پشکنینی ترۆپۆنین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-21-23:18:00 - کۆدی بابەت: 10742
پشکنینی ترۆپۆنین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی ترۆپۆنین (بە ئینگلیزی: Troponin Test) پشکنینێکە بڕی ترۆپۆنین لە خوێندا دەپێوێت. ترۆپۆنین جۆرێکی پڕۆتینە لە ماسولکەکانی دڵدا هەیە. ئەم پڕۆتینە لە کاتی ئاساییدا لە خوێندا دەرناکەوێت. کاتێک ماسولکەکانی دڵ زیانیان پێ دەگات ئەم پڕۆتینە دەچێتە ناو خوێنەوە. کاتێک زیاتر زیان بە دڵ دەگات ڕێژەی ترۆپۆنین لە خوێندا بەرزتر دەبێتەوە. ڕێژەی بەرزی ترۆپۆنین لە خوێندا ڕەنگە نیشانە بێت بۆ تووشبوون بە جەڵتەی دڵ. جەڵتەی دڵ کاتێک جووڵەی خوێن بۆ دڵ نامێنێت ڕوودەدات. ئەم نەمانی جووڵەی خوێنە ڕەنگە ببێتە هۆی مردن، بەڵام دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی بە شێوەیەکی خێرا دەکرێت ژیانی کەسەکە ڕزگار بکات. دوو جۆری پڕۆتینی ترۆپۆنین کە پەیوەندییان بە دڵەوە هەیە بریتین لە ترۆپۆنینI و ترۆپۆنینی T.

ترۆپۆنینی I (cTnI): ئەم جۆرەیان تایبەتە بە ماسولکەی دڵ. لە دوای پێنج بۆ حەوت ڕۆژ دوای ڕوودانی جەڵتەی دڵ ڕێژەکەی بە بەرزی دەمێنێتەوە.

ترۆپۆنینی T (cTnT): لە جۆرەکانی تری ماسولکەکاندا بوونی هەیە، بەڵام ڕێژەکەی کەمە. ترۆپۆنینی T ماسولکەی دڵ پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە کە لە بەشەکانی تری جەستەدا بەو جۆرە نییە. لە دوای زیاتر لە سێ هەفتە لە ڕوودانی جەڵتەی دڵ ڕێژەکەی بە بەرزی دەمێنێتەوە.

بەکارهێنان

ئەم پشکنینە بەزۆری بۆ دەستنیشانکردنی جەڵتەی دڵ بەکاردێت.

هەندێک جاریش بۆ دەستنیشانکردنی سنگەکوتێ بەکاردێت، هەندێک کات سنگەکوتێ دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ. هەروەها ئەم پشکنینە دەکرێت لە دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دڵ و مانەوەی نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە ئەنجام بدرێت. هەندێک کات دوو یان سێ جار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت، تاکوو بزانن هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێژەی پڕۆتینی ترۆپۆنین لە نەخۆشەکەدا ڕوویداوە یان نا.

خۆئامادەکردن بۆ ئەم پشکنینە

بۆ زۆربەی حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ، ناتوانرێت هیچ ئامادەکارییەک بکرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی نەخۆشەکە تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بارودۆخی ناجێگیر دەبێت. بەڵام لە حاڵەتەکانی تردا گرنگە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە نەخۆش پزیشکەکەی ئاگاداربکاتەوە ئەگەر ڤیتامین B7 ی وەرگرتبێت، هەروەها چەندێک لەم ڤیتامینەی وەرگرتووە. ئەم ڤیتامینە کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت. کاریگەرییەکەش بەپێی ماوەی وەرگرتنی ڤیتامینەکە پێش پشکنینەکە دەگۆڕێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

ئەم پشکنینە بە ڕێگای خێرا (strip) یان لە ڕێگەی ئامێری cobasـەوە ئەنجام دەدرێت. بە سیرەم و خوێنیش دەتوانرێت ئەنجام بدرێت. بە ڕێگەی خێرا خوێن یان سیرەم لە شوێنی تایبەت بە نموونەکە لە ستریپەکەدا دادەنرێت و دواتر ڕێژەیەک لە گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکەی بۆ زیاد دەکرێت. بڕی گیراوەکە بەپێی بەکارهێنانی خوێن یان سیڕەم بۆ پشکنینەکە دەگۆڕێت.

ئەنجام

ڕێژەی ئاسایی ترۆپۆنین لە دوای ١٢ کاتأمێر لە ئازاری سنگ نیشانەی ئەوەیە کە ئازارەکە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە نەبووە.

ڕێژەی نائاسایی پشکنینەکە

بەرزبوونەوەی ڕێژەیەکی کەمیش لە پڕۆتینی ترۆپۆنین ڕەنگە نیشانە بێت بۆ زیان گەیشتن بە ماسولکەکانی دڵ. ڕێژەی بەرزی ئەم پڕۆتینە لە خوێندا نیشانەیە بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ.

زۆربەی ئەو نەخۆشانەی تووشی جەڵتەی دڵ دەبن لە ماوەی شەش کاتژمێردا ڕێژەی ئەم پڕۆتینە لە خوێنیاندا بەرز دەبێتەوە. بەڵام لە دوای ١٢ کاتژمێر لە هەر کەسێکدا کە دووچاری جەڵتەی دڵ بووبێتەوە، ڕێژەی پڕۆتینەکە لە خوێندا بەرز دەبێتەوە. پڕۆتینی ترۆپۆنین دەکرێت بۆ ماوەی یەک بۆ دوو هەفتە دوای تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بە بەرزی لە خوێندا بمێنێتەوە.

هەروەها بەرزی ڕێژەی ترۆپۆنین دەکرێت نیشانە بێت بۆ ئەم حاڵەتانە:

  • خێرا لێدانی دڵ بە ڕێژەیەکی نائاسایی.
  • بەرزی پەستانی خوێن لە خوێنبەرەکانی سییەکاندا.
  • گیرانی خوێنبەرەکانی سی بەهۆی مەیینی خوێن یان چەوری.
  • هەوکردنی ماسولکەی دڵ، بەزۆری بەهۆی ڤایرۆس.
  • ڕاهێنانکردن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بۆنموونە وەک پێشبڕکێ.
  • ڕوودانی هەندێک ڕووداو کە زیان بە دڵ دەگەیەنێت وەک (ڕووداوی هاتووچۆ).
  • لاوازبوونی ماسولکەی دڵ.
  • نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلەکان.
  • نەشتەرکاری گیرانی خوێنبەرەکانی دڵ
  • نەشتەرکاری کردنەوەی دڵ


سەرچاوەکان



203 بینین