ناوهڕۆك
کێ گرینلاندی دۆزیەوە؟
گرینلاند لە زمانی ئینگلیزیدا واتە ''سەر زەمینی سەوز''، تەنیا شوێنێکیش لە جیهاندا سەوز نەبێت تەنیا ''گرینلاندە''!.
زۆربەی سەر زەمینی گرینلاند بە چینێک بەفر داپۆشراوە کە ئەستورییەکەی لە سێ هەزار مەتر زیاترە، جگە لە چەند چڵە دارێک و ئەو گیانلەبەرانەی زۆر بەرگەی سەرما دەگرن، هیچ شتێکی تر ناتوانێت لەم شوێنەدا بژیت، لەبەر ئەوەی زستانەکەی زۆر ساردە و هاوینیشی کورت و ساردیشە.
ئەو ڕووەی گرینلاند کە بەفر داینەپۆشیوە بەرداوییە و بە شێوەیەکی پەراکەندە و لێرە و لەوێ قەوزە بەرچاو دەکەوێت و پارچەیەکی کەمیشی گڵی ساغە و تیایدا ڕووەک و وردە ڕووەک ڕواوە.
کەواتە بۆچی ناوی سەر زەمینی سەوزیان لەو شینە ناسەوزە ناوە؟
تەنیا بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشرێت بۆیە ئەو ناوە خۆشەیان لێناوە. لە ساڵی ٩٨٢زاینیدا پیاوێکی ئایسلەندی بە ناوی ''ئێریک تۆر ڤالدسۆن'' لە ئەنجامی تاوانی کوشتنێکدا، دوور خرایەوە بۆ باشووری ڕۆژئاوای گرینلاند و سێ ساڵ لەوێدا مایەوە.
لە ماوەی دوور خرانەوەیدا ئەریک گەلێك گەڕا و ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئایسلەندا کە دەریاوانە ئایسلەندییەکان باسیان کردبوو هەمووی دۆزیەوە.
دوای تەواو بوونی دوور خستنەوەی و گەڕانەوەی بۆ ئایسلەندا، باسی دۆزینەوەکانی خۆی کرد بۆ خەڵکی و خەڵکی هەڵنا کە کۆچ بکەن بۆ ئەو شوێنە لەبەر ئەوە ناوێکی سەرنج ڕاکێشی لێ نا، کە ئەویش گرینلاند بوو. ژمارەی دانیشتوانی گرینلاند ئەمڕۆ نزیکەی شەست هەزار کەسێک دەبن، ئەم ژمارەیەش بە گوێرەی ڕووبەری گرینلاند ژمارەیەکی هەر زۆر کەمە، زۆربەشیان لەو ناوچانەدا دەژین کە بەفر داینەپۆشیوە، لە بەشی لێواری ڕۆژئاوای دورگەکەدا.
لە بەشی ڕۆژهەلاتیشی نزیکەی ٣٥٠٠ کەسێک و لە بەشی باکوریشی تەنیا ١٠٠ کەسێک دەژین.