قوتابخانەی کلاسیکی بۆ بەهای دراو
ئەم قوتابخانەیە بیر و ڕاکانی لە نێوان سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا باو بوون. ئەم قوتابخانەیە بیروڕآی وایە کە نرخی شمەک بەڕادەی تێچوونەکەی و دەگمەنییەکەی دیاری دەکرێت، واتا ئەم دوو ڕەگەزە (تێچوون و دەگمەنی: الکلفة والندرة) بنەمای سەرەکین بۆ دیاریکردنی، بەها و نرخی شمەک، چونکە تیچوونەکانی بەرهەمهێنان لە قۆناغی بەرهەمهێنانی شمەکەکە و دەگمەنییەکەی گوزارشت لە بڕی خستنەڕووی ئەم شمەکە دەکات، وە هەروەها دراویش بەهاکەی لەسەر هەردوو بنەمای (تێچوون و دەگمەنی) دیاری دەکرێت.
کاتێک دراوەکان کانزایی بوون ئەوا تێچوونەکەی بەگوێرەی تێچوونی دەرهێنانی ئەم کانزایە کە دراوەکەی لێ دروستکراوە و دەگمەنی کانزاکە لە سروشتدا دیاری دەکرا. ئەگەر جیاوازییەک لە نێوان دراو و شمەکەکانی تر هەبێ لە دیاری کردنی بەهاکاندا ئەوا بەستراوەتەوە بە خودی دراوەکە لە سروشتدا.
داواکاری لەسەر دراو بۆ خودی دراوەکە نییە، چونکە ڕاستەوخۆ ئارەزووەکانی مرۆڤ لە بەکاربردن و بەرهەم هێنان تێر ناکات، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی شمەک و خزمەتگوزارییەکان. بەڵام سەبارەت بە خستنەڕوودا پێوەرێکی هاوبەس هەیە بۆ دیاریکردنی بەهای دراو و هەروەها بەهای ئەم شمەکانەی خراونەتە ڕوو. ئەم پێوەرەش پەیوەستە بە بڕی خستنەڕوی دراو و بڕی خستنەڕووی شمەک و خزمەتگوزارییەکان، پەیوەندییەکی پێچەوانە هەیە لە نێوان بەهای دراو و نرخی شمەک و خزمەتگوزارییەکان لەمیانەی ئەو بڕە پارەی خراوەتە ڕوو، ئەم پەیوەندییە بەستراوەتەوە بە دراوەوە، چونکە پێوەرێکە بۆ بەهاکان کاتێک بەهای یەکەی پێوەریی بۆ بەهاکانی شمەک و خزمەتگوزاییەکان (دراو) کەم دەبنەوە، ئەوا پێویستە بڕی ئەم یەکە زیادبکرێت بۆ ئەوەی یەکەکانی پێوەر بپارێزرێن کە تەواو و گونجاو بن لەگەڵ بەهای شمەک و خستنەڕووەکاندا، بە کورتی ئەوە تێڕوانین کلاسیکییەکانە بۆ بیردۆزی بەها کە پەیوەندی بە بیردۆزی بەهای دراوەوە هەیە.