ناوهڕۆك
جەڵتەی مێشك لە چییەوە دروست دەبێت
جەڵتەی مێشك یەكێكە لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكان تووشی ھەر كەس دەبێت، چونكە ئەگەری ھەیە تووشی ئیفلیجی بكات، ھەندێك جار دەبێتە ھۆی ئیفلیجی ھەمیشەییش، بەڵام لە چییەوە دروست دەبێت؟
جەڵتەی مێشك واتە گیران یان تەقینی بۆڕییەكی خوێن لە مێشكدا، بۆیە بەردەوام پێویستی بە خوێن و ئۆكسجینە، كە بۆ ماوەیەكی كەم لێی ببڕێت، ئەوا ئەو بەشەی مێشك دووچاری مردن دەبێت كە بۆرییە خوێنەكەی بۆ دەچێت، لە ئەنجامدا فرمانی ئەم بەشەی مێشك دەشێوێت كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری دەركەوتنی چەندان نیشانە لە لەشدا وەك: سڕبوون یان لاواز بوون یان ئیفلیجبوونی بەشێكی لەش، بۆ نموونە دەموچاو، پەلی سەرەوە یان پەلی خوارەوە یان نیوەی لەش، تێكچوونی بینین بەشێوەی بینینی دوانی، شێوانی ھۆش، گرفت لە تێگەیشتندا، تێكچوونی قسەكردن و دەربڕینی ڕستە و وشەكان، گرفت لە كرداری ڕۆیشتن و ھاوسەنگی لەش، سەرسوڕان، سەرئێشەیەكی سەخت.
تێكچوون لە شانەكانی مێشك لەوانەیە كە بەخێرایی ڕووبدات، بۆیە چارەسەركردنی كتوپڕ لەوانەیە كە شانە ساغەكانی تری مێشك بپارێزێت و چانسی چاكبوونەوە زیاتر بكات. گیرانی خوێنبەر و تۆپەڵێكی بچووكی خوێنی مەییو باوترین حاڵەتەكانی جەڵتەیە، گەلێك جار چارەسەری خێرا بە دەرمانێكی تایبەت دەبێتە ئەگەری تواندنەوەی، بەمەشێوە ھاتووچۆی خوێن دووبارە بۆ شانەكانی مێشك دەگەڕێتەوە.
لە حاڵەتەكانی تەقینی بۆڕییەكی خوێن و خوێنبەربوون لەناو شانەكانی مێشكدا، ڕێگا چارە بۆ ڕاگرتنی ئەم خوێنبەربوونە بریتییە لە نەشتەرگەرییەكی خێرا، ئەمەش فشار لەسەر شانەكانی مێشك كەم دەكاتەوە ئەگەری تێكچوونی شانەكانی مێشك كەمتر دەكاتەوە.