ناوهڕۆك
ناساندن
شاری مەککە یان مەککەی پیرۆز (بە عەرەبی: مکة المكرمة، أم القرى، بە ئینگلیزی: Mecca) پیرۆزترین ناوچەی ئیسلامییە چونکە کەعبەی پیرۆز و ماڵی خوای لەخۆگرتووە و پێغەمبەر ﷺ لەو شارە لەدایکبووە، مەککە ناوەندێکی ئایینییە کە موسڵمانانی جیهان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی حەج و ئەنجامدانی عومرە سەردانی دەکەن.
شوێنی جوگرافی
شاری مەککە دەکەوێتە ڕۆژئاوای سعودییە و بە دووریی 400 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاواوە لە شاری مەدینەوە دوورە، هاوکات 72 کیلۆمەتر لە شاری جەددەی سعوودییەوە دوورە، هەروەها بە دووریی 80 کیلۆمەتر لە دەریای سوورەوە دوورە.
ناوچەیەکی شاخاوی وشک و گەرمە، چواردەوری بە شاخ و کێو دەوردراوە، خاڵییە لە سەوزی و دارستان و بێستان، شاخەکانی لە بەردی گرانێتی و بەردی گۆڕاو پێکهاتووە.
ڕووبەری گشتی شارەکە 850 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دانیشتووانەکەی تەنها لە 88 کیلۆمەتری چوارگۆشەی شارەکە نیشتەجێن.
بەرزیی شارەکە لەڕووی ئاستی دەریاوە 227 مەترە.
شاخە گرنگەکانی مەککە
- شاخی نور: (بە عەرەبی: جبل النور) لە دیارترین و گرنگترین شاخەکانی مەککەیە، بەرزییەکەی 642 مەترە و ڕووبەرەکەی نزیکەی 5250 کیلۆمەتر دووجایە، ئەم شاخە "ئەشکەوتی حیرائی" لەخۆگرتووە کە لەو ئەشکەوتە یەکەمین سروش و پەیام لەلایەن جوبریلەوە بۆ پێغەمبەر ﷺ دابەزی.
- شاخی عەرەفە: (بە عەرەبی: جبل عرفة) بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی مەککەوە دوورە، گرنگترین کێوی مەککەیە چونکە لە پرۆسەی حەجکردندا وەستان لەسەر ئەو کێوە ئەرک و ڕوکنێکی سەپێنراوی سەرەکییە، کە لە ڕۆژی نۆی زولحیجە ناسراو بە ڕۆژی عەرەفە حاجییان سەردانی ئەو کێوە دەکەن.
- شاخی سەور: (بە عەرەبی: جبل ثور) ئەو شاخەی دەکەوێتە ناوەندی مەککەوە و بەرزییەکەی 750 مەترە، لەناو ئەم شاخە "ئەشکەوتی سەور" هەیە کە پێغەمبەر ﷺ و ئەبوبەکری سدیقی هاوڕێی لە کاتی کۆچکردن بۆ مەدینە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەو ئەشکەوتە مانەوە.
- شاخی تارقی: بەرزترین لوتکەی شاخی مەککەیە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی مەککەوە، بەرزییەکەی 900 مەترە.
کەشوهەوای شارەکە
کەشوهەوای مەککە هاوشێوەی زۆرێک لە ناوچەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی بیابانی گەرمە و بارانی زۆر کەمە، هاوینان پلەی گەرمی زۆر بەرزە و کەشێکی وشک و گەرمایەکی پڕووکێنەری هەیە، زستانی بارانی کەمە بەڵام بەهۆی ناوچەی جوگرافییەوە بە کەمترین ڕێژەی باران لافاوی زۆر لە ناوچەکە دروست دەبێت و زیانی زۆر بە دانیشتووانەکەی دەگەیەنێت، ڕادەی شێ بە درێژایی ساڵ مامناوەندە و لە نێوان ڕێژەی 32% بۆ 57%ـدایە.
مێژووی مەککەی پیرۆز
سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم
مێژووی دروستبوونی مەککە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم، تاکوو پێش سەردەمی پێغەمبەر ئیبراهیم مەککە ناوچەیەکی وشکی دوورەدەست بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی دیاریکراو و کەم بووە، بەڵام کاتێک خوای گەورە فەرمانی بە بنیاتنانی کەعبە کرد و کەعبەی پیرۆز لەلایەن پێغەمبەر ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی بنیاتنرا، پاشان دوای هەڵقوڵانی ئاوی زەمزەم ناوچەکە بووژایەوە و بووە ناوەندێک بۆ یەکتاپەرستی و پەیڕەوکردنی ئایینی ئیبراهیمی.
سەردەمی قوڕەیش و هۆزە عەرەبییەکان
دوای ئاوەدانبوونەوەی شارەکە زۆرێک لە هۆزە عەرەبییەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی ڕوویانکردە شاری مەککە و نیشتەجێی ناوچەکە بوون. دیارترین هۆزی ناوچەکە "هۆزی جرهەم" بوو کە تاکوو سەدەی سێیەمی زایینی فەرمانڕەوایی مەککەیان کردووه.
دوای ئەوان "هۆزی خوزاعە" فەرمانڕەوایی ناوچەکەیان گرتەدەست و یەکەمین هۆز بوون ئایینی ئیبراهیمییان گۆڕی و بتپەرستییان لە مەککە و نیمچەدوورگەی عەرەبی داهێنا.
دوای ئەوان هۆزی کینانە نیشتەجێی شارەکە بوون، دواتر قوڕەیش کە لقێکی سەرەکی هەمان هۆز بوو، بوونە گەورەترین هۆزی دەستڕۆیشتووی شارەکە.
سەردەمی پێغەمبەرایەتی و فەتحی مەککە
پێش بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام زۆرێک لە هۆزەکانی مەککە بت پەرست بوون، کەمینەیەکی جوولەکە و نەسرانییەکان نیشتەجێی ناوچەکە بوون.
پێغەمبەر ﷺ لە ساڵی فیل لەدایکبوو، ئەو ساڵەی ئەبوڕەهەی ئەشرەم بە مەبەستی ڕووخاندنی کەعبە هێرشی بۆ مەککە هێنا، بە دیاریکراوی لە ساڵی 570 ـی زایینی ئەم ڕووداوە ڕوویدا.
لە سەدەی حەوتەمی زایینی دوای سێ ساڵ لە بانگەوازی نهێنی، لەلایەن پێغەمبەر ﷺـەوە بە ئاشکرا بانگەواز بۆ ئایینی ئیسلام کرا، خەڵکی ناوچەکەی بۆ یەکتاپەرستی بانگهێشت کرد.
دوای کۆچی هاوەڵان و لایەنگرانی ئایینەکە بۆ حەبەشە و پاشان کۆچی دووەمیان بۆ مەدینە، چەند جەنگێک لەنێوان لایەنگرانی ئایینە نوێیەکە و بت پەرستان بەرپا بوو گرنگترینیان جەنگی بەدر و ئوحد و خەندەق بوو.
لە ساڵی شەشی کۆچی بەرامبەر بە ساڵی 624ـی زایینی پێغەمبەر ﷺ لەگەڵ هاوەڵەکانی ویستیان عومرە ئەنجام بدەن و سەردانی مەککەیان کرد، بەڵام قوڕەیشییەکان ڕێگرییان لە پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی کرد، بۆیە لە هەمان ساڵ "پەیماننامەی حودەیبییە" ڕاگەیەنرا کە بریتی بوو لە وەستاندنی جەنگ لە نێوان قوڕەیش و موسڵمانەکان.
بەڵام قوڕەیش پابەندی بەندەکانی پەیماننامەکە نەبوو، بۆیە لە ساڵی هەشتی کۆچی سوپای موسڵمانان گەیشتە مەککە و بەبێ جەنگ چوونە شارەکەوە، ئەم ڕووداوە بە "فەتحی مەککە" ناسرا، پاشان کەعبە لە بت و پەیکەر پاک کرایەوە و پێغەمبەر ﷺ و هاوەڵانی لەو ساڵەدا حەجیان ئەنجام دا.
سەدەکانی ناوەڕاست و دەسەڵاتە ئیسلامییەکان
تاکوو ساڵی 11ـی کۆچی و دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر ﷺ هیچ هۆزێکی مەککە لە ئایینی ئیسلام پاشگەز نەبووەوە، بەڵام لە سەردەمی ئەبوبەکری سدیق چەند هۆزێک لە ئیسلام پاشگەز بوونەوە.
سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکری سدیق و عومەری کوڕی خەتتاب بارودۆخی شاری مەککە تا ڕادەیەکی باش جێگیر و سەقامگیر بوو، بەڵام ئەم سەقامگیرییە لە ساڵی 35ـی کۆچی بە ڕووداوی شەهیدکردنی خەلیفە عوسمانی کوڕی عەففان کۆتایی پێهات، لەدوای ئەو و دەستپێکردنی سەردەمی دەسەڵاتی عەلی کوڕی ئەبووتالیب وڵاتی ئیسلامی ڕووبەڕوی چەندین جەنگ و فیتنەی گەورە بووەوە، گرنگترینیان ڕووبەڕووبوونەوەکەی "جەنگی جەمەل" و "جەنگی نەهرەوان" بوو.
دوای شەهیدکردنی عەلی کوڕی ئەبووتالیب، سەردەمی ئومەوییەکان دەستیپێکرد و "موعاوییەی کوڕی ئەبووسوفیان" لە ساڵی 41ـی کۆچی دەسەڵاتی گرتەدەست.
دوای کۆچی دوایی موعاوییە، بەپێی وەسێتنامەی خۆی یەزیدی کوڕی دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەم بڕیارە ناکۆکی زیاتری لەنێوان موسڵمانان دروستکرد، هەریەک لە "حسێنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبووتالیب" و "عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیری کوڕی عەوام" بە دەسەڵاتی یەزید ناڕازی بوون و دژایەتییان کرد، ئەم ناکۆکییە بە شەهیدکردنی ئیمامی حسێن لە جەنگی کەربەلا و عەبدوڵڵا لە مەککە کۆتایی هات.
مەککە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئومەوییەکان گرنگی پێدرا، مزگەوتی حەڕام گەورە کرایەوە و ڕێگاوبانەکان نۆژەنکرانەوە، بواری زانستی شارەکە زیاتر گرنگی پێدرا و تاکوو ساڵی 750ـی زایینی شارەکە لەژێر دەسەڵاتی ئومەوییەکان بوو.
لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان گرنگی زیاتر بە تەلارسازیی و گەورەکردنەوەی مزگەوتی حەڕام درا. لەوسەردەمەدا و ساڵی 929 بەردە ڕەشەکەی نێو کەعبە لەلایەن "قەرامیتەکانەوە" دزرا (قەرامیتەکان: وڵاتێک بوون لە فاتیمییەکانی میسر جیاببوونەوە و لە بەحرەین و ڕۆژهەڵاتی نیمچەدوورگەی عەرەبی نیشتەجێ بوون)، بەڵام لە ساڵی 941 بەردەکە گەڕێنرایەوە نێو کەعبە.
لەدوای کۆتایی دەسەڵاتی عەباسییەکان زۆرێک لە دەسەڵاتدارە یەک لە دوای یەکەکانەوە فەرمانڕەوایی مەککەیان کرد نموونەی ئەخشیدییەکان، فاتیمییەکان، ئەیوبییەکان و عوسمانییەکان.
سەردەمی هاوچەرخ
لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەم و هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی عەرەبی لەلایەن شەریف حسێنی مەککەوە، توانرا بە هاوکاری هێزەکانی بەریتانیا عوسمانییەکان لە ناوچەکە دەربکەن.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکە شەریف حسێن "شانشینی حیجاز"ـی دامەزراند و تاکوو 1924 ئەم شانشینە بە فەرمانڕەوایی خۆی بەردەوام بوو، بەڵام شا عەبدولعەزیزی ئال سعوود لەگەڵ چەند گەورە هۆزێکی مەککە کۆتاییان بە شانشینەکە هێنا و دەسەڵاتی شەریف حسێن ڕووخێنرا، لەو سەردەمەوە ئال سعوودەکان دەسەڵاتی مەککەیان گرتەدەست.
دانیشتووانی مەککەی پیرۆز
ژمارەی دانیشتووانی مەککە نزیکەی دوو ملیۆن کەسە و هەموو دانیشتووان پەیڕەوی ئیسلامن، تەنها موسڵمانان بۆیان هەیە سەردانی ئەو شارە بکەن، بۆیە ساڵانە بەهۆی ئەنجامدانی حەجکردنەوە ژمارەی دانیشتووان دەبنە دوو هێندە.
بە ڕێژەی 75%ـی دانیشتووان ڕەچەڵەکیان سعوودییە، ڕێژەی 25%ـی دانیشتووان سعوودی نین و ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتانی تری ئیسلامی وەکوو یەمەن، سوودان، میسر، پاکستان و بۆرما.
بەهۆی کەمی سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە و وشکەساڵی تەنها نزیکەی 76%ـی دانیشتووان ئاوی سازگاریان بە ئاسانی پێدەگات، ڕێژەی 24%ـی دانیشتووان ئاوی خواردنەوەیان لە بیر و سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوییەوە پێدەگات.