ناوهڕۆك
ترساندنی منداڵ
ترس و تۆقاندن، خۆی لە خۆیدا پەتایەکی بڤە و مەترسیدارە، بە تایبەتی بۆ منداڵ، چونکە بەهرە و توانای مرۆڤ لەناودەبات و وا دەکات کە نەتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێ و لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ.
بۆیە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە ترساندن و تۆقاندنی منداڵ، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
- دەکوتکردن و بێدەنگکردنی منداڵ.
- سنووردانان بۆ خواست و داواکارییەکانی منداڵ.
- لاوازی ئاستی زانستی و پەروەردەیی دایک و باوک.
- پەنگخواردنەوەی بوغز و قین لە ناخیاندا و خاڵیکردنی ئەو بوغز و قینە.
- لە پێناو خۆدەرخستن و نیشاندانی باسک و ماسوولکەکانیان.
- کولتور و داب و نەریتی کۆمەڵگە.
- چاولێکەری و لاساییکردنەوەی کەسانی دیکە.
- هەبوونی فشاری دەرەکی لەسەر دایک و باوک.
بێگومان پەنابردن بۆ چەکی ترس، کارێکی زۆر بڤە و مەترسیدارە، چونکە ئەم زیانانەی بۆ منداڵ بە تایبەتی و، کۆمەڵگەش بە گشتی دەبێ:
- منداڵ بڕوا و متمانە بەخۆی نامێنێ و ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ و لەسەر قاچەکانی بوەستێ.
- لە ژیانی خۆیدا کەسێکی ترسنۆک دەبێت.
- ناتوانێ بەرگری لە مافە ڕەواکانی خۆی بکات.
- کەسایەتییەکی لاوازی دەبێ و ناتوانێ بەرگەی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان بگرێ.
- خەڵک ناتوانێ پشتی پێ ببەستێت.
- لە کارەکانیدا ڕاڕا و ذڕدۆنگ دەبێ.
- لە ژیانی خۆیدا سەرکەوتوو نابێ و دووچاری نسکۆ دەبێت.
- توانای بڕیاردانی نابێ، بە تایبەتی لە بابەتە چارەنووسسازەکاندا.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی منداڵ لە دوای دێوەزمەی ترس ڕزگاری بێت و لە ژیانی خۆیدا کەسێکی دڵێر و بوێر و چاونەترس بێت، دەبێت دایک و باوکی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- نابێ منداڵەکانیان بترسێنن، بە تایبەتی لە تەمەنی زوودا، چونکە ترساندنی منداڵ بە جنۆکە یان دێو، یاخود شتە ترسێنەرەکان، وا دەکات، کەوا منداڵ ببێتە کەسیکی ورەبەزیو و تۆقیو و ترسنۆک و پشت بەخۆ نەبەستوو.
- دەبێ دایک و باوک ترسەکانی منداڵ بڕەوێننەوە و لەترس و دڵەڕاوکێ ڕزگاری بکەن.
- نابێ منداڵ ببەن بۆ شوێنێک، کە بۆ منداڵ سەرچاوەی ترش بێت، تاکو بۆی ڕووننەکرێتەوە و ترسەکانی نەڕەوێتەوە.
- نابێ بەنازپەروەردەکردنی منداڵ بگاتە ئاستێک، کە منداڵ بەبێ دایک و باوکی نەتوانێ لە ماڵەوە دەربچێت یان لە ماڵەوە بمێنێتەوە.
- نابێ بۆ ژیرکردنەوەی منداڵ، پەنا بۆ ئامێر و ئامراز و ئاژەڵە ترسناکەکان ببەن، یاخود باسی ئەو شتانە بکرێت کە سەرچاوەی ترس تۆقاندنن بۆ منداڵ، تاکو ترس لە ناخ و دەروونیدا چەکەرە نەکات.
سەرچاوەکان
997 بینین