ناوهڕۆك
بە عەرەبکردن و ڕاگواستن
دوای ساڵی (١٩٢٥) کە ویلایەتی موسڵ بە نەخشەی سیاسی عێراقەوە لکێنرا، کورد لە زۆرینەی نەتەوەیی دەبێتە کەمینە بە گوێرەی دەوڵەتی عێراقییەوە. لەو ڕۆژەوە کورد وەک کەمینەیەک بەردەوام لە ژێر رەحمی شۆڤینی و نەتەوە پەرستی رژێم و دەسەڵاتە جیاوازەکان دابووە، بە پێی دروشمی : (گەلی عێراق بەشێکە لە نەتەوەی عەرەب و عێراقیش بەشێکە لە نیشتمانی عەرەبی). کورد بەشێک بووە لە گەلی عێراق دوای ساڵی ١٩٢٥، هەرگیز بەشێک نەبووە لە نەتەوەی عەرەب. هەرێمی کوردستان کە ئێستا بەشێکە لە خاکی عێراق، هەرگیز بەشێك نەبووە لە نیشتمانی عەرەبی. بە لکاندنی باشووری کوردستان (ویلایەتی موسڵ) بە عێراقەوە هەرمێکی جوگرافی جیاواز دەبێتە بەشێک لە جەستەی سیاسی دەوڵەتی نەتەوەیی (قومی) عێراق. بەردەوام ڕژێمە نەتەوە پەرستە عێراقییەکان سەبارەت بە یەکێتی خاکی عێراق و ئاسایشی. نەتەوەی ئابووری، کوردیان کردۆتە مەترسی بۆ پارچە پارچە کردن، بۆیە ڕژێمە عێراقییەکان بە پاشایەتی و کۆنەپارێزییانەوە تا کۆماری و چەپ و پێشکەوتنخوازیان، لە هەوڵی داڕشتنەوەی شێوەی نەتەوەی و دیمۆگرافی و جوگرافیەکانی هەرێمی کوردستان بووینە، بە داڕشتنەوەیەکی عەرەبیانەی نەخشە بۆ دارێژڕاو، بۆ نەهێشتنی جیاوازییە ڕیشەییەکانی نێوان کوردستان و بەشەکانی تری عێراق لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
١- کوردستان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە سامانی نەوت و کانزا.
٢- هەرێمێکی گرنگە بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی.
٣- خاکەکەی بە پیتە و سەرچاوەی ئاوی زۆری هەیە.
٤- شوێنی ستراتیجی دەکەوێتە نێوان سنووری سێکوچکەی هەرسێ دەوڵەتی تورکیا و ئێران و سوریا.
سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگواستن بە بەرنامەڕێژی بوو، کە دەتوانین مێژووی ئەم وڵاتە بە مێژووێکی ترسناک لە گۆڕینی هاوکێشەکان بە قازانجی زۆرینەی عەرەبی لە قەڵەم بدەین. بە گواستنەوەی دانیشتوانی کورد و نیشتەجێکردنی عەرەب لە جێگەیان، لەم سێ دەڤەرەدا:
(جەزیرە، کەرکوک، ڕۆژهەڵاتی بەغدا (هەرێمی کوردە فەیلیەکان).
ئەم پرۆسەیە هاودەم بوو لەگەڵ کردە سەربازییەکان، لە هێز و سوپاکانی حکومەتی عێراق لە ناوچە کوردنشینەکان ئەنجامیان دەدا، بە وێرانکردن و ڕوخاندن و ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندە کوردیەکان و کۆکردنەوەیان لە کۆمەڵگا زۆرەملێکاندا.
سەبارەت بە سیاسەتی یەکخستن و یەککردن لە ئەزمونی دەوڵەتی عێراقدا، بە تایبەتی لە تێڕوانینی ڕژێمی بەعسەوە دوای ساڵی (١٩٦٨)، ئامانجی دوورکەوتنەوە بووە لە بیرۆکەی (عێراقی بوون) و نزیک بوونەوە بووە لە بیرۆکەی (بەعەرەب بوون - العروبە).