ناوهڕۆك
چەتاڵی چێشت چۆن پەیدابوو؟
ڕەنگە یەکەم کەس کە پێش هەزاران ساڵ لەسەر زەویدا ژیاوە، جۆرێک لە چەتاڵی سەرەتایی بەکارهێنابێت لە نان خواردندا، بەڵام بەکارهێنانی ڕۆژانە بۆ چەتاڵ پێشکەوتنێکی تازەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
مرۆڤی سەرەتایی دارێکی دوو لقیان وەک جۆرێک لە چەتاڵی سروشتی بۆ گۆشت گرتن بەکارهێناوە، هەندێک لە سەرچاوەکان بڕوایان وایە چەتاڵ لەگەڵ تیردا پەیدا بووە، لە سەرەتاشدا جۆرێک بووە لە داری ددان پاککردنەوە بۆ پاککردنەوەی ددان لە پاشماوەی خواردنەکان بەکارهێناوە.
ئەو چەتاڵەی ئەمڕۆ بەرچاومان دەکەوێت، سەرەتا بۆ مەبەستی چێشت لێنان و گۆشت گرتن لە کاتی کوڵاندا بەکارهێنراوە، کە بریتی بووە لە چەتاڵێکی درێژی دوو لق لە ئاسن یان ئێسک یان دارێکی زۆر زەق، بەڵام بەکارهێنانی چەتاڵ لە نانخواردندا ماوەیەکی زۆری ویستووە تاوەکو ئاسایی بووەتەوە، تەنانەت پێش سێسەد ساڵ چەتاڵی چێشت خواردن لە ئەوروپا شتێکی زۆر سەیر و سەرسوڕهێنەر بووە، بە جۆرێک هەموو فەرەنسییەکان تا سەدەی حەڤدەهەم بە دەست نانیان خواردووە.
ئێمە دەربارەی کۆشکی لویسی چواردەهەم و دیوەخان و سەرسفرە و خوانی دەزانین کە چەند گرنگ بووە، بەڵام لەو کۆشکە مەزنەدا بۆ یەکەمجار لە نان خواردندا بەکارهێنا، خەڵکی تر هەبوون گاڵتەیان پێ دەکردن، کاتێک خانمێکی دەوڵەمەندی شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا داوای کرد لە زێڕ چەتاڵێکی بۆ دروست بکەن لە سەدەی یازدەهەمدا ئاوا لەسەریان نووسی: لە جیاتی ئەوەی وەک خەڵکانی تر بە دەست نان بخوات، چێشتەکەی دەکاتە پارچەی بچوک بچوکەوە و بەهۆی چەتاڵیکی دوو لقەوە دەیخوات.
دوای ئەو مێژووە بە پێنج سەد ساڵ، واتە لە سەدەی شانزەهەمدا لە ڤینیسیادا ئەوانەی لە نان خواردندا چەتاڵیان بەکاردەهێنا بە ''شاز'' ناو دەبران و بەم جۆرە لەسەریان دەنووسین:
(لە ڤینیسا سەرەڕای چەقۆ و کەوچکێک بە هەموو کەسێک چەتاڵێک دەدرێت بۆ گرتنی گۆشتەکەی تا پێی ببڕێت، چونکە وا دەزانن گرتنی گۆشت بە دەست ڕەوشتێکی جوان نییە لەسەر خوان).
دوای سەدەی حەڤدەهەم ڕەوشتی سەر خوان پێشکەوت و لەسەرانسەری ئیتاڵیادا چەتاڵی لە زیو دروست کراو پەیدابوو، لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەندا خەڵکی لە ژۆڕئاوادا چەتاڵیان قبوڵ کرد، تەنانەت زۆر بە پێویستیان دەزانی لە ماڵەکانیاندا هەبێت، لەبەر ئەوە بە نیشانەی شارستانییەتیان دەزانی.