ناوهڕۆك
کێ یەکەم کۆلارەی باڵدایەوە؟
مێژووی کۆلارە زۆر کۆنە، بە جۆرێک هیچ کەس نازانێت یەکەمجار کێ دایهێناوە، هەندێک دەڵێن: یەکێک لە گریکەکان دایهێناوە بە ناوی ئەرخیتاس، لە سەدەی چوارەمی پێش زایندا، بەڵام کۆلارە پێش ئەو مێژووەش بە شێوەیەکی زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا ناسراو بووە.
لە چیندا کۆلارە هەمیشە بەشێکی گرنگ بووە لە ئاهەنگە زۆرەکانیان کە لە ڕۆژی نۆیەمی مانگی ئەیلول دا جۆرەها کۆلارە هەڵدەدرا بۆ ئاسمان، کە هەندێکیان لە شێوەی ماسی و هەندێکی تریان لە شێوەی بۆق و باڵندە دابوون، ئەم ئاهەنگە تەنیا تایبەت نەبوو بە منداڵان، بەڵکو پیاوانیش بەشداریان تێدا دەکرد.
ئەوانەی ''جەنگی کۆلارە'' یان دەکرد پارچە شوشەیەکیان دەبەستە کۆلارەکەیانەوە بۆ ئەوەی دەزوی کۆلارەکانی تر ببڕێت.
لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا کۆلارە بۆ مەبەستی جدی تر بەکار دەهێنرا، لە ساڵی ١٧٥٢ـدا بینجامین فرانکلین کۆلارەیەکی لە ئاوریشم دروست کراوی باڵدایەوە، لە کاتی زریانێکی هەورە تریشەقدا، بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هەورە تریشقە و کارەبا یەک شتن. پێش ئەوەش گەرمی پێویان دەبەستە کۆلارەکەوە و هەڵیان دەدا بۆ ئەوەی پلەی گەرمای هەور بزانن.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، زۆربەی فەرمانگە کەش ناسییەکان کۆلارەی بەکار دەهێنا، کە ئامێرێکی گەرمی پێوی پێوە لکابوو بۆ زانینی پلەی گەرما و خێرایی با و پلەی شێ لە جەودا، هەندێک لەو کۆلارانە تا بەرزی چوار میل بەرز دەبوونەوە، بۆ گەیشتنە ئەو شوێنە بەرزانە چەند کۆلارەیەک بە یەکەوە دەبەسترانەوە و هەڵدەدران. دەزووی ئەو کۆلارانەش لە تەلی پیانۆ دروست دەکران، کە زۆر سوک بوو کێشی، هەر میلێکی تەنیا ٧ کیلۆ بوو، دەزوەکانیش هێندە بەهێز بوون کە دەیانتوانی ''١٠٠'' کیلۆ بەرز بکەنەوە بێ ئەوەی بپچڕێن.
پێش داهێنانی فڕۆکە، کۆلارە بۆ مەبەستی سەربازیش بەکار دەهێنرا، بۆ نموونە کۆلارەیەک دروست کرا، ١١ مەتر درێژ بوو، پیاوێکی ''٣٠٠'' مەتر بەرز کردەوە لە هەوادا، دەکرا ئەو کۆلارە لە کاتی جەنگ و هەڵکردنی بادا بەکار بهێنرایە، کە ناچاری باڵۆنەکانی دوژمنی بکردایە بنیشنەوە.
زۆربەی کۆلارەکان لە شێوەی سێگۆشەدا دروست دەکران، بەڵام ئەوە لە شێوەی سنوقدا دروست دەکرێت، بریتییە لە سندوقێکی بەتاڵ و لە دوو سەرەوە کراوەیە و لاکانیشی داپۆشراوە، دەتوانرێک کۆلارە لە جۆرەها شێوە دروست بکرێت، لە شێوەی پەپولە و بەلەم و ئاسکدا.