ناوهڕۆك
کۆشکی سپی چییە؟
کۆشکی سپی نشینگە و شوێنی کاری فەرمی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکایە، کۆشکی سپی یەکێکە لە بەناوبانگترین و گەورەترین کۆشکەکانی ئەمریکا، ئەم کۆشکە دەکەوێتە باکوور و خۆرئاوای واشنتۆنەوە، خانووی ژمارە 1600، شەقامی "پێنسڵڤەینیا"، هەروەها شوێنی نیشتەجێی هەموو سەرۆکەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە لە سەردەمی "جۆن ئادەمز"ەوە لە ساڵی 1800، زاراوەی "کۆشکی سپی" بەزۆری بە مانایەکی مەجازی بەکاردێت وەکو هێمایەک بۆ سەرۆک کۆمار و ڕاوێژکارەکانی.
مێژووی کۆشکی سپی
کۆشکەکە لە لایەن ئەندازیاری ئێرلەندی "جەیمس هۆبن"ەوە بە شێوەیەکی کلاسیکی نوێ دیزاینکراوە، "هۆبن" لەسەر شێوەی "کۆشکی لەنستە"ی "دەبلن"ی پایتەختی ئێرلەنداوە بنیاتی ناوە، ئەو کۆشکەی ئێستا پەرلەمانی وڵاتی ئێرلەندایە و کۆشکی ئەنجومەنی یاسادانانی ئێرلەندییە، دروستکردنی کۆشکی سپی لە نێوان ساڵانی 1792 و 1800ی زاینیدا بووە و بە بەکارهێنانی جۆرە بەردێکی قاوەیی باوی ماڵتا کە لە سەدەکانی 18 و 19 دا لە دروستکردنی بیناکاندا بەکارهاتووە، کاتێک "ثۆماس جێفرسۆن" لە ساڵی 1801دا گواستییەوە بۆ کۆشکی سپی و لەوێ نیشتەجێبوو لەگەڵ "بنجامین هێنری لاترۆب"ی ئەندازیار دا چەند پایەیەکی نزمیان بۆ هەموو بەشەکانی بیناکە زیادکرد، لە ساڵی 1814، لە کاتی جەنگی ساڵی 1812دا لەلایەن سوپای بەریتانییەوە کۆشکەکە ئاگری تێبەردرا لە کاتی سوتاندنی واشنتۆندا، بەشی ناوەوەی ڕەشبوویەوە و وێرانبوو و لە دەرەوەش بەشێکی زۆری بیناکە زیانی بەرکەوت، پاشان ڕاستەوخۆ کاری نۆژەنکردنەوەی دەستی پێکرد و "جەیمس مۆنرۆی" لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1824 گواستییەوە بۆ بەشە نۆژەنکراوەکەی کۆشک و لەوێ نیشتەجێ بوو، نۆژەنکردنەوەی بەشی دەرەوەی کۆشک بەردەوام بوو لەگەڵ زیادکردنی ڕاڕەوی نیمچە بازنەیی لە بەشی باشووری کۆشکەکە لە ساڵی 1824 و ڕاڕەویی نیمچە بازنەیی لە بەشی باکور لە ساڵی 1829.
بەهۆی قەرەباڵغی بەشی جێبەجێکاری ناو کۆشکەوە "ثیۆدۆر ڕۆزڤڵت"ی سەرۆک کۆمار لە ساڵی 1901 هەموو کارەکانی ناو کۆشکی گواستەوە بۆ باڵی ڕۆژئاوای کۆشکەکە، هەشت ساڵ دووای ئەوە و لە ساڵی 1909دا "ولیام تافت"ی سەرۆک کۆمار باڵی ڕۆژئاوای کۆشکی بەرفراوانتر و گەورەتر کرد و یەکەم نوسینگەی شێوه هێلکەیی دروستکرد.
باڵی ڕۆژهەڵات وەکو ناوچەی پێشوازیکردنی بۆنە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرا، گۆڕانکارییەکانی باڵە نوێکان لە ساڵی 1946 تەواوکران و ژووری نوسینگەی تریان تێدا دروستکرد.
زانیاری دەربارەی ناو کۆشکی سپی
هەندێک لە ژوورە هەرە بەناوبانگەکانی کۆشکی سپی نوسینگەی هێلکەیی و ژووری ڕێکستنی بۆنەکان و ژووری ئەنجومەنی وەزیران و ژووری "جەیمس برادی" کە بۆ کاری ڕۆژنامەگەری و میدیایی بەکاری دەهێنێت، "هیلەری کلینتن" ژوورێکی دانیشتنی لە نهۆمی سێیەمی کۆشک کرد بە ژووری میوزیکی کە ئامێری ساکسۆفۆنی لێ دەژەند، لە تەنیشتی ژووری میوزیکی ژووری ڕاهێنانی لێیە کە سەرۆکەکان و خێزانەکانیان دەتوانن هەر کاتێک بیانەوێت ڕاهێنان و مەشقی تێدا بکەن، پێش ساڵی 1990 ئەو ژوورە ژووری میوان و دانیشتن بوو، هەروەها شانۆی خێزانی لە نهۆمی یەکەمی کۆشکی سپیدایە و دەکەوێتە باڵی خۆرهەڵاتی کۆشکەوە و لە ژوورێکی 42 کورسیی پێکهاتووە، هەروەها ژووری هەتاو و ژووری یاریکردنیشی لێیە.
یەکەم سەرۆک کۆماری ئەمریکا "جۆرج واشنتۆن" لە ساڵی 1791 شوێنی کۆشکی سپی دیاریکرد، کۆشکەکە لە شەش نهۆم پێکهاتووە 132 ژوور، لەگەڵ 35 گەرماو، هەروەها 412 دەرگای لێیە لەگەڵ 147 پەنجەرە و 8 ئاگردان و 3 بەرزکەرەوە،
چێشتخانەکەی کۆشکی سپی لە توانایدایە ژەمە خواردن بۆ 140 میوان و موقەبیلات بۆ زیاتر لە 1000 کەس ئامادە بکات، کۆشکی سپی پێویستی بە 570 گاڵۆن بۆیە هەیە بۆ بۆیاخکردنی ڕووی دەرەوەی، پێشتر بە کۆشکی سپی وتراوە "کۆشکی سەرۆک"، یان "خانووی سەرۆک" یان "کۆشکی جێبەجێکار"، سەرۆک "ثیۆدۆر ڕوزڤڵت" لە ساڵی 1901دا ناوی نا کۆشکی سپی.