ناوهڕۆك
رۆشنبیر کێ یە؟
وشەی ڕۆشنبیر لە زمانەوانی عەرەبیدا چەند مانایەکی هەیە
١- دەرک پێکردنی شت و وەرگرتنی.
٢- گەشەپێدانی هزر و لێهاتووییەکان.
رۆشنبیر بەمانا گشتییەکەی واتە ( بریتییە لە کۆی ئەو زانست و مەعریفە و هونەرانەی کە پێویست دەکات باش دەرکبکرێن). (تثقیف) واتە (ڕێکسازی و ڕاستکردنەوەی شتەکان و ڕێنوێنی خەڵکانی تر بە هۆی ئەو ڕۆشنبیرەوە). لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤی ڕۆشنبیر بریتیە لە مرۆڤێکی بیر تیژ و وریا و بە ئەزمون و خاوەن هزر و هۆش و چالاک، کە زوو هەست بە شتەکان دەکات و دەیان خوێنێتەوە.
ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگەیەکیش بریتیە لە کۆی سەرجەم تاکە ڕۆشنبیرەکانی ئەو میللەتە، لە ڕووی ئاینی و کەلتوری و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. رۆشنبیریش نەک تەنها مامۆستا بەڵکو بۆ هەموو تاکێکی کۆمەڵگا گرنگە چونکە:
١- مرۆڤی رۆشنبیر خۆی دەناسێ و دەزانێ لە چ ئاستێکدایە، ئەرک و مافەکانی خۆی دەزانێت و لە ژیان نائومێد نابێت و دڵخۆشی دەدات بە دەورو بەرەکەی خۆی.
٢- مرۆڤی رۆشنبیر پێش کەسانی تر دەرک بە شتەکان دەکات و دۆست و دوژمنی خۆی دەناسێ، زوو هەلناخەڵەتێ.
٣- رێز لە کلتوری نەتەوەکەی خۆی دەگرێت.
٤- مرۆڤی رۆشنبیر کەسێکی ئازادی خوازە و ڕوو بو ڕووی خراپە و چەوساندنەوە دەبێتەوە و بەرگری لە مافەکانی بێ دەسەڵاتان دەکات و دەنگیان دەگەیەنێتە ناوەندەکانی بڕیار.
لێرەشدا بە پێچەوانەوە نوبوونی ڕۆشنبیری کەسایەتی لاواز دروست دەکات و چەند زیانێکی بۆ کۆمەڵگا هەیە.
١- کەمی زانیاری و زانست دەربارەی ڕووداوەکانی رۆژانە.
٢- دەبێتە هۆی خەم بچوکی و خۆبەگەورە زانین و بێ سودی و تێنەگەیشتن لە بەرامبەر.
٣- زوو هەڵخەڵەتان لە بەردەم فێڵی دوژمن و سەرسام بوون بە شارستانیەتی مییلەتانی تر و هێنانی بۆ ناو میللەتەکەیی و بێ ڕێز سەیرکردنی شارستانیەتی میللەتی خۆی.
رۆشنبیری وەک سەرجەم پێویستیەکانی تری ژیان پێویستە لە کەسایەتی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا هەبێت، بە تایبەتی بۆ کەسایەتی مامۆستا پێویستیەکی حاشا هەڵنەگرە، بە تایبەتی شاڵاوی جیهانی ئەمڕۆ و قورسی ئەرکی سەرشانی، ئەم لایەنەیان زیاتر پێویست کردووە.