ناوهڕۆك
ناساندن
تورکمان یان تورکمانەکان یاخود نەتەوەی تورکمان (بە عەرەبی: تركمان، بە تورکی: Türkmen، بە ئینگلیزی: Turkmens) نەتەوەیەکن کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر نەتەوەی تورک و بە یەکێک لە لقەکانی نەتەوەکانی تورک ناسراون، لە ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست نموونەی تورکمانستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران و باکووری ڕۆژاوای ئەفغانستان و باکووری قەوقاز نیشتەجێن، هاوکات لە چەند ناوچەیەکی وڵاتانی ڕۆژهەڵات نموونەی عێراق و لوبنان و سووریاش نیشتەجێن. تورکمانەکان بە زمانی تورکمانی قسەدەکەن کە لقێکی سەر بە زمانی تورکییە و پەیڕەوی ئایینی ئیسلام دەکەن.
بنەچە و مێژووی تورکمان
مێژووی نەتەوەی تورکمان دەگەڕێتەوە بۆ باپیرە گەورەیان کە بە ئۆغوووز ناسراوە و لە ناوەڕاستی ئاسیا ژیاوە و چەند نەوە و گەلێکی لێ بووەتەوە نموونەی ئاق قۆینلوو، قەرە قۆینلوو، قایلار، سەلجووقلار، تورکمانەکانیش سەر بە ئۆغووزن. پێش ئیسلام و بڵاوبوونەوەی ئیسلام شوێنکەوتووی ئایینی تەنگری بوون، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام زۆرێک لە تورکمانەکان به شێوازی ئاشتییانە و بەبێ جەنگ موسڵمان بوون.
له سەردەمە دێرین و کۆنەکانەوە شوێنەواری تورکمانەکان لە چەند ناوچەیەکی تورکمانستان دۆزراوەتەوە گەل و نەوەکانی سەلجووک، خوارزمی، ئاق قۆینلوو، قەرە قۆینلوو، عوسمانی و ئەفشاری سەر بە نەتەوەی تورکمان بوونە. دوای گەیشتنی ئایینی ئیسلام بە تورکمانەکان بەبێ جەنگ باوەڕیان بە ئیسلام هێنا. دوای موسڵمان بوونیان زیاتر ناسران و بڵاوبوونەوە و هاوکاری فتوحاتی ئیسلامی لەشکری موسڵمانانیان کردووە.
دوای دەرکەوتنی مەغۆل و ڕووخانی سەلجووقییەکان بە دیاریکراوی لە نێوان ساڵانی ١٣٧٥ تاکوو ١٥٠٨ نەوەکانی تورکمان لە ناوچەکانی بەغداد و تەبرێز و ئەنادۆڵ دەسەڵاتی ئاق قۆینلوو و قەرە قۆینلوویان دامەزراند و دوای ماوەیەک لە فەرمانڕەواییان دەسەڵاتیان لەلایەن شیعەکانەوە کۆتایی پێهات.
لەسەردەمی ئەیوبییەکان و جەنگەکانی دژی خاچپەرستان نموونەی جەنگی حەتین لە ناوچەکانی حەلەب و دیمەشق تورکمانەکان وەکوو خۆبەخش لە سوپای ئەیوبییەکان بەشدارییان دەکرد، ئەوان ئەزمووندار بوون و لە ئەسپسواری و تیرهاوێژی بەتوانا بوونە. لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە بنیاتنانی دەوڵەتی عوسمانی ڕۆڵیان هەبووە و هاوکار بوونە لە داگیرکردنی ناوچەکان لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە.
واتای ناوی تورکمان
وشەی تورکمان چەند لێکدانەوە و واتایەکی بۆ دانراوە، بە گشتی وشەکە لە دوو بڕگە پێکدێت کە بریتییە لە (تورک) کە ئاماژەیە بۆ نەتەوەی تورک و (مان) یان (مانەند) کە واتای هاوشێوە یان لێکچوو دەبەخشێت و مەزەندە دەکرێت وشەکە وشەیەکی بە ڕەچەڵەک فارسی بێت، دوای بڵاوبوونەوەی ئیسلام و تێکەڵبوونی تورکەکانی ناوچەی بوخارا و سەمەرقەند لەگەڵ ئیسلام و عەرەب و بۆ جیاکردنەوەی ئۆغوزە موسڵمانەکان وشەی تورکمان بەکاردەهات کە واتای (هاوشێوەی تورکەکان) دەبەخشێت. هەندێک سەرچاوەیش وشەی تورکمان بە واتای (تورک) و (ئیمان) مەزەندە دەکات و واتا ئەو تورکە باوەڕدارانەی کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی ئیسلام باوەڕیان بە ئیسلام هێنا و بۆ جیاکردنەوەیان لە تورکەکان پێیان دەوترا تورکمان، واتا تورکە باوەڕدارەکان یان تورکە ئیماندارەکان.
دیمۆگرافیای کۆمەڵگای تورکمانەکان
تورکمانەکان زمان و شێوەزاری تایبەت بە خۆیان هەیە، شێوەزاری زمانی تورکمانی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر جیاوازی هەیە، واتا تورکمانی هەر ناوچەیەک خاوەن شێوەزاری خۆیەتی و شێوەزارەکان لە یەکەوە نزیکن، هاوکات زمانی تورکمانی لقێکی سەر بە زمانی تورکییە. نەتەوەی تورکمان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن، شوێنکەوتووی هەردوو ڕێبازی سوننە و شیعەن، ژمارەیەکی کەم و سنوورداری پەیڕەوی ئایینیەکانی تر لە نێو نەتەوەی تورکمان بوونیان هەیە. تورکمانەکان خاوەن دابوونەریتی تایبەتی خۆیانن، جلوبەرگی تورکمانی تایبەتی خۆیان هەیە و لە بۆنە تایبەتەکانیان دەیپۆشن، هەندێک لە تورکمانەکانی ئێران و تورکمانستان یادی نەورۆز دەکەنەوە و بە بۆنەیەکی نەتەوەیی دایدەنێن. بەشێک لە تورکمانەکان ژنخوازی و تێکەڵیان لەگەڵ نەتەوەکانی تر لەلا پەسەند و ئاساییە، بە پێچەوانەشەوە بەشێکی تری تورکمانەکان تێکەڵی لەگەڵ نەتەوەکانی تر ڕەتدەکەنەوە و دەمارگیرێکی سەرسەختن.