ناوهڕۆك
قیر-ئیسفاڵت
ئێمە ڕۆژانە بە پێ بێ یان بە سواری ئۆتۆمبێل. بەسەر جادەی قیردا ڕێدەکەین. بەڵام زۆربەمان نازانین کە قیر لە دێر زەمانەوە بەکارهێنراوە!
قیر بەوە بەناوبانگە کە لە بەردەم ئاودا خۆڕاگرە.
لە سەردەمی یۆنانییەکاندا پێیان وتووە (زفت) یان (قوڕ)، دوای ئەوە ڕۆمانییەکانیش ناسیان و ناویان لێنا (بقیۆمین) (قیر). حەوزی مەلەوانی و تانکی ئاویان پێ ماڵدەدا بۆ ئەوەی ئاوی لێ نەتکێت.
قیر ماددەیەکی کانزاییە، ڕەنگەکەی لە نێوان قاوەیی زۆر تێر و ڕەشدایە. لەسەر زەویدا. لە دۆخی شل و ڕەق و نیمچە شلدا دۆزراوەتەوە. هەروەها بەشێکی سروشتییە لە زۆربەی زەیتە خاوەکان.
قیر بە گەرم کردن نەرم و بە کوڵاندنیش شل و بە سەرما ڕەق دەبێتەوە. قیر تێکەڵەیەکە لە هایدرۆجین و کاربۆن.
دوو جۆر قیر هەیە:
سروشتی
پترۆڵی
قیری سروشتی لە نیشتووەکانی سەر زەوی یان نزیک لێیەوە دێت. بەڵام قیری پترۆڵی، دەبێت. لە نەوتی خاو جیا بکرێتەوە بە ڕێگەی پاڵاوتنی نوێ. قیری سروشتی لە چاخە کۆنەکاندا دروست بووە. لە ئەنجامی دەرچوونی نەوت بۆ سەر زەوی لە ناو چینە لمییەکاندا و درزە بەرداوییەکانەوە. پاکترینی لە ناو بەردەکاندا ماوەتەوە و بەردەکان پاراستویانە و وەکو قیرێکی پاکیش دەڵاندوویەتی.
یەکێک لە گەورەترین دەریاکانی قیری سروشتی، دەکەوێتە دورگەی ترینیداوە لە ئەمریکا. ڕووبەری نزیکەی ٤٠ هێکتار دادەپۆشێت و قووڵیەکەشی زیاتر لە (٣٠) مەترە.
کاتێک لە ساڵی ١٨٧٦ دا جادەکانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا قیرتاو کرا، قیرەکەیان لەو دەریایەوە هێنا!
چیمەنتۆی قیری ئەو ناوەیە لە قیری قیرتاوکردنی جادەکان نراوە. کە بەکار دەهێنرێت لە قیرتاوکردن و زفت کردنی جادەکان و بۆ ئەوەی بەرد و لمەکان یەکبگرن و ڕێگری لە ئاو بکات، بۆ ئەوەی دزە نەکات بۆ جادە و شۆستەکان. یەکێک لە سیفاتەکانی قیر ئەوەیە وەکو (مگاگ) وایە، ئەگەر شتێکی قورسی بەسەردا بچێت، لە بری ئەوەی بشکێت، دەنیشێت.
فڕۆکە خانە و جادەکان بۆیە قیرتاو دەکرێن، تا بەرگەی ئەو فڕۆکە و ئۆتۆمبێلە بار بەرانە بگرن، کە کێشەکانیان لە نێوان ٤٥ هەزار و ١٤٠ هەزار کیلۆگرامدایە.