ناوهڕۆك
نەخۆشی دڵ لە مانگی ڕەمەزاندا
بێگومان ڕۆژووگرتن سوودێکی زۆری بۆ زۆربەی نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، بەڵام هەندێک حاڵەتی دیاریکراو هەیە نەخۆش ناتوانێت تیایدا بەڕۆژوو بێت:
بەرزی پەستانی خوێن
ڕۆژوو سوودی چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن هەیە و دابەزینی کێش لەگەڵ ڕۆژووگرتندا دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن بە شێوەیەکی بەرچاو جگە لەوەش وەرزشە لاشەییەکانیش (کە خۆی دەبینێتەوە لە نوێژی تەراویح و شەونوێژدا) بەرزی پەستانی خوێن دادەبەزێنن.
ئەگەر فشاری خوێنەکە لەژێر کۆنترۆڵدا بوو بەهۆی دەرمانەوە، ئەوا نەخۆشەکە دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت بە مەرجێک دەرمانەکانی بە ڕێکوپێکی بخوات، چونە ئێستا دەرمانی وا هەیە بۆ دابەزینی فشاری خوێن ڕۆژانە جارێک یان دووان دەخورێت.
سستی دڵ
ئەویش دوو جۆرە، سستی لای چەپی دڵ، سستی لای ڕاستی دڵ، لە هەردوو بارەکەدا نەخۆش هەست بە تەنگە نەفەسی دەکات لە ئەنجامی هەستان بە کارێک، بەڵکو لەکاتی پشوودانیشدا، ئامۆژگاری تووشبوو بە سستی توندی دڵ دەکرێت کە بەڕۆژوو نەبێت، چونکە بەردەوام پێویستی بە دەرمانی (میز پێکەر) هەیە لەگەڵ دەرمانی (بەهێزکەری ماسولکەکانی دڵ)، بەڵکو لەوانەیە پێویستی بە چارەسەرکردن هەبێت لە نەخۆشخانەدا.
بەڵام ئەگەر حاڵەتی نەخۆشەکە باشتربوو باری تەندروستی جێگیربوو، وە بڕێکی کەم لە دەرمانی میزپێکەری دەخوارد، ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو بێت.
هەروەها پێویستە نەخۆش ڕاوێژ بە پزیشکێکی موسوڵمان بکات کە تایبەتمەند بێت لە نەخۆشییەکانی دڵدا، چونکە تەنها ئەو دەتوانێت بڕیار بدات نەخۆشەکە بەڕۆژوو ببێت یان نا؟ لەبەرئەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بە سووکی و قورسی نەخۆشییەکە و بڕی ئەو دەرمانە میزپێکەرەی کە پێویستی پێیەتی.
سنگە گوژێ
سنگە گوژێ بەهۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەری تاجییەوە ڕوودەدات کە خۆراک دەگەیەنێتە ماسولکەی دڵ، ئەگەر نیشانەکانی نەخۆش جێگیربوون بەهۆی خواردنی دەرمانەوە، و نەخۆش هیچ ئازارێک لە سنگیدا نەبوو، ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت دوای سەردانکردنەوەی پزیشکەکەی بۆ دڵنیابوون لە گۆڕانکاری لە وەرگرتن و خواردنی دەرمانەکان.
بەڵام ئەوانەی سنگە گوژێی ناجێگیرییان هەیە یان پێویستیان بە خواردنی خەپلەی (نایترۆگلیسرین) کە لە ڕۆژدا لە ژێر زماندا دەهێڵرێتەوە، ئەوا ئامۆژگاری دەکرێن بەڕۆژوو نەگرتن، وە پێویستە سەردانی پزیشکی خۆیان بکەن بۆ دیاریکردنی پلانی چارەسەرەکە.
جەڵتەی دڵ
ڕوودەدات لە ئەنجامی گیرانی یەکێک لە خوێنبەرە تاجییەکانی دڵ، ئەمیش دەبێتە هۆی مردنی ئەو خانانەی دەکەونە شوێنە تووشبووەکەی دڵ، ئەوانەی تازە تووشی جەڵتەی دڵ بوونە (بەتایبەتی شەش هەفتەی یەکەم) ئامۆژگاری دەکرێن بە نەگرتنی ڕۆژوو، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە بەرەو چاکبوونەوە ڕۆیشت، وە کەوتە سەر باری ئاسایی خۆی ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت بە مەرجێک بە ڕێکوپێکی دەرمانەکانی بخوات.
نەخۆشییەکانی دەرچەکانی دڵ
کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تووشبوونی دەرچەکانی دڵ بە تای ڕۆماتیزمی لەسەردەمی منداڵیدا، دەبێتە هۆی تەسکبوونەوە و بچووکبوونەوەی دەرچەکە لە ئەنجامی تێکچوونی پەڕەکانی دەرچەکە، وە ئەگەر حاڵەتی نەخۆشەکە جێگیربوو، و هیچ نیشانەیەکی نەبوو ئەوا دەتوانێت بەڕۆژوو ببێت، بەڵام ئەگەر نەخۆشەکە تەنگە نەفەسیی هەبوو وە بەردەوام پێویستی بە دەرمانی میزپێکەر بوو ئەوا باشترە ڕۆژوو نەگرێت.
کێن ئەو کەسانەی کە نەخۆشی دڵیان هەیە و ئامۆژگاری دەکرێن بە ڕۆژوو نەگرتن؟
- توشبووان بە سستی دڵی ناجێگیر.
- سنگە گوژێی ناجێگیر، یاخود وەڵامدەر بۆ چارەسەر.
- جەڵتەی دڵی تازە تووشبوو.
- تەسکبوونەوە و سستی توندی دەرچەکانی دڵ.
- تای ڕۆماتیزمی چالاک.
- پەشێوییە ترسناکەکانی سیستمی دڵ.
- چەند هەفتەیەک دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دڵ.