ناوهڕۆك
هۆکارەکانی ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفالی کوردان
هۆکاری ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال بۆ لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کورد، ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: گرنگی شوێنی جوگرافی هەرێمی کوردستان. ئەم شوێنە گرنگی تایبەتی جیۆپۆلیتیکی هەیە، کە بایەخ بە دوو بنەمای سەرەکی (سروشتی و مرۆیی)دەدات، لە ئانجامی لێکدانی هەردوو بنەما، بنەمانی ئابووریش پەیدا دەبێت.
بنەمای سروشتی:
کوردستان بەسەر (٤) چوار دەوڵەتی ناوچەکەدا دابەشکراوە، ئەو دەوڵەتانەش هەمیشە لە ململانێی یەکتر دان. هەرچەندە شوێنی جوگرافی لەسەر زەوی نەگۆڕە، بەڵام لە ڕووی جیۆپۆلەتکەوە لە سەردەمێکە بۆ سەردەمەکانی تر بەهۆی کاریگەری هۆکارە ئابووری و سیاسیەکانی دگۆڕێت، هەرێـی کوردستان کەوتۆتە نێوان هەر چوار دەوڵەتی (عێڕاق، ئێران، تورکیا، سوریا)، بۆیە وای لێهاتووە هەردەم کێشەکە ئاڵۆزبێت و دەنگی ڕەوای گەلەکەی نەگاتە جیهانی دەرەوە.
هەرێمی کوردستان گرنگی زۆری هەیە، بریتین لە:
ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە پترۆڵ و گازی سروشتی و سامانە کانزاییەکانی تر.
زەوی بە پیت و سەرچاوەی ئاوی زۆر، وایکردووە ببێتە هەمە چەشنەی بەروبوومی کشتوکاڵی، کە دەتوانرێت بە سەبەتەی خۆراکی عێراق دابنرێت و کاریگەری لەسەر ئاسایشی خۆراکی هەموو عێراق هەبێت.
بایەخی جیۆپۆلەتیکی هەرێـی کوردستان، بە هۆکارێکی گرنگ و سەرەکی دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، چونکە ئەگەر عێراق هەرێمی کوردستانی لێ جیابێتەوە، دەبێتە وڵاتێكی هەژار و کەم ئاو و کەم دەرامەتی سروشتی. کەواتە کوردستان مەرجی بەهێزبوونی دەوڵەتی عێراقە.
بنەمای مرۆیی:
ژمارەی دانیشتوان بایەخێكی زۆری هەیە لە پێوەری بەهێزی و لاوازی دەوڵەت لە دیمۆگرافی هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەیری دانیشتوانەکەی بکەیت لە سەرژمێری گشتی عێڕاق، ڕێژەی لەدایکبوون، لەم هەرێمە زۆرترە بە بەراورد لەگەڵ ناوەڕاست و باشووری عێڕاق ڕێژەی مردنیش کەمترە، لەبەر کاریگەری ئاو و هەواکەی و تایبەتمەندی ژنی کورد کە بە وەچەترە(خصوبة). ئەمەشیان بە یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی دیمۆگرافی دادەنرێت بۆ گەلی کورد. هەر لەبەر ئەم هۆیەش رژێـمی عێراق لە ڕووی ئاسایشی نەتەوییەوە بیری لێكردۆتەوە و نەخشەی داڕشتووە بۆ لەناوبردنی توێژی گەنجانی کورد، کە بە ئەنجامدانی شاڵاوەکانی ئەنفال بە هەزاران پیاو وژنی گەنجی کورد لەناوبردران.
دووەم: تێکچوونی هاوسەنگی تەمەن لە نێوان گەنجانی کورد و گەنجانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
شەڕی درێژخایەنی نێوان عێڕاق و ئێران بووە هۆی لەناوبردنی هەزاران گەنج لە بەرەکانی شەڕدا، بە تایبەتی گەنجانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، کە شوێنەواری خراپی (ئابووری و کۆمەڵایەتی و سوپایی) لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی هەبووە.
سێیەم: ناوچەیەکی زۆری کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا بوو، بە تایبەتی ناوچە شاخاویە سەختەکان، لە بۆ بەرەنگاری و شەڕ لە بەرژەوەندی پێشمەرگە دابوو. حکومەتی عێراقیش بە مافێكی یاسایی خۆی دەزانی، کە دووبارە ئەم ناوچانە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، سوپای عێراقیش لەو کاتە سەرقاڵی بەرەکانی جەنگی ئێران بوو، نەیدەتوانی بە ئازادی ڕووبەڕووی ببێتەوە، لەبەر گورزی کوشندەی هێزی پێشمەرگە. بۆیە شاڵاوەکانی ئەنفال زیاتر گوند و لادێیەکانی کوردستانی گرتەوە، چونکە بە سەرچاوەی سەرەکی و بژێوی دانیشتوانەکەی و شوێنی داڵدەدانی هێزی پێشمەرگەی دەزانی.
چوارەم: لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکەکانی عێراق نەتەوەی کوردیان وەک کۆسپ و ڕێگر لە بەردەم یەکێتی نەتەوەی عەرەب دادەنا. بە بیروبۆچوونی سیاسەتمەدارانی عێراق کێشەی کورد مەترسیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەی عەرەب، بۆیە تا بۆیان کرابێت هەموو هەوڵێكیان داوە بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی ئەم مەترسییە، شاڵاوەکانی ئەنفالیش بۆ تۆڵەی هەوڵەکانی پاکتاویکردنی نەژادی گەلی کورد لە عێراق دادەنرێت.
پێنجەم: پەیوەندییە نێوودەوڵەتی و هەرێمییەکانی عێراق.
حکومەتی عێراق لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیست، وڵاتێکی دابڕاو نەبوو لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و هەرێـمییەکان، بەڵکو پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و جیهانیدا هەبوو، بۆیە لە ڕووی سەربازی لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێراندا ببو بە وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا. پاڵپشتی دەرەوە و جیهان وای لە حکومەتی عێراق کردبوو، کە گوێ بە هیچ یاسا و بڕیارێکی نێودەوڵەتی نەدات لە پیادەکردنی سیاسەتێكی وێرانکارانە دژی ناوچەکانی کوردستان. بۆ نموونە، کاتێ حکومەتی عێراق بەوپەڕی فراوانی و خەستی چەکی کیمیاوی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بەکاردەهێنا، حکومەتی سۆڤیەت داکۆکی لە هەڵوێستی عێراق دەکرد. جگە لەمەش حکومەتی تورکیا رۆڵێكی گرنگی دەگێڕا لەم بارەیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، کە شارەزایانی پزیشکی تورکیا پەناهەندە کوردەکانیان پشکنیوە، هیچ جۆرە شوێنەوارێکی چەکی کیمیاوی بەسەرەوە دیار نەبووە، هەروەها بە داواکاری نەتەوە یەکگرتووەکان رازی نەبوو، بۆ ناردنی پسپۆڕانی تەندروستی بۆ پشکنینی پەناهەندە کوردەکان.
شەشەم: نالەباری بارودۆخی کورد، کورد لەم قۆناغەدا زۆر بێکەس بوو> هیچ هێز و وڵاتێک نەبوو پشتگیری و داکۆکی لە مافەکانی بکات و فشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق بەرامبەر بەو هەموو پێشێڵکارییە نامرۆڤانەی پەیڕەو دەکرا لە پاکتاوی ڕەگەزی دژی گەلی کورد، بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٨٨ کە هەموو ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.