیشتووانی شێفیڵد 2,207 کەس بوو، لە سەدەی حەڤدەدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە بۆ 5,000 کەس، سەرەڕای گرمەی بازرگانی چەقۆگەری هەمان ڕاپرسی ئەوەی دەرخست کە یەک لەسەر سێی دانیشتووان لە چینی هەژاریدان. لە سەدەی هەژدەشدا پیشەسازی شێفیڵد گەشەی خێرای ئابووری بەخۆیەوە بینی و شێفیڵد بە پیشەسازی ئاسن ناوبانگی دەکرد. لە سەدەی نۆزدەهەم و لە ساڵی 1801ـدا یەکەم سەرژمێری ئەنجامدراو و بەپێی سەرژمێرییەکە ژمارەی دانیشتووانی شێفیڵد 31,000 کەس بوو. لە ساڵی 1832 نەخۆشی کۆلێرا لە شێفیڵددا بڵاوبوویەوە و بەهۆیەوە 402 کەس مردن، پاشان لە ساڵی 1851ـدا ژمارەی دانیشتووان گەیشتە 135,000 کەس.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019ـدا 584,853 کەس بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە نزیکەی 17,000 کەس بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی 2011 زیادی کردووە. هەروەها لە سەدەی بیست و یەکدا شارەکە گەشەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی بەخۆیەوە بینی کە زیاتر لە ڕێژەی تێکڕایی نەتەوەیی بوو، لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووان گەشتە 600,000 کەس، ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی بەهۆی کۆچکردنی هاوڵاتیان لە ناوچەکانی ترەوە بۆ ناو شارەکە و ڕێژەی بەرزی لەدایکبوونەوە بوو.
وەکوو زۆربەی شارە بەریتانییەکان، لە شۆڕشی پیشەسازیدا دانیشتووانی شێفیڵد گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، چونکە شارەکە سەرنجی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ڕاکێشا کە لە پیشەسازییە ناوچەییەکاندا بە دوای ئیشدا دەگەڕان، لە ساڵی 1801ـدا ژمارەی دانیشتووانی شێفیڵد 45,755 کەس بوو، پاشان لە ساڵی 1891ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی لە هەمان ڕووبەردا بەرزبوویەوە بۆ 325,547 کەس. بەدرێژایی سەدەی بیست، بێجگە لە دابەزینی کارە پیشەگەرییەکانی ساڵانی 1970ـکانی، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە شێوەیەکی ڕێژەیی و بە جێگیری نزیکەی 515,000 کەس مایەوە، ئەمەش بەشێکی بەهۆی هەوڵی کاربەدەستانی شارەکەوە بوو کە بۆ کارە فارمانگەییەکان دابوویان.
نەژاد
بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی 2011 گرووپە نەژادییەکانی شارەکە بریتین لە، سپی پێست 83.69%، ئاسیایی 8.03%، ڕەش پێست 3.63%، ڕەگەزی تێکەڵ 2.40% و نەتەوەکانی تر 2.24%.
زمان
بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی 2011، زمانە سەرەکییەکانی هاوڵاتیانی ناو شارەکە بریتین لە:
- ئینگلیزی: 92.15%
- عەرەبی: 0.95%
- ئوردو: 0.79%
- پەنجەبی: 0.52%
- پۆڵەندی: 0.49%
- سۆماڵی: 0.39%
- بەنگاڵی: 0.28%
- سلۆڤاکی: 0.23%
- فارسی: 0.19%
- کوردی: 0.18%
- فەڕەنسی: 0.17%
- ئیسپانی: 0.15%
- پشتۆ: 0.15%
- ماندەرین (زمانی سەرەکی وڵاتی چین): 0.11%
- تورکی: 0.11%
- ڕووسی: 0.10%
- شۆنا: 0.10%
- کانتەنیزی چینی: 0.09%
- پرتووگالی: 0.09%
- یۆنانی: 0.09%
- زمانەکانی تر: 2.65%
ئایین
مەسیحی ئایینی سەرەکی شارەکەیە، 52.52%ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، هەروەها هەریەک لە ئایینەکانی تری وەکوو بودیزم0.41%، هیندو 0.65%، جوولەکە 0.14%، مسووڵمان 7.74%، سیخی 0.17% و ئایینەکانی دیکە 0.35% لەلایەن دانیشتووانی شارەکەوە پەیڕەو دەکرێن، لە کاتێکدا 31.21%ـی دانیشووان سەر بە هیچ ئایینێک نین و 6.80%ـی دانیشتووان ئایینی خۆیانیان دەرنەخستووە.
کەشوهەوا
شاری شێفیڵد کەشوهەوایەکی ئۆقیانوسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و لە مانگەکانی وەرزی هاوینیشدا کەشی شارەکە مامناوەندە و باران بە شێوەیەکی ڕێژەیی دەبارێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی نزیکی ناوچەکە لە گردەکانەوە کە بەرزییەکەیان دەگاتە 600 مەتر، کەشوهەوای شارەکە شێدار و هەوراوییە.
زستانی شارەکە زۆر سارد نییە، بەڵام زۆرجار ئاسمان هەوراوییە و ڕێژەی شێ و دابارین بەرزە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما دادەبەزن بۆ نزیکەی -7 بۆ 6- پلەی سەدی، بەڵام دەشێت هەندێک کات بۆ نزمتر لەو پلەیەش دابەزێت. نزمترین پلەی گەرمی شارەکە لە کانوونی دووەمی ساڵی 1940ـدا تۆمارکرا کە پلەی گەرمی 11.7- پلەی سەدی بوو.
لە وەرزی هاوینیشدا، بە شێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما مامناوەند یان فێنکن. هەروەها دەشێت بارانیش ببارێت، بەڵام بەزۆری کەمتر لە وەرزی زستان. سەرەڕای ئەوەش، ڕێ لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هاتنی شەپۆلەکانی گەرما ناگیرێت، بەڵام زۆربەی کات کورتخایەنن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی تەممووزی 2019ـدا تۆمارکرا و 35.6 پلەی سەدی بوو.
باشترین کات بۆ سەردانکردنی شێفیڵد وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتی ناوەڕاستی ئایار بۆ ناوەڕاستی ئەیلوولە. کە بەزۆری پلەکانی گەرما بۆ چالاکییە دەرەکییەکان خۆشن، هەرچەندە باشتر واییە بۆ کەشی ساردی ئێواران یان ڕۆژە ساردەکان چەترێک و بلوزێک لەگەڵ خۆماندا ببەین.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 830 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بە گوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی ئایارە 55 مللیمەتر باران دەبارێت و لە باراناوییترین مانگەکانی ساڵیشدا کە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمە 85 مللیمەتر دەبارێت.
هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە
- باخچەی گوڵ و ڕووەکەکانی شێفیڵد
- پارکی گراڤیس
- مۆزەخانەی دوورگەی کێلهم
- کڵێسای شێفیڵد
- مۆزەخانەی وێستۆن پارک
- مۆزەخانەی نیشتمانی خزمەتگوزاری فریاکەوتن
- پێشەنگای نیگارکێشی گراڤیس
- تەلاری ئەنجوومەنی شارەوانی شێفیڵد