ناوهڕۆك
سەرەتا
زمانی جەستە (بە ئینگلیزی: Body Language و بە عەرەبی: لغة الجسد)، ئەو نیشانە و جوڵە نازارەکییانە دەگرێتەوە کە لەکاتی گفتوگۆ یان لە پەیوەندییەکاندا بەکاردەهێنرێن و بەشێکی گەورە لە پەیوەندییەکان پێکدەهێنێت کە ڕەنگە بکاتە ٦٠ بۆ ٦٥٪.
گرنگی زمانی جەستە زمانی جەستە
دەتوانێت یارمەتیدەربێت تاکوو لە خۆمان و دەورووبەرمان تێبگەین چونکە نیشاندەری هەستی بەرانبەرە لە بارودۆخەکاندا، هاوکات بۆ دەربڕینی سۆز و هەستی سۆزداریش بەکاردێت. تێگەیشتن لە زمانی جەستە شتێکی گرنگە بەڵام گرنگتر لەوە تێگەیشتنە لە هەموو ئاماژەکان نەک تەنیا لێکدانەوەی یەک ئاماژە وەک تەواوی هەستی بەرانبەر ببینرێت.
واتای ئاماژەکانی پەنجە
هەندێک لە ئاماژەکانی جەستە دەکرێت ڕاستەوخۆترین و دیارترین نیشانەکان بن بۆ خوێندنەوەی زمانی جەستەی بەرانبەر. سڵاوکردن بە دەست (دەست ڕاوەشاندن)، نیشانەگرتن یان ئاماژەتێگرتن بە پەنجە و نیشاندانی ژمارەکان بە پەنجەکان ئەمانە هەموویان ئاماژەی باو و ئاسانن بۆ تێگەیشتن.
بەڵام ڕەنگە هەندێک لە ئاماژەکان بەپێی کولتووری وڵاتان بگۆڕێت، بۆ نموونە بەرزکردنەوەی پەنجە گەورەی دەست (پەنجەی ئۆکەی ) لە هەندێک وڵاتدا بە واتای ئاشتی دێت و لە هەندێک وڵاتی تردا واتایەکی جیاوازتری هەیە. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە ئاماژەکانن لەگەڵ ئەو مانایانەی ڕەنگە هەیانبێت.
دەستێکی نووقاو و توندداخراو (وەک مستەکۆڵە): لە هەندێک بارودۆخدا ئاماژەیە بۆ تووڕەیی و لە هەندێک بارودۆخی تردا بە واتای هاودەنگی و یەکگرتوویی دێت.
بەرزکردنەوەی پەنجەی ئۆکەی و نزمکردنەوەی پەنجەی ئۆکەی: ئەم دوو ئاماژەیە لە هەندێک بارودۆخدا وەک نیشانەیەک بۆ پەسەندکردن و پەسەندنەکردن ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی “باشە یان زۆر بێ کەموکوڕییە (Perfect): لەڕێگەی بەیەکگەیشتنی پەنجەی ئۆکەی و پەنجەی شایەتومان (پەنجەی ئاماژە) و بەرزکردنەوەی سێ پەنجەکەی ترەوە دروست دەبێت کە بە واتای “باشە” یان “هەموو شتێک باشە” دێت لەکاتێکدا لە هەندێک وڵاتانی ئەورووپادا ئەم ئاماژە بۆ ئەوە بەکاردێت کە بە کەسێک بڵێیت تۆ هیچ نیت و کەم نرخیت. هاوکات لە بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای باشووردا ئەم هێمایە ئاماژەیەکی بازاڕی و چەپەڵە.
ئاماژەی پەنجەکان لەسەر شێوەی پیتی ڤی بە ئینگلیزی (V) یان ژمارە حەوتی کوردی: بە بەرزکردنەوەی پەنجەی ئاماژە و پەنجەی ناوەڕاست و جیاکردنەوەیان لە پەنجەکانی تر دروست دەبێت، بە واتای ئاشتی یان سەرکەوتن دێت لەکاتێکدا لە بەریتانیادا ئەگەر ناولەپی دەستەکە ڕووی لە ناوەوە بێت و ڕووی لە کەسی بەرانبەر نەبێت ئەوا بە واتای سووکایەتیکردن و جنێوپێدان دێت.