ناوهڕۆك
ناساندن
موقتەدا سەدر یان سەید موقتەدا سەدر (بە عەرەبی: مقتدى الصدر، بە ئینگلیزی: Muqtada al-Sadr) کەسایەتییەکی شیعە و سەرکردەیەکی سیاسییە کە بە پیاوی ژمارە یەکی عێراق دادەنرێت، هاوکات وەکوو کەسایەتیی ئایینی و هزرییە کاریگەرەکانی شەقامی عێراقی دەردەکەوێت، سەرکردە و ڕابەری ڕەوتی سەدرە لە عێراق کە بە گەورەترین لایەنی شیعەی دەسەڵاتدار و دەستڕۆیشتووی عێراق دادەنرێن.
سەرۆکی هێزی چەکداری "سەرایا سەلام"ـە، هەروەها لەکاتی داگیرکاری عێراق لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ هێزێکی سەربازی لەژێر ناوی "سوپای مەهدی" دامەزراند کە بەرهەڵستی دەکرد و دژایەتی هێزەکانی ئەمریکای دەکرد. هەروەها لە ئێستادا سەرۆکی فراکسیۆنی سائیرونە کە خاوەن بەرزترین ڕێژەی کورسین لە پەرلەمانی عێراقی و لە دەنگدانی ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق بەرزترین ڕێژەی دەنگدانی بەدەستهێنا و توانی ٧٢ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بەدەست بهێنێت.
زانیاریی گشتی |
|
ناو |
موقتەدا محەمەد محەمەد سادق سەدر |
لەدایکبوون |
|
ئایین |
ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی شیعەی دوازدە ئیمام |
نازناو |
سەدری مووسەوی |
حیزب |
سەرۆکی ڕەوتی سەدر، فراکسیۆنی سائیروون |
هێزی سەربازی |
دامەزرێنەری سوپای مەهدی، سەرۆکی سەرایا سەلام |
ژیاننامە
موقتەدا محەمەد سادق سەدر لە چواری ئابی ساڵی ١٩٧٣ لە شاری کوفەی نەجەف لە باشووری بەغداد لەدایکبووە، لە خێزانێکی ئایینی پەروەردە کراوە و کوڕی چوارەمی خێزانەکەی بووە و خاوەن سێ برا بووە بە ناوەکانی (موستەفا، موئمیل، مورتەزا). ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی لوبنان. موقتەدا لە ساڵی ١٩٩٤ هاوسەرگیری لەگەڵ کچە مامی خۆی کردووه بە ناوی "ئەسما محەمەد باقر سەدر" و هیچ منداڵێکیان نییە. محەمەد سادق سەدری باوکی برازای محەمەد باقڕ سەدر بووە، باوکی لە دیارترین مەڕجەع و ڕابەری شیعەکانی عێراق بووە کە دژایەتی و بەرهەڵستی حیزبی بەعس و ڕژێمی سەدام حسێنی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ دوو کوڕی لەلایەن ڕژێمی سەدام حسێنەوە تیرۆر کران.
ئەزموونی خوێندنی
موقتەدا قۆناغی خوێندنی تاکوو ئاستی ناوەندی خوێندووە، پاشان چووەتە حەوزەی زانستی لە نەجەف (حەوزەی زانستی نەجەف، خوێندنگە و زانکۆیەکی ئیسلامییە تایبەتە بە پەیڕەوانی ڕێبازی شیعەی دوازدە ئیمام، لەم خوێندنگەیە بابەتە ئایینییەکان لە ڕوانگەی شیعەوە دەخوێندرێت). موقتەدا لەلایەن باوکی خۆیەوە لەگەڵ چەند زانایەکی ئایینی شیعەی ناودار سەرپەرشتی خوێندنەکەی کراوە. ئاستی خوێندنی لە خوێندنی ئایینی حەوزە تاکوو پلەی (حجة الإسلام)ـی خوێندووە كە پلەی شەشەمە لە ئاستی نازناوەکانی ئەو خوێندنگەیە، لە ئێستادا موقتەدا ئامادەکاری دەکات بۆ بەدەستهێنانی پلەی (المجتهد) بەپێی پەیڕەوانی ڕێبازی شیعە هەر زانایەکی ئایینی ئەم پلەیەی لە خوێندنی ئایینی هەبێت توانای فەتوادانی هەیە.
سەرەتای ئەزموونی سیاسی
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ ناوی موقتەدا سەدر دەرکەوت و ناسێنرا. لەکاتی داگیرکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق زۆرێک لە لایەنە شیعەکان پێشوازیان لە ئەمریکییەکان کرد، بەڵام سەدرییەکان جیاواز لە لایەنە شیعەکانی تر دژایەتی و بەرهەڵستی ئەمریکییەکانیان کرد، ترۆپکی ئەو دژایەتییە گەیشتە لوتکە کاتێک هێزەکانی ئەمریکا فرمانی داخستنی ڕۆژنامەی "الحوزە"ـی سەر بە سەدرییەکان دا، ئەو ڕووداوە بووە بەهانەیەک بۆ سەدرییەکان و لە ڕێگەی "سوپای مەهدی"ـیەوە کە موقتەدا سەرکردایەتی دەکرد جەنگیان دژی ئەمریکا ڕاگەیاند. سوپای مەهدی لە شارە شیعەکانی وەکوو نەجەف، کەربەلا، کووت و عەمارە شەڕی ڕووبەڕوویان دژی ئەمریکییەکان کرد.
ساڵانی دواتر بەتایبەتی ساڵی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٧ و لەکاتی هەڵگیرسانی شەڕی تایفی نێوان سوننە و شیعە لە عێراق، سوپای مەهدی وەکوو میلیشیا ناوزەد دەکرا بە کوشتن و ڕفاندن و تەقینەوە تاوانبار کرا. بۆیە موقتەدا سەدر لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بەفەرمی کەسێکی داواکراو بوو و فرمانی دەستگیرکردنی هەبوو. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٧ـەوە موقتەدا کۆچی شاری قومی کرد لە ئێران، چونکە فرمانی دەستگیرکردنی هەبوو، بۆ ماوەی ساڵێک بە بیانووی خوێندنی ئیسلامی لە ژینگەی سیاسی عێراق دوورکەوتەوە.
موقتەدا سەدر لەگەڵ لایەنە شیعەکانی تری عێراق نموونەی نووری مالیکی و لایەنگرەکانی ناکۆکی هەیە، ئەم دوو لایەنە هەمیشە دژی یەک بوونە و بەڵام بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ یەک بوونە. بۆیە دوای ئەوەی سەدر لە ئێران گەڕایەوە بۆ عێراق کە بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ بوو، پاش گەڕانەوەی بە فرمانی ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ سوپای مەهدی هەڵوەشێندرایەوە، چونکە لایەنە شیعەکانی تری نموونەی مالیکی کە ئەوکاتە سەروەزیرانی عێراق بوو هەڵمەتێکی سەربازی دژی سوپاکە ڕاگەیاند. موقتەدا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ هێزێکی سەربازی تری دامەزراند بە ناوی "الیوم الموعود" کە تا ساڵی ٢٠١١ و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوانیاندا ڕوویدا.
موقتەدا سەدر دوای ساڵی ٢٠٠٣
دوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پاشان ڕاگەیاندنی سوپای مەهدی موقتەدا وەکوو هێمای بەرخۆدان و دژایەتی داگیرکەر لە عێراق ناسێنرا. سەدر لایەنگری زۆری هەیە، بەتایبەت لە ناوچە شیعەکانی بەغداد و بە دیاریکراوی "ناوچەی سەدر" کە یەکێکە لە ناوچە شیعە نشینەکان و دانیشتووانەکەی بە ملیۆنێک شیعە دەخەمڵێندرێت. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣ "ڕەوتی سەدر"ـی دامەزراند، بە ملیۆنان پەیڕەوی شیعە بوونە لایەنگری ئەو ڕەوتە.
لە هەڵبژاردنەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٥، ڕەوتی سەدر بووە هاوپەیمانی لایەنە شیعەکانی تر و لە کۆی ٢٧٥ کورسی پەرلەمان لەوکاتە ١٢٧ کورسی بەدەستهێنا. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ ڕەوتی سەدر پاڵپشتی نووری مالیکی بوون و بۆ سەروەزیران دوو خولی لەسەریەکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە. لە ساڵی ٢٠١١ دوای ئەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق کشانەوە و ڕەوتی سەدر بووە یەکەمین هێز لە عێراق، جارێکی تر موقتەدا سەدر دەرکەوتەوە و پێگەی خۆی زیاتر سەپاند.
پەیوەندیی سەدر لەگەڵ ئێران ناکۆکی تێکەوت، هەروەها بانگەشەی لایەنە سیاسییەکانی کرد کە دژی مالیکی بووەستنەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ لەسەر داوای موقتەدا خۆپیشاندانی ملیۆنی لە "گۆڕەپانی تەحریر" لە بەغداد ڕاگەیەندرا، دژی گەندەڵی و شکستی حکوومەت لایەنگرە شیعەکانی سەدر ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر. لە هەڵبژاردنەکانی ١٢ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ سەدر لە هەڵبژاردنەکاندا بەرزترین ڕێژەی دەنگدانی بەدەستهێنا بە ٥٢ کورسی چوونە پەرلەمانەوە و بوونە گەورەترین لایەن لە پەرلەمان. موقتەدا لەو کاتەوە وەکوو "پیاوی ژمارە یەک" لەلایەن لایەنگرانییەوە لە عێراق ناوزەد دەکرێت. هەر لەو هەڵبژاردنەوە ئەندامەکانی ئەو ڕەوتە پلە و پۆستی بەرزی حکوومەت و وزارەتەکان وەردەگرن.
موقتەدا سەدر خودی خۆی لە ئێستادا هیچ پلە و پۆستێکی فەرمی لە نێو حکوومەتی عێراقی نییە، تەنیا پێگەی ئایینی هەیە و سەرۆکی ڕەوتی سەدرە، لە هەمان کاتدا سەرۆکی فراکسیۆنی سائیرونە کە بوونە پێشەنگی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ و لە کۆی ٣٢٩ کورسی ٧٣ کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ لایەنگرەکانی سەدر لەسەر داوای موقتەدا هێرشیان کردە سەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و چوونە ناوچەی سەوز و خۆپیشاندانیان دژی دیاریکردنی (محەمەد شیاع سوودانی) کرد، کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەڵبژێردرا بوو دەیانویست وەکوو سەروەزیرانی نوێی عێراق هەڵیبژێرن، بەڵام سەدرییەکان هەڵبژاردنی ئەم کەسایەتییەیان لەلا پەسەند نەبوو و ڕەتیان کردەوە.
لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ دوای ئەوەی لایەنگرانی سەدر هێرشیان کردە سەر کۆشکی کۆماری و ناوچەی سەوز و ئەنجوومەنی نوێنەران، ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ لایەنە شیعەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕوویدا نموونەی گرووپی عەسائیب ئەهل ئەلحەق کە قەیس خەزعەلی سەرکردایەتی دەکات. دەرەنجامی ئەم ڕووداوانە موقتەدا سەدر لە بەرەبەیانی ٢٩ـی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە بواری سیاسی وڵات ڕاگەیاند.
پێکهێنانی هێزی سەربازی
سوپای مەهدی
سوپای مەهدی (بە عەرەبی: جیش المهدي) لە ساڵی ٢٠٠٣ بە مەبەستی دژایەتیکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە فرمانی موقتەدا سەدر دامەزرا. چەندان ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوانیاندان ڕوویدا، لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەم سوپایە هەر لەسەر داوای موقتەدا هەڵوەشێندرایەوە.
ئەلیوم ئەلمەوعوود
ئەلیوم ئەلمەوعوود (بە عەرەبی: الیوم الموعود) لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١١ موقتەدا دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپای مەهدی بە نهێنی هێزێکی سەربازی تری دامەزراند بە ناوی "الیوم الموعود"، کە تا ساڵی ٢٠١١ و دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوانیاندا ڕوویدا.
سەرایا سەلام
سەرایا سەلام (بە عەرەبی: سرایا السلام) لە ساڵی ٢٠١٤ دوای داگیرکارییەکانی داعش بۆ عێراق و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە سوننە نشینەکان و شاری مووسڵ، لەسەر فەرمانی موقتەدا سەدر هێزێکی سەربازی لە یازدەی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ پێکهێنرا، ئامانج و بیانووی موقتەدا بۆ پێکهێنانی ئەم هێزە سەربازییە بریتی بوو لە پارێزگاریکردن لە شوێنە ئایینی و ناوچە جیاجیاکانی عێراق.
کڵاو شینەکان
کڵاو شینەکان (بە عەرەبی: القبعات الزرقاء) لە ساڵی ٢٠١٩ لەکاتی هەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکانی عێراق و لەکارلابردنی عادل عەبدولمەهدی، لەسەر داوای موقتەدا هێزێک بە بیانووی پارێزگاری کردن نێردرایە نێو خۆپیشاندەران بە "کڵاو شینەکان" ناسران، هەر ئەو هێزەش هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکان و بە توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران تۆمەتبار کران.