ناوهڕۆك
سەرەتا
باشترین خۆراکەكان بۆ بەرزی پەستانی خوێن (بە ئینگلیزی: The Best Foods for High Blood Pressure، بە عەرەبی: أفضل الأطعمة لارتفاع ضغط الدم). بەرزی فشاری خوێن، باوترین هۆکاری مەترسییە کە دەكرێت ڕێگری لێبکرێت بۆ نەخۆشییەکانی دڵ. زیاتر لە یەک ملیار کەس لە سەرانسەری جیهاندا پەستانی خوێنیان بەرزە، بەمشێوەیە پێناسە دەکرێت كە بەهای پەستانی خوێنی سیستۆلیک (SBP)، واتە ژمارەكەی سەرەوە ١٣٠ ملم جیوە یان زیاتر بێت یان پەستانی خوێنی دایستۆلیک (DBP)، واتە ژمارەكەی خوارەوە زیاتر لە ٨٠ ملم جیوە بێت، یان هەردووكیان بێت.
دەرمانەکان، لەوانەش ڕێگریکەری ئەنزیمەکانی گۆڕینی ئەنجیۆتەنسین (ACE) بەشێوەیەکی باو بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پەستانی خوێن بەکاردەهێنرێن. هەرچەندە گۆڕینی شێوازی ژیان، لەوانەش گۆڕینی خۆراک، دەكرێت یارمەتی دابەزاندنی ئاستی پەستانی خوێن بدات بۆ ئاستی گونجاو و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشییەکانی دڵ. پەیڕەوکردنی خۆراکی و خۆراکی تەندروست بۆ دڵ پێشنیار دەکرێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە، لەوانەش ئەوانەی كە دەرمانی دابەزاندنی پەستانی خوێن بەکاردەهێنن.
خۆراکی تەندروست پێویستە بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن و هێشتنەوەی لە ئاستی گونجاودا، هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بەكارهێنانی هەندێک خۆراک لە سیستمی خۆراكەكەتدا بەتایبەت ئەوانەی کە ماددەی خۆراکی تایبەتیان زۆرە وەک پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم، ئاستی پەستانی خوێنت كەم دەكاتەوە. ئەمانەی خوارەوە باشترین خۆراکەكانن بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
باشترین خۆراکەكان بۆ بەرزی پەستانی خوێن
١.میوە مزرەكان
میوە مزرەكان، لەوانەش سندی، پرتەقاڵ و لیمۆ، ڕەنگە کاریگەری بەهێزی لە دابەزاندنی پەستانی خوێندا هەبێت، چونكە پڕن لە ڤیتامین و کانزا و پێکهاتەی ڕووەکی کە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە پاراستنی تەندروستی دڵ لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ وەک بەرزی پەستانی خوێن.
٢. ماسی سەلەمون و ماسییە چەورەكانی تر
ماسی چەور سەرچاوەیەکی نایابی چەوری ئۆمیگا ٣ـیە، کە سوودێکی بەرچاوی هەیە بۆ تەندروستی دڵ. ئەم چەوریانە ڕەنگە یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی ئاستی پەستانی خوێن لە ڕێگەی کەمکردنەوەی هەوکردن و کەمکردنەوەی ئاستی پێکهاتەکانی بەرتەسککردنەوەی خوێنبەرەکان کە پێیان دەوترێت (oxylipins).
٣. سڵق
سڵق پڕە لە ماددە خۆراكییەكان بۆ ڕێکخستنی پەستانی خوێن، لەوانە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم. یەک کوپ (١٤٥ گرام) سڵقی کوڵاو ١٧% پۆتاسیۆم و ٣٠% مەگنیسیۆمی پێویستی ڕۆژانەت دابین دەكات.
٤. ناوكە كولەكە
ناوكە كولەكە بچووکن بەڵام سەرچاوەیەکی چڕن بۆ ماددە خۆراکیەکان کە گرنگن بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن، لەوانە مەگنیسیۆم، پۆتاسیۆم و ئارجینین، كە ترشێکی ئەمینی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆکسیدی نیتریک، کە پێویستە بۆ خاوبوونەوەی خوێنبەرەکان و کەمکردنەوەی پەستانی خوێن.
٥. پاقلەمەنی و نیسك
پاقلەمەنی و نیسك دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکیەکان کە یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدەن، وەک ڕیشاڵ و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم. چەندین توێژینەوە دەریانخستووە کە خواردنی پاقلەمەنییەكان و نیسك ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ دابەزاندنی ئاستی بەرزی پەستانی خوێن.
٦. تووەكان
تووەكان وەك بلوبێری، توڕك و شلیك پەیوەندییان بە چەندین سوودی تەندروستی سەرنجڕاکێشەوە هەیە، لەوانە توانای کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ وەک بەرزی پەستانی خوێن. تووەكان سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ دژە ئۆکسێنەر، لەوانە ئەنتۆسیانین کە ڕەنگ دەبەخشن بە تووەكان.
٧. فستەق
فستەق ماددەی خۆراکی زۆری تێدایە، لە ناو هەموو چەرەساتەكاندا، فستەق زۆرترین گاریگەری هەیە لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی پەستانی خوێن. ژمارەیەک مادەی خۆراکی زۆری تێدایە کە پێویستن بۆ تەندروستی دڵ و ڕێکخستنی پەستانی خوێن، لەنێویاندا پۆتاسیۆم.
٨. گێزەر
گێزەر، ڕێژەیەکی زۆر لە پێکهاتەی فینۆلیکی تێدایە، وەك ترشی کلۆرۆجینیک و کافیک، کە یارمەتی خاوبوونەوەی خوێنبەرەکان دەدەن و هەوکردن کەم دەکەنەوە، ئەمەش ڕەنگە یارمەتی دابەزاندنی ئاستی پەستانی خوێن بدات.
٩. كەرەوز
كەرەوز سەوزەیەكە كە ڕەنگە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەستانی خوێن هەبێت. پێکهاتەیەكی تێدایە کە پێی دەوترێت (phthalides)، کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ ئارمكردنەوەی خوێنبەرەکان و دابەزاندنی ئاستی پەستانی خوێن.
١٠. تەماتە
تەماتە و بەرهەمەکانی تەماتە دەوڵەمەندن بە چەندین مادەی خۆراکی لەوانە پۆتاسیۆم و لایكۆپین. لایکۆپین پەیوەندییەکی بەرچاوی بە کاریگەرییە سودبەخشەکانی لەسەر تەندروستی دڵەوە هەبووە، هەروەها خواردنی ئەو خۆراکانەی کە ئەم ماددە خۆراکییەیان زۆرە، وەک بەرهەمەکانی تەماتە، ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی هۆکارەکانی مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ وەک بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن.
١١. برۆکلی
برۆکلی بەچەندین کاریگەری سودبەخشی لەسەر تەندروستی ناسراوە، لەوانەش تەندروستی کۆئەندامی سووڕی خوێن. برۆکلی پڕە لە دژە ئۆکسێنەری فلاڤۆنۆید، کە ڕەنگە یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن بدات لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی کارکردنی خوێنبەرەکان و زیادکردنی ئاستی ئۆکسیدی نیتریک لە جەستەتدا.
١٢. ماست
ماست بەرهەمێکی شیرەمەنی چڕ و پڕە لە ماددە خۆراکیەکان کە پڕە لە کانزاکان کە یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدەن، لەوانە پۆتاسیۆم و کالسیۆم.
١٣. گیا و بەهارات
هەندێک گیا و بەهارات پێکهاتەی بەهێزیان تێدایە کە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن بە خاوكردنەوەی خوێنبەرەكان. وەك تۆوی كەرەوز، مەعدەنووس، زەعفەران، جینسینگ، دارچینی، حێل، ڕەیحانە و زەنجەفیل.
١٤. تۆوی چیا و کەتان
تۆوی چیا و کەتان تۆوی بچووکن کە پڕن لە ماددە خۆراکیەکان کە پێویستن بۆ ڕێکخستنی پەستانی خوێن، لەوانە پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و ڕیشاڵ.
١٥. چەوەندەر
چەوەندەر، گەڵای چەوەندەر و ئاوەكەی بە بڕێكی زۆر ماددەی خۆراکییان تێدایە و خواردنیان ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەستانی خوێن. ڕێژەیەکی زۆر نیتراتیان تێدایە، کە یارمەتی ئارامکردنەوەی خوێنبەرەکان دەدەن و لەوانەیە پەستانی خوێن دابەزێنن.
١٦. سپێناخ
سپێناخیش، وەک چەوەندەر ڕێژەیەکی زۆر نیتراتی تێدایە. هەروەها پڕە لە دژە ئۆکسێنەر، پۆتاسیۆم، کالسیۆم و مەگنیسیۆم، ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی نایاب بۆ ئەو کەسانەی کە پەستانی خوێنیان بەرزە.